ئەوانەی وا لە کۆمەڵگای خۆیاندا دەگمەنن بە تایبەت لە کۆمەڵگەی کوردی کە بە دەیان دەردوگرفتی فیکری وفەرهەنگیەوە دەردەدارەو دەناڵێنێ،رەنگە وەکوو مێژوو هەر بەدەگمەنی بمێنەوە بەڵام ئەوەی کە جێگەی داخە هەتا لە ژیاندا ماون لە ململانێی هەر رۆژەی مەرگێکی خامۆشدا ژیان دەبنە سەر. بێ ئەوەی ژیان و حاڵی نالەباری ئەوان جاروبار مووچڕکێک بە گیانماندا بهێنێ کە هەر ئەم دەگمەن مرۆڤانە داژدارو بارهێنەری فەرهەنگ وهونەری نەتەوەکەمانن. چیرۆکی بێ ئەمەگی و لاخرانی هونەرمەندانی کورد لە لایەن کاربەدەستان و کۆمەڵگاوە شتێکی تازە نیە و بەرۆکی زۆر کەسایەتی و هونەرمەندی کوردی لە رۆژهەڵات گرتووتەوە، ئەگەر ئەمرۆکە ئاوازو موزیکی “حەسەن زیرک” بووەتە سەرچاوەی بەشێکی زۆر لە گورانی کوردی و بە خاوەن شکۆی ئاوازی رەسەنی کوردی یادی لێدەکرێ و عاشقانی ئەو دەنگە سیحراوییە وەکوو کەلەپوورێکی هونەری رێزی لێدەگرن و بەرانبەر بە دنیای دەرەوەش پێشانی دەدەن. وەک دەزانین حەسەن زیرەکی دەگمەن و ناوداری ئێستا، نموونەی وەلاخراوترین و کڵۆڵترین هونەرمەندی سەردەمی خۆی بوو.
یەکێکتر لەو دەنگە دەگمەن و چریکەی رچەشکێنەری کورد کە ئێستا لە ژووری خەمۆکی و بێ دەرەتانی لە گۆندی “حسێن ئاوای” شاری سنە و لە تەنیایی شەوی ژینا رووبەرووی مەرگێکی بەردەوامە، خانمی گۆرانیبێژ و داهێنەری کورد “فەتانەی وەلیدی”یە.
فەتانەی وەلیدی لە مانگی گوڵانی ١٣٣٦هەتاوی (١٩٥٧ی زاینی) لەشاری سنە لە دایک دەبێ و بە هۆی هونەرمەندبوونی باوکی “شەریف وەلیدی” هۆگری گورانی و مۆزیکی کوردی دەبێ، فەتانە لە یەکەم ژنانی بواری گۆرانی و هونەری موسیقای کوردییە کە هەر لە تەمەنی مناڵییەوە واتە ٦ یا٧ ساڵان بە پاڵنەری “حەسەن کامکار” لە رادیۆی سنە گۆرانی دەچڕێ و هەر ئەمە نێشان لە بەهەرەمەند بوونی ئەو خاتوونەیە کە هەر زوو دەنگی بۆ ژەنیاران و موزیسیەنە بەناو بانگەکان وەکوو حەسەن کامکارو، گریشا میکائیلزادەو موجتەبا میرزادە و… هتد. سەرنجڕاکێش دەبێ. ئەوەی کە ئێستا لەوە خانمە دەنگ خۆشە وەکوو ئاواز و گورانی بەجێماوە بەشێکی ئێگجار کەمە لە سەرجەم ئەو گورانیانەی کە تۆماری کردوە، بەڵام بەداخەوە بڵاو نەکراوەتەوە نزیک ٥٦ گورانی لە رادیۆ سنە و کرماشان تۆمارکردوە کە هەر ئەلبوومێکی لەبەردەست دایە. سۆزێکی ژنانە و هەستێکی هونەرمەندانە لە سەرجەم گۆرانییەکانی فەتانە شەپۆل دەدا و بەچەشنی خرێنگەی کانیاوێکی بەهاری دەڕژێتە ناخی دەشتی ئەوینداران و دەوەنی دەروونی گوێگرانی بە ئەفسوونێکی سەیر فێنک دەکاتەوە. رەنگە گیرۆدەبوونی ئەو خانمە رچەشکێنە بە ئەڤینێکی تراژیک بۆتە هۆی دەنگدانەوەی چریکەیەکی ئاسمانی لە گەرووی ژنە کوردێکی کڵۆڵ و دیلی دەیان گرفت و لەمپەڕی کۆمەڵایەتی. ئەگەرچی ئەم خانمە هونەرمەندە هاوتەمەن و هاوماڵی گۆرانیبێژانێکی وەکوو “عەباسی کەمەندی و ناسری رەزازی و هوشەنگ شگرف و بیژەن کامکارە، بەڵام زۆر ناخەیەنی کە چرای گۆرانی گوتنی ئەم ژنە روولەکزی دەکا و لە سووچی تەنیاییەکی تاڵ و تاقەتپرووکێن، بە دەم بیروەرییەکانییەوە ژیانێکی پڕاوپڕ لە بێ کەسی و نامۆی دەباتە سەر. هەرچەند ژیان تاڵی هونەرمەندانی کورد بە تایبەتی لە رۆژهەڵات و بەتایبەتیتر لەدوای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی دەردێکی هاوبەشە، بەڵام بەشی ژنانی هونەرحەز”” هەر لەسەرەتاوە تا ئێستا بەشێکی زیاترو دۆخێکی نالەبارترە، ئەویش دەگەرێتەوە بۆ کێشەی ژن بوون، لە کۆمەڵگەیەک کە نۆرمی ئایین ونەریت زاڵترە و دەسەڵاتی باڵای هەیە. هەر بۆیە “فەتانە” لە بەراورد لەگەڵ پیاوانی هاوتەمەنی زوو پەرواێزدەخرێ و تا سنووری لەبیرچوونەوەش دەچێ. ئەگەر چارەنووسی ئەم ژنە هونەرمەندە ئەوەند پڕ گێروکێشە نەدەبوو ئەگەر لە کۆمەڵگەیەکی کراوەتر ژیابا رەنگە ئێستا باخی ئاواز و گۆرانی پر بەرهەمترو خۆیشی ناسراوترو خۆش بژیوتر دەبوو، بەڵام چەندین و چەندساڵە ئەوەی وەکوو دەنگۆ لە بارەی فەتانەوە دەبیسین شێت بوونی سەرشەقامەکانە هەتا هەڵکووڕمان لە دیوێکی تاکەکەسی. جێی داخە کە بێ بێجگە چەند دیمانەی رۆژنامەوانی و چەند گرتە ڤیدیویی ئەویش لەکاتی زەویری و زەلیلی جەستەیی و نەخۆشی فەرامۆشی ئێستاشی لەگەڵ بێ ئاوڕێکی جیدی لە بەرهەم و ژیانی هونەری ئەم ژنە پێشقەراوڵەی گۆرانی کوردی نەدراوە. وەک ئاگادارین لەم دواییانە ئەمەگناسی بنەماڵەی کامکارەکان بە نیسبەت ئەم خاتوونە دەنگ سیحراوییە، سەردان و دیدارێکی لێکەوتەوەو بیژەن کامکارو سەبا کامکار لەگەڵ گەورە موزیسینی ئیرانی “حسەین عەلیزادە” بوون بە مێوانی دیوی تەنیا و تەریک کەوتووی “فەتانە وەلیدی”. دیسانەکەی بۆ ماوەیەکی کورتخایەن وێنەی فەتانە و زڵەی فرمیسکی روومەتی حەسرەتباری بەشێکی زۆر لە رۆژنامەکان و میدیاکانی ڕازاندەوە، بەڵام بەسەرکردن و بەها دان بە “فەتانە” لە کاتێک کە تووشی دەردێکی بێ دەرمان و حاڵێکی ناسازو جەستەیەکی ناساغە و لە ئاویلکەدانێکی بەردەوام بەرەو پیری مەرگ دەچێ نەک بڵێم کارێکی باش نیە، بەڵام بێ کەڵکە، دەبا زۆر پێشتر خەڵک و کاربەدەستانی پێوەندیدار بە بواری فەرهەنگ وهونەر! هەروەها رۆژنامەنووسان و هەڵسوورانی بواری فەرهەنگی فریای فەوتانی فەتانە بکەوتان. سەدحەیف و خەسار کە چیتر “بولبولە خەمگین و دڵشکاوەی بناری ئاویەر چاوەڕوانی هیج فریاکەوتن و بەهانا چوونێک نیە.
چڕینی هونەرمەندانەی گۆرانییەکان و کەڵک وەرگرتن لە فۆلکۆری کوردی و نزیک بوونی تێکستی گۆرانییەکانی بە بەسەرهاتوو ویستەکانی، تایبەتمەندی گۆرانییەکانی “فەتانە وەلید”ییە کە خاوەن شێوازو ستایلی تایبەت بە خۆیەوە. بەدەر لە هەرچەشنە لاساییکردنەوەیەک. هەروەها لەیەکەم گۆرانیبێژانی کوردە کە شێوە گۆرانی خوێندنی دووقۆڵی بە هاودەنگی هونەرمەند “ساڵح پیرزەهیری” گۆرانی”بههار فهسڵێكی خۆشه، دوور لهیاری چاوجوانم و كهومل كهومل”ی چڕیوە.
لاوەندنەوەی دڵێکی شەیدا لە گۆرانی “لای لای دڵم لای لە باخی سینە” و “ئەی دڵی غەمینی من بۆچ بێقەراری”، دڵی گۆرانییەکانی “فەتانە”ی تاقانەن و لە ئینجانی ئاوازی رەسەن “هەی گوڵ ئامان گۆڵ”کەی چەپکەگوڵێکی جوان و گەشاوەیە و”شیرین تەشی دەریسێ” وەکوو “گوڵی ناوباخان” نواندنی ناسک و خەیاڵاویی”ڕازی شەیداییە” گەرچی ئەم خانمە هونەرمەندە بەم چەن گۆرانییەوە ناسراوە جێ پەنجە و رچەشکێنی لە بواری هاتنە مەیدانی ژنان کورد لە بواری موسیقا دەبێ زیاترو باشتر سەرنجی پێ بدرێ. هەرچەند ژنانی دیکەش ئەم ئەزموونە ئاستەمەیان تاقی کردۆتەوە کەسانێک وەکوو “شەهین تاڵەبانی، سدیقەی مەحەمەدنیژاد”. بەڵام ئەوانیش لەو سەردەمە بەهۆی نەریتی کۆمەڵگەوئاستەنگەکان واز لە گۆرانی گوتن دێنن. هەتا دوای پچڕانێکی چەندین ساڵە “مەرزیە”ی فەریقی لە دەرەوەی رۆژهەڵات وەک ژنە گۆرانی بێژێکی رۆژهەڵاتی دێتە مەیدان و رێگەی هونەری کەسانێک وەکوو “فەتانە” درێژە دەدا. بەڵام لە رۆژهەڵاتی کورستان نەتەنیا بۆ ژنان، بەڵکوو بۆ پیاوانیش بەهۆی زاڵبوونی دەسەڵاتی دوگم و داخراو رووی خۆشیی بە هونەرو کۆمەڵگەی هونەرمەندان تا ئێستا نیشان نەداوە، وەک دەبینین لە ئەمڕۆکەی ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی یەک لەدوای یەک بەرگریی لە بەرێوەچوونی کۆنسیرتی موسیقی دەکرێ بەڵام بۆ سەیری کردنی ئیعدام و شەڵاق لێدان و سزادانی لەم چەشنە. خەڵک هان دەدەن کە بێنە سەرشەقام! ئەمە لەلایەک و لایەکتر نەریت و سوننەتی کۆمەڵگەش رێگرە لەوەی ژنان بتوان لە بواری هونەری بەتایبەت لە بواری گۆرانی و موسیقی بێ کۆسپ و گرفت بەشدار بن. هەر بۆیە بەشێکی زۆر لە لێهاتوویی و توانایەکانی ژنان لەم بوارەشدا، لە ناو دەچێ و گەشە ناکات. هەرچەند سەرەڕای زەخت و زەبری سیاسی و فەرهەنگی بەسەر ژنان لە رۆژهەڵاتی کوردستان رۆژ بەدوای رۆژ ڕادەی بەشداری ژنان و کچان لە ناوەندە فەرهەنگی و هونەرییەکان لە زیادبوون دایە، بەڵام با یەک شت هەمیشە لە بیرمان بێ کە رچەشکێنەکانی هەر بوارێک، دەگمەنەکانی هەر سەردەمێک شیاوی ناسینی ورێزی زیاترن. “فەتانە”ش ئەو دەنگە دەگمەن و ڕچەشکێنەیە کە پێویستە وەک وەفاو ئەمەگناسی بەرەی نوێ و داهاتوو زیاترو باشتر بیناسن. لانیکەم ناسین و رێزگرتن کەمترین کارێکە کە لە دەستمان دێت.
………………..
ژێدەر: ئاژانسی هەواڵنێری کوردپا،،
حەوتەنامەی ئاویەر
لە ژماره ٦٥٩ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه