بە ناوی خودای بەخشندەی مێهرەبان
خەڵکی ئازادییخوازی کوردستان!
هێز و لایەنە تێکۆشەرە سیاسییەکان!
بەداخەوە جارێکی دیکەش ڕژیمی بەناو کۆماری ئیسلامیی ئێران چنگی بە خوێنی ڕۆڵەکان گەلەکەمان سوور کرد و دەیان کەسی لێ شەهید و بریندار کردن.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ١٧ی خەرمانانی ١٣٩٧ (٨-٩-٢٠١٨ ز) ڕژیمی دژەکوردی تاران بە مووشەك و بۆمباران هێرشی کردە سەر بنکەکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان و حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران لە نزیك کۆیە. لە ئەنجامدا تا ئێستا ١٥ پێشمەرگە و کادر و ئەندامی ڕێبەریی ئەو دوو حیزبە شەهید و دەیانی دیکەشیان بریندار بوون. ئەوە لە کاتێکدا بووە کە هەر ئەم بەیانیە ڕژیم سێ زیندانیی سیاسیی کوردی بە ناوەکانی ڕامین حوسێن پەناهی، زانیار مورادی و لوقمان مورادی لە چاڵە ڕەشەکانی خۆیدا لە دار دا.
ئێمە لە ڕێکخراوی خەبات،ی شۆرشگێڕی کوردستان زۆر بەتوندیی ئەو تاوانە گەورەی تەتەرەکانی تاران مەحکووم و ڕیسوا دەکەین. هەر بەوبۆنەی ئەم کارەساتە دڵتەزێنەوە هاودەردیی خۆمان لەگەڵ دۆستانمان لە حیزبی دێموکڕاتی کوردستان و حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران دەردەبڕین و، سەرەخۆشیی گەرم پێشکەش بە خەڵکی کوردستان و حیزبی دێموکڕات و هاوسەنگەر و بنەماڵەی ئەو قوربانییانە دەکەین و لەم غەم و کۆستەدا خۆمان بە شەریکیان دەزانین و، هیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ بریندارەکان دەخوازین. هەروەها سەرەخۆشیی و هاودەردیی لەگەڵ بنەماڵە و هاوەڵ و کەسوکاری ئەو سێ بەندییە لەداردراوە دەردەبڕین.
دەسەڵاتدارانی تاران، کە سەرتاپایان نوقمی خوێن و غەدر و تاوانی ترسنۆکانەیە، چوار دەیەیە لە ناوخۆ و لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتییدا دەستیان لە هیچ ئاژاوە و زوڵم و ستەمێك نەپاراستووە و، لە هیچ جۆرە جینایەت و تاوانێك نەسڵەمیونەوە. ئەو ڕژیمە تیرۆریست و تیرۆریستپەروەرە لەکاتێکدا سەرتاپای نوقمی قەیران و گرفتی سیاسیی و ئابوورییە و لەگەڵ ناڕەزایەتیی بەردەوامی خەڵکی وەزاڵەهاتوو دەستەویەخەیە و تان و پۆی تەونی سیستمەکەیان ئاڵۆز و تێکهاڵاوە، لەژێر تارمایی تەپوتۆزی گرفتە نێودەوڵەتیی و هەرێمییەکان و بە کەڵکوەرگرتن لە ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، کە هەر بۆخۆی سەرچاوەی سەرەکیی ئەو نائارامیی و ئاژاوانەیە، بەبەرچاوی دنیاوە سنووری دەوڵەتان دەپەڕێنێ و یاسا نێودەوڵەتییەکان دەشکێنێ و دەستی دەچێتە خوێنی خەڵکی بێتاوان و ئازادییخوازانی کوردەوە و تاوان و جینایەت دەخوڵقێنێ.
بە بڕوای ئێمە ئەم هێرشە، وەك زۆر جاری دیکە، پێش هەر شتێك شکاندنی شکۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بنپێنانی عورفی هاوسێیەتییە و مەبەست لێی لەیەکتردڕدۆنگکردنی کوردە، هەربۆیە نەدەبوو و نابێ ڕێگە بدەن ئەو ڕژیمە، کە دژمنی قەستەسەری کوردە، ئەرز و ئاسمانی نیشتمانەکەمان بکاتە مۆڵگە و مەیدانی تیرۆر و تاوان.
بێگومان هێرشی ئەم جارە کۆست و کارەساتێکی گەورەیە و زیانێکی قەرەبوونەکراوە بە بزووتنەوەی مافخوازانەی کوردستان و حیزبی دێموکڕات دەگەیەنێ، بەڵام لەوەش دڵنیاین کە بزووتنەوەکەمان و ڕۆڵە ئازا و ئازادییخوازەکانی گەلەکەمان قوربانیی زۆر لەوە زۆرتر و بەنرختریان پێشکەش بە ئازادیی کردووە و، بە ئیرادەی شۆرشگێڕانە و ئیمان بە حەققانیەتیی ئازادیی و مافەکانی بەسەر کۆست و بەربەست و لەمپەری زۆر لەوە گەورەتردا زاڵ بوون و بە سەری بڵند و ورەی بەرزەوە کاروانی خەباتیان درێژەپێداوە و، دڕندە دڵڕەش و چنگ و قامکبەخوێنەکانی تارانیش لە ڕووڕەشیی و ڕیسوایی زیاتر هیچیان بۆ نەماوەتەوە.
ئێمە وەك زۆر جاری دیکە ڕامانگەیاندووە، پێمان وایە پیلانە تیرۆریستییەکان و سیاسەتی کوشت و کوشتاری ئەم ڕژیمە بۆ تاوێکیش نەك هەر ڕاناوەستن بگرە تا دێن شێوە و میتۆدی ترسناکتر بەخۆوە دەگرن. بۆیە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو بەرنامانە و بەتاڵکردنەوەی ئەو پیلانانە پێویستییان بە وریایی و هاوکاریی و هەماهەنگیی بەکردەوەی هێزە سیاسییەکانی کوردستان هەیە.
جارێکی دیکە سەرەخۆشیی و هاوخەمیی خۆمان بۆ هەموو لایەك دەردەبڕین.
ڕێکخراوی خەبات،ی شۆرشگێڕی کوردستان
کومیتەی ناوەندیی
١٧ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاویی
٨-٩-٢٠١٨ی زاینیی