ڕۆژی ١٧ی خەرمانی ئەمساڵ(٨ی سیپتامبری ٢٠١٨) ڕێژیمی جینایەتکاری کۆماری ئیسلامی لاپەڕەیەکی ڕەشی دیکەی خستە سەر مێژووی پڕ لە تاوان و دڕندەیی خۆی بەرامبەر گەلی کورد. ڕاست لە بەرەبەیانی ئەو شەوەدا کە جەللادەکانی ئەو ڕێژیمە،٣ بەندیی سیاسیی کورد بە ناوەکانی زانیار و لوقمان مرادی و رامین حوسینپەناهییان لە دار دا، سوپای پاسداران بنکەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان و حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانیان لە نزیک شاری کۆیە دایە بەر هێرشی مووشەکی. لە ئاکامی هێرشی مووشەکیی سوپای پاسداران، ١٣ کەس لە ئەندامانی ڕێبەری و کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان و، دوو کەس لە پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران شەهید بوون. نزیکەی ٤٠ کەس لە تێکۆشەران و بنەمالەکانی کوردی ڕۆژهەڵات بە هۆی ئەو هێرشە مووشەکییە، بریندار بوون کە بە داخەوە بارودۆخی ژمارەیەکیان ناجێگیرە.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران تاوانی دڕندانەی ئێعدامی ٣ لاوی ئازادیخوازی کورد، شەهیدان رامین حوسین پەناهی، زانیار و لوقمان مرادی، هەر وەها هێرشی مووشەکی و کۆمەڵکوژانەی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندیی حدک بە توندی مەحکووم دەکا. ئێمە وێڕای هاوخەمیی قووڵمان لە گەڵ بنەماڵە و هاوسەنگەرانی شەهیدەکان، چاکبوونەوەی هەر چی زووتری بریندارەکانی ئەو هێرشە دڕندانەیە بە ئاوات دەخوازین.
تیرۆر، دەستدرێژی و تاوانخوڵقێنیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرامبەر بە گەلی کورد و ڕۆلە ئازادیخوازەکانی نەتەوەکەمان، بەردەوام و لە زیادبوون دا دەبێ، ئەگەر خەڵکی ڕۆژهەلاتی کوردستان و هیزە سیاسییەکانیان بە هەڵوێستێکی شیاو و وڵامێکی ددانشکێن بەرەورووی ئەو ڕێژیمە نەبنەوە. ئێمە لە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە سەرنجدان بەو راستییە، داوا لە خەڵکی خۆڕاگر و بە هەڵوێستی کوردستان دەکەین ڕۆژی دووشەمەی داهاتوو، ٢١ی خەرمانان بە مانگرتنی گشتی، بێزاریی خۆیان لە نوێترین تاوانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران رابگەیەنن. جارێکی دیکە بە نەهاتنەدەر لە ماڵەکانتان ، چۆلکردنی شەقامەکان و داخستنی دوکان وبازاڕ، نمایشێکی پڕ شکۆ لە بێزاربوون و “نا”گوتنی خۆتان بەو ڕێژیمە خوێنڕێژ و دژە کوردە، نیشان بدەنەوە. لە هەموو چالاکێکی ئازادیخوازی کورد لە نێوخۆی کوردستان و دەرەوەی وڵاتیش، داوا و چاوەڕوانیمان ئەوەیە بە هەموو توانای خۆیانەوە پشتی ئەم بانگەوازە بگرن و هەوڵی سەرخستنی بدەن.
ڕسوایی و نەمان بۆ ڕێژیمی تیرۆر و سەرکوت و تاوان، کۆماری ئیسلامیی ئێران،
سەرکەوێ ئیرادەی شۆڕشگێڕانەی گەلی کورد،
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
پێکهاتوو لە:
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران،
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان،
سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران،
حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران،
حیزبی دینوکراتی کوردستان.)
١٨ی خەمانانی ١٣٩٧
٩ی سیپتامبری ٢٠١٨