ئێران بەرەو کوێ دەڕوا و دوا وێستگەی ناکۆکی و ململانێی ئێران و ئەمریکا چی دەبێ؟ کورد لە کوێی هاوکێشەکانی ئێران و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا جێ دەگرێ؟ دەسکەوتەکانی خەباتی مەدەنی چین و بۆ حیزبە سیاسییەکانی کوردستان ستراتیژیی ڕوون و هاوبەشیان بۆ خەباتی مەدەنی لە نێوخۆی وڵات‌دا نییە؟ پێگەی کوردستان لە ئێرانی داهاتوودا چ دەبێ؟
«کوردستان» ئەو بابەتانەی لەگەڵ خالید عەزیزی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان هێناوەتە بەرباس:
بەپێی هەلومەرجی سیاسیی ئێران و قەیرانەکانی بەردەم ئەو ڕێژیمە بە تایبەتی دوای گه‌ڕی نوێی گەمارۆکانی ئه‌مریکا له دژی ئه‌م وڵاته، خوێندنەوەی بەڕێزتان لە ئێستای ئێران و ڕەوشی کوردستان چییە؟
کاتێک باسی ئێران دەکرێ تهبیعهتەن خەڵکی میدیاکار و خەڵکی ئەهلی قەڵەم و نەزەرساز و ئه‌وانه‌ی له نیو خه‌ڵکدا به ڕووناکبیر و سیاسەتمدار ناسراون و، چ ئه‌وانه‌ی حیزبین و چ ئەوانەی لە ئۆپۆزیسیۆن دان؛ هەموویان لێکدانەوەی جۆراوجۆریان بۆی هەیه. بەڵام جیاوازی لێکدانهوەکان لەوە دایە حیزب و لایه‌نه سیاسییه‌کان بە مەبەست دەچنه نێو ئەو گۆڕەپانە و بە مەبەست لێکدانه‌وه ده‌که‌ن و به دوای ئاکامدا ده‌گه‌ڕێن. ئێمە لە حیزبی دێموکرات‌دا هەمیشە هەوڵمان داوە کە چوارچێوەی لێکدانەوەکەمان ئەوە بێ که تەنیا بە ڕواڵەتی مەسئەلەکە قەناعەت نەهێنین. لێکدانه‌وه‌ی بارودۆخی ئێران و کۆمەڵگه‌ی ئێران و کێشەکان لە هەموو بوارەکاندا تا ئێستا ئەو سووڕەتی مەسئەلەکهیە و بە باشی باس کراوە و لێک دراوەتەوە و شتی شاراوەشی تێدا نییە. ئەوەی کە دەڵێم شتی شاراوەی تێدا نییە تەنانەت لە نێوخۆی وڵاتیش خەڵک باسی گیر و گرفتەکانیان دەکەن و هۆکاره‌که‌ی ئه‌وه‌یه که کۆمه‌ڵگه‌ی ئێران گه‌یوه‌ته هه‌ڕه‌تی «لێکترازان و هه‌ڵته‌کانی کۆمه‌ڵایه‌تی».
پرسی ئێران وەک مەسئەلەیەک دەچێ کە موعادهلەیەکی چەند مەجهوولییە. واشینگتۆن له نێو چاره‌سه‌ره‌کاندا به‌دوای حەلی خۆیدا ده‌گه‌ڕێ، دەسەڵاتداران لە تاران به شێوازی خۆیان بەدوای چارەسەری گرفتەکانیانن؛ سروشتییه ئۆپۆزیسیونی ئێرانیش بە دوای حەلێک دایە و لەو نێوەدا کۆمەڵانی خەڵک ماوەنەتەوە لە نێو ئەو هەموو حەل و ئەو هەموو ڕێگاچارەیە. ئەوه‌ی ڕۆژانە زەرەر دەکا، ئەوەی ڕۆژانە لە بێ‌کاری و لە نەبوونی هەلی ژیانی باش و دۆخی لەباری کۆمەڵایەتیدا تووشی زیان دەبێ، هەر خەڵکه.
به له‌به‌رچاوگرتنی ئەم شه‌ڕه‌دندووکه‌ی ئێران و ئه‌مریکا، ئایا پێویست دەکا کورد و بزووتنەوەی کورد خۆی بە کێشەی تاران و واشنگتۆنەوە سەرقاڵ بکا؟
هه‌ر شتێک له پیوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئێران‌دا بێته گۆڕێ چ له به‌ستێنی نێوده‌وڵه‌تی و دیپڵۆماسی‌دا، چ له نێوخۆی ئێران و خه‌بات و تێکۆشانی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک له دژی ئه‌و نیزامه و، چ کێشه نێوخۆییه‌کانی نێو نیزام؛ ئه‌وانه هه‌مووی پێوه‌ندیی به ئێمه‌وه وه‌ک کورد هه‌یه. هۆیه‌که‌شی ئه‌وه‌یه ئێمه‌ی کوردی ئێران تا ئه‌م کاتەش چاره‌سه‌ری کێشه‌ی خۆمان له چوارچێوه‌ی ئێران‌دا ده‌بینین جا ئه‌گه‌ر وایه ئێمه ناتوانین خەمسارد و بێتهفاوت بین، بۆیه دوو ئه‌رکمان ده‌که‌وێته سه‌ر شان. یه‌که‌م ئه‌وه که له نێو خۆماندا، چ له نێوخۆی وڵات و چ له ده‌ره‌وه به دوای ئه‌وه‌دا بڕۆین که ئادره‌سێکی به‌هێز دروست بکه‌ین و ناوی ئادرهسەکەش کوردی ئێران بێ. دووهه‌م ڕێکخستنی خۆمان له نێوخۆی وڵات و له ده‌ره‌وه‌ی وڵات له به‌رامبه‌ر کۆماری ئیسلامی‌دا.
جه‌نابت زۆر جار باسی ئادره‌س ده‌که‌ی. بزووتنه‌وه‌ی سیاسیی کورد به پێشینه‌ی 75 ساڵ خه‌بات بۆ نه‌بووەته ئادره‌س؟
وڵامه‌که‌ی زۆر ئاسانه. ئێستا له دنیادا نیزیک بە دووسه‌د وڵات هه‌یه که به‌شێک له‌وانه دوای شه‌ڕی دووهه‌می جیهانی دروست بوون. بۆیه ده‌ڵێم بوون به وڵات و میلله‌ت به ته‌ئکیده‌وه له‌وێدا ئادره‌س ده‌درێ که ئیراده‌ی ده‌وڵه‌ت دروستکردنت ده‌بێ یا ئیراده‌ی ڕزگاریی خۆت! له وڵاتانی ئه‌مریکای لاتین و له ئافریقا یا له خواره‌وه‌ی ئاسیاش چاویان لێ بکه‌ین. کاتی خۆی نه ده‌یانزانی دێموکراسی چییه و نه ده‌یانزانی فره‌حیزبی چییه و نه ده‌یانزانی ئه‌و چەمکانەی که پیوهندییان به ماف و به‌و شتانه‌وه هه‌یه چ مانایه‌کیان هه‌یه؛ به‌ڵام به هه‌ر هۆیەک بوو توانییان ئه‌دره‌سێک دروست بکه‌ن. جا یا ئه‌فسه‌رێکی نیزامی کودیتای کردووه، یان سەرۆک عه‌شیره‌تێک خه‌ڵکه‌که‌ی کۆکردووه‌ته‌وه، یان ورده ورده که‌سیک بووه به سیمبۆلی نه‌ته‌وایه‌تی و، توانیویه‌تی خه‌ڵک له ده‌وری خۆی بهاڵێنێ. ئێستا له به‌ختی ڕه‌شی ئێمه، نه‌مانتوانی به وتەی ئه‌حمه‌دی خانی که به دوای «شا»یه‌کدا ده‌گه‌ڕا، کورد نه‌یتوانی ئه‌و شایه دروست بکا و هه‌موو که‌س له ده‌وری کۆ ببێتەوە. ئێمه که کاتی خۆی ئه‌وه‌مان بۆ نه‌کراوه، ئێستاش که‌وتووینه‌ته نێو کۆمه‌ڵێک مه‌قوولاتی جۆراوجۆر و ئەو بابەتانەش له ژیانی حیزبایه‌تی و له فره‌حیزبی و له دێموکراسی و له‌و چه‌مکانه‌دا خۆی پێناسه ده‌کا که هه‌موویان باشن بۆ ئیداره‌ی وڵات، به‌ڵام قه‌رار نییه هه‌موو ئه‌وانه له‌جێدا باش و به‌وه‌خت بن بۆ خه‌باتی میلله‌تێک که خه‌ریکی ڕزگارکردنی خۆیه‌تی، میلله‌تێک که له‌و کاته‌دا پتر له هه‌موو شتێک پێویستی به یه‌کڕه‌نگی و یه‌کده‌نگی هه‌یه.
یه‌کێک له کێشه‌کانی ئێمه که بۆخۆمان وه‌ک کورد نه‌ماتوانیوه ببیین به ئادره‌س هۆیه‌که‌ی ئه‌وه‌یه حیزبی زۆرمان هه‌یه و هه‌ر حیزبه و به ڕبه و پێوانه‌ی خۆی چاو له دنیا ده‌کا. ده‌بینی ئه‌م حیزب یان ئه‌و حیزب چاو له سووڕه‌تی مه‌سئه‌له‌که ده‌کا و له نهتیجهگیرییهکهیدا ئه‌گه‌ر حیزبه‌که‌ی خۆی به یه‌که‌م نه‌بینێ، مل نادا و ئاماده نابێ بۆ هیچ سازان و ڕێککەوتنێک. جا به‌داخه‌وه ئه‌وه گرفتێکی گه‌وه‌ره‌ی ئێمه‌یه، به‌ڵام ئێمه به قبووڵکردنی ئه‌و گرفته و واقعیاتهش هه‌ر ناچارین به دوای ڕێگاچاره‌یه‌کدا بڕۆین. ڕێگاچاره‌که‌ش له ڕوانگه‌ی منه‌وه ئه‌وه‌نده‌ی پێوه‌ندیی به نێوخۆی وڵات هه‌یه، «میلله‌تسازی» به مانا سیاسییه‌که‌یه‌تی له کوردستانی ئێران‌دا؛ که به یه‌که‌وه له شته هاوبه‌شه‌کاندا ئه‌وه‌نده یه‌کگرتوو و یه‌کده‌نگ بین که له هه‌موو فرەچەشنییهکانی کوردستانی ئێران کەڵک وەربگرین. هەروەها هەوڵدان بۆ یه‌کگرتوویی له‌نێو حیزبه‌کانی کوردستان که تا ئێستا به‌داخه‌وه جێبه‌جێ نه‌بووه.
کاک خالید یانی جه‌نابت ده‌فه‌رمووی ئه‌م حیزب حیزبێنه و ئه‌وه‌ی ئێتستا به پلۆرالیزم ناو ده‌برێ زیانی به بزووتنه‌وه‌ی کورد گه‌یاندوه؟ یانی ئه‌مه له‌جیاتی ئه‌وه‌ی ده‌رفه‌ت بێ هه‌ڕه‌شه بووه؟
ئه‌من زۆر جار گوتوومە، ئەو بۆچوون و ئەو لێکدانەوەیەی کە دەڵێ ئه‌وه دێموکراسییە و ئازادییە و هەرکەس پێی خۆشە با حیزب دروست بکا و با هه‌موو جۆره حیزبێک هەبێ، ئه‌وه بە شتێکی زۆر خراپ دەزانم. ئه‌من پێموایە له ئێستادا فرەحیزبی ئاکامه‌که‌ی لەگەڵ یەک نەسازان و نەحاوانەوە و تمووحی دەسەڵاتە و له‌سه‌ر ئه‌ساسی زەرووره‌ت و پێداویستییه‌کانی کۆمەڵگه‌ی کوردستانی ئێران نییە؛ جا بۆیە ئەو فرەحیزبییە کە ئێستا ئێمە هەمانە لەسەر بنەمایەکی واقعی دروست نەبووە. هه‌ر بەو دەلیلە ئەوە کێشەکان دروست دەکا و لەو حاڵەتەدا حیزب و ڕێبەرانی حیزب زۆرتر وڵامده‌ری گلەیی و گازەندەی ئەندامانی خۆیانن تا ئەوەی کە پرسه‌کانی کۆمەڵگە چین و کۆمه‌ڵگه به کام ئاقاردا هه‌نگاو ده‌نێ. ئێمە هەموومان کەم و زۆر له‌و بازنه‌یه‌دا گیرمان کردووە، ئه‌گینا ئەو چه‌مکانه‌ی کە ئێستا ئێمە هەموومان ژێستیان پێوه دەگرین، زۆر دێموکراتین، ڕه‌چاوی ماف ده‌که‌ین، لە نێو حیزبەکانی ئێمەدا دێموکراسی هەیە و تەنانەت ئەندامی حیزب لە نێو حیزب و لە دەرەوەی حیزبیش هەرچی پێی خۆش بێ ده‌یڵێ، ئه‌وانه بەڕاستی قەواعیدی بازین له کۆمەڵگەدا، له ئیدارەکردنی وڵات‌دا. بە گوێرەی قانوون تاک و کۆمەڵگە و ئۆرگانەکانی لەیەکتر دەپرسنەوە و بە دوای ڕێگاچارەکاندا دەگەڕێن.
له ڕووداوه‌که‌ی مه‌ریواندا که چوار ژینگەپارێز گیانیان لە دەست دا، بینیمان هەر زوو کۆمەڵگە و شەقام ناوی شەهیدی لەسەر دانان و ئه‌مه دەنگدانەوەی زۆری لە نێوخۆی وڵات و تەنانەت دەرەوەشدا لێ که‌وته‌وه. ته‌نانه‌ت وای لێهات لە نێو حیزبەکەنیشدا بوو بە ڕکەبەرایەتی له‌سه‌ر خۆ به‌خاوه‌نکردنی. ئێمه ئێستا ئەو شێوە خەباتە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا ده‌بینین. خوێندنەوەی ئێوه بۆ ئەوە مەوزوعاتە چییە؟
ئێمە کە پێشمەرگەکانمان لە نێوخۆی وڵات‌دا حزووریان دەبێ و کاتێ بۆ به‌رگری له خۆیان له‌و هێرشانه‌ی ده‌کرێته سه‌ریان شەهید دەبن، کۆمەڵگە زۆری پێ ناخۆش دەبێ و بە شێوازی جۆراوجۆر ئەوەندەی بتوانێ هاودەردی لەگەڵ ئێمە و بنەماڵەکانیان دەکا. چالاکانی مەدەنی و ژینگەش که لە مەریوان شەهید دەبن، کۆمەڵگە هەر بەو ئەرزش و بایەخانه ڕێز لەوان دەگرێ و لە بیریان ناکا و ئەوانیش دەبن بە فەخری ئەو میللەتە. ئەوەش دەرخەری ئەوەیە کە مەیدانی خەبات و تێکۆشانی ئێمە لە دژی کۆماری ئیسلامییه. ئەو قوربانییانەی کە ئیمە دەیدەین لەو خه‌باته‌دا، چ ئەوانەی زیندانین و ئێعدام دەکرێن، ئەوانەی له هەلومەرجێکی ناخۆشدا و له سه‌نگه‌ری خه‌بات له
دژی ئه‌م ڕێژیمەدا ماونه‌ته‌وه، چ پیشمەرگە بێ و، چ ئەندامی حیزب بی له نێوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی وڵات، چ ژینگەپاریز بێ و چالاکی مەدەنی؛ ئێمه هەموومان له یەک کەشتی داین، ئه‌ویش کەشتیی ڕزگارکردنی کورد لە کوردستانی ئیران و بە ئامانج گەیشتن و وه‌دیهێنانی مافه‌کانمانه.
ئه‌من هیوادارم ئەو ڕووداوانە ئەهەمیەتی کار و تێکۆشانی ئەو خەڵکە کە لە نێوخۆی وڵات‌دا کار دەکه‌ن باش جێ بخا و، هیوادارم ئیمە له‌و خه‌باته فره‌ڕه‌هه‌ند و هه‌مه‌لایه‌نه‌یه‌دا ئاڵقه‌ی پێوەندی و لێکحاڵیبوون لەگەڵ یەک ببینینەوە. چ ئه‌وانه‌ی به‌هه‌ر هۆیه‌ک له وڵاتانی ئورووپایی و ئه‌مریکا و به گشتی له ده‌ره‌وه‌ی وڵات‌دا ده‌ژین و باسی ئێران و داهاتووی ئێران و مافەکانی کورد ده‌که‌ن، چ ئه‌وانه‌ی لە نێوخۆی وڵات‌دا هه‌ر ئه‌م ئامانجانه‌یان هه‌یه، چ ئه‌وانه‌ی له ڕیزی حیزبه سیاسییه‌کاندا له شێوەی پێشمەرگانهدا هه‌وڵی بۆ ده‌ده‌ن، ئێمە دەبێ خاڵی هاوبەشی هه‌موو ئەوانە بدۆزینه‌وه و کاریان له‌سه‌ر بکه‌ین. جاروبار بۆخۆم زۆر لەوە ناڕەحەت بووم کە خەڵکانێک هەلومەرجی چالاکانی مەدەنی و ژینگەپارێز و هەڵسووڕاوانی فەرهەنگی و ئەدەبی لە نێوخۆی وڵات‌دا دەرک ناکەن، جاری وایە ئەرکی زۆر گەورەیان بۆ دادەنێن، یا جاری وایە دەرکی شەڕایتی ئەوان ناکەن و بەداخەوە ناو و ناتورەشیان لەسەر داناون. جا ئێمە ده‌بێ هەمووما یەکتر بەو جۆرەی کە هەین قبووڵ بکەین و ئەوەشمان لە بیر نەچێتەوە مەیدانی ئەسڵیی خەبات و تێکۆشانی کوردی ئێران دژی کۆماری ئیسلامییه و، پرسی ئەسڵیی ئێمه نەتەوەسازییه و جێخستنی خۆمانه. چونکی نازانین ئێران چیی لێ دێتەوە لە داهاتوودا و بۆ ئه‌وه‌ی لە سیناریۆ ناڕوونەکاندا نەدۆڕێین، ده‌بێ هه‌موومان پێکه‌وه له‌و مه‌یدانه‌دا به یه‌که‌وه کار بکه‌ین.
کاک خالید کە مەوزووعێکی وەکوو ئەوەی مەریوان ڕوو ده‌دا، یەکڕیزی و یەکگرتوویی خەڵک ڕوون و به‌رچاوه، بە پێچەوانەش پەرش و بڵاویی حیزبەکانه که له‌چاو ده‌دا. خەڵک فێربووە شەقام بکاتە گۆڕەپانی داواکارییەکان و خۆ ئه‌گه‌ر لە هەر بەرپرسێکی حیزبیش بپرسین کەس خەباتی مەدەنی و جموجوڵی نێوخۆی وڵات ڕەت ناکاتەوە. ئەدی بۆ ئه‌مه نەبووه‌تە ستراتێژیی حیزبەکانی کوردستان؟
بەشێک لە خەبات و تێکۆشانی ئێمە حیزبەکان لە ڕاستیدا بەرپەرچدانەوەیه بەرانبەر بە کۆماری ئیسلامی، یا کار له‌سه‌ر ڕووداوێکه کە دێتە پێشێ. خۆ ئەگەر ئەو ستراتیژییەی تۆ باسی ده‌که‌ی ببێته بنه‌مای کاری هاوبه‌شی هه‌موومان و پێناسه‌ی بکه‌ین و بە دوایدا بڕۆین، بۆ ئه‌وه ئێمە دەبێ تەعریفێکی دیکە لە ئێران، داهاتووی ئێران و پرسی کورد بکه‌ین. ئێمە حیزبەکان و ئه‌منیشی لەگەڵ بم وەک ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕەنگە بە ئەندازەی پێویست شەهامەتی ئەوەمان نەبووه به دووی ئه‌وه‌دا بڕۆین. جاروبار ئه‌من هەست دەکەم هەموومان نیگەرانین لە پێناسەیەکی دیکەی ئێران و داهاتووی ئێران و خەباتی مەدەنی لە نێوخۆی وڵات و ئەوە ڕێگره له‌به‌رده‌م ئەوەی کە تۆ بەرچاوڕوونیت هه‌بێ و بە دوای ستراتیژییەکی کۆنکرێتدا بڕۆی و کاری له‌سه‌ر بکه‌ی.
حیزبەکان ده‌بێ هەمووی یەکگرتوو بن و لەسەر ئەو یەکگرتووییە گرێبه‌ست و کۆنتراکتیان له نێوان خۆیاندا هەبێ و دەبێ هەموو بەڕێوەی بەرن. مادام بەڕێوەیان برد، ئه‌وه ڕوحی ستراتیژی و ئەوەی کە لایەنی جۆراجۆر خۆی تیدا ببیننەوە، بەهێز دەکا؛ بەڵام ئەگەر ئەوە نەبوو هەر حیزبەی له‌هه‌ر چوارچێوه و مه‌یدانێکی کاری هاوبه‌شدا جارێ پێش هه‌موو شتێک له‌وه ده‌گه‌ڕێ بزانێ حیزبی خۆی چەندە ده‌توانێ دیار بێ و، ئه‌گه‌ر ئه‌وه نه‌بوو که‌مته‌رخه‌می ده‌کا له شته هاوبه‌شه‌کاندا. بۆیە دەڵیم ڕەنگە ئەو گلەییە لە حیزبی خۆشمان هەبێ و لە حیزبەکانی دیکەش هەبێ تا ئەو ڕووحه به‌هێز نەکەین، لە ڕاستیدا نە ئەو ئادرەسە بەقووەتە دروست دەبێ و نە پرۆسەی میللەتسازی بە مانا سیاسییەکەی پێ دەگرێ.
کاک خالید پێناسەی نوێ لە ئێران یانی چی؟ مه‌به‌ستت چییه که ده‌فه‌رمووی پێناسەیەکی دیکە لە خەباتی کورد؟ ئایا کورد لەو شێوە خەبات و سیاسەته‌ی ئێستایدا هەڵەی کردووە؟
له ڕواڵه‌تدا ئێمه هه‌موو ئێران و نیزامی سیاسیی زاڵ به‌سه‌ر ئه‌و وڵاته‌دا ده‌ناسین، ئێرانێک بە هەشتا میلیۆن حه‌شیمه‌ت و جۆره‌ها ئایین و ئایینزا و پێکهاته‌ی ڕه‌نگاوڕه‌نگ و، نیزامێکی سیاسی که لە ناوچەکەدا بۆ ڕزگارکردنی خۆی بە داوای کێشە دروستکردن بۆ خەڵکی دیکەدا ده‌گه‌ڕێ و داهات و سامانی خەڵکی ئیران بۆ ئه‌و مه‌به‌ستانه خه‌رج ده‌کا و خەڵکی ئێران برسی ڕادەگرێ. لە تەنیشت ئەوەشدا جموجۆڵی مەدەنی و چالاکیی مەدەنی و خەباتی مەدەنی هه‌یه و تەنانەت جاری وایە ناڕەزایەتی لە دۆخی ئابووری دەبێتە دروشمی سیاسی بە دژی نیزام و دهیباتە ژێر پرسیاریش. به‌ڵام خوێندنەوە نوێیەکە ئه‌وه‌یه که ئه‌و نیزامه سیاسییه ٤٠ ساڵە بەو سیاسەتانهی هەر لە جێگای خۆیەتی. ئایا خوێندنەوەی ئێمە هەر ئەوە خوێندنەوەیەیە کە ٤٠ ساڵ پێش ئێستا کردوومانە؟ ئایا پێویستیی به گۆڕان و پێداچوونه‌وه نییه؟ بۆیە دەڵیم خوێندنەوەی نوێ، چونکی لە بۆچوون و لێکدانەوەی زۆربەی زۆری حیزبەکانی ئۆپۆزیسیونی ئێران ئەو خوێندنەوە نوێیەی نییە، چۆنکی هیچ شتێک لەوە خراپتر نییە حیزبێکی سیاسی، سیاسەت لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵک جودا بکاته‌وه. بەشێکی بۆچوونی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی ئەو دروشمانە بووە کە٤٠ ساڵە لە دژی کۆماری ئیسلامی دەیدا. له حاڵێکدا به‌شێک له‌وان له زۆر له واقعییه‌ته‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی خۆیان دوور بوون و لە تەواوی ئەو دەرفەتانەی کە هاتوونەته گۆڕێ، نەیانتوانی پردێکی بەهێز لە نێوان خۆیان و کۆمەڵگەدا دروست بکه‌ن. بۆیەشه سەرەڕای ئەوەی لە شەش_حەوت مانگی ڕابردوودا ئەو هەمووە مانگرتن و خۆپیشاندانە دێتە گۆڕی و ئێستاش ڕێگەوشوێنی دیار نییە، ئێستاش ئەو خەڵکە دەڵێن جمهووری ئیسلامی دەبێ بڕوا، بەڵام نازانن بڵێن که کێ بێ لە جیگای دابنیشێ؟ جا ئه‌من بەشێکی خوێندنەوەی تازە لەوەدا دەبینم که کۆمەڵگەی ئێران لە گۆڕانی به‌رده‌وام دایە، شعووری سیاسی دەچێتە سەرێ و وڵاتێکی خوێندەوارە و ئەوەندەی لە ئێران دەرچووی زانکۆ هەیە و بێکارن، لە هیچ جێگایەکی دنیا نییە، بۆیە هیوادارم هەموو حیزبەکان هەست بەوە بکەین کە کۆمەڵگە لە حاڵی پێشکەوتن و گۆڕان دایە. لەولاش گوتاری بەشێک لەو حیزبانە ئێستاش زۆر کۆنە، هەست دەکەم لەو کۆمەڵگەیە دوورن ئەوەیە دەڵێم، دەبێ خوێندنەوەیەکی نوێ بکرێ.
لە مانگی بەفرانباری ساڵی ٩٦ وە ڕۆژ نییە لە ئێران خۆپیشاندان و مانگرتن نەبێ، بەڵام وەک دەبینین شیوەی ناڕەزایەتییەکان لە کوردستان جیاوازتر و سیاسییانەترە. ئەوە لە چییەوە سەرچاوە دەگرێ؟
ئه‌وه‌ی که کوردستان وه‌ک بەشەکانی دیکەی ئێران نییه، ئەوە هۆکارێکی تایبەتی و پاشخانی خەباتێکی دەیان ساڵەی لە پشتە. ئەوەی کە سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئەم زوڵم و زۆری و بەئهمنییهتیکردنی کوردستان، بەڵام که‌م و زۆر له چه‌ند ساڵی ڕابردوودا خه‌ڵکی کوردستان بە بیانووی جۆراوجۆر ڕژاونه‌ته سه‌ر شه‌قام و به جۆرێک قەیرانیان بۆ دەسەڵات ساز کردوە و نیشانیان داوه که ئێمه وا به ئاسانی له کۆماری ئیسلامی قبووڵ ناکه‌ین؛ ئه‌وه‌یان ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر فاکته‌ری خەباتی نەتەوایەتی و تایبهتمەندیی پرسی کورد لە ئێران. ئه‌گه‌ر ئێمه هەموومان و حیزبەکان بمانەوێ میللهتسازییهکی ده‌قیق لەسەر ئەو بزاوتە بکەین و له‌وه دا هه‌موو یه‌کگرتوو بین، ئەوە باشترین سه‌رمایه‌ی ئێمه‌یه بۆ داهاتوومان له هه‌موو حاڵه‌ته‌کاندا. لەبەر ئەوەی سه‌رمایه‌یه‌کمان هه‌یه میلله‌ت پێی داوین، ته‌بیعه‌تی کوردستان و سروشتی نیشتمانەکەمان پێی داوین، کوردایه‌تی پێی داوین، پێشمه‌رگایه‌تی پێی داوین که ڕیشه‌که‌ی ده‌چێته‌وه کۆماری کوردستان و ڕه‌ئیس جه‌مهووری کوردان پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د. ئێمه له‌و سه‌رمایه گه‌وره‌یه نهمانتوانیوە باش کەڵک وەربگرین.
بۆ نەمانتوانیوە؟
هه‌ر لەبەر کێشه‌ی حیزبی و ململانێ و نه‌بوونی ستراتێژی لە هاوکێشە ناڕوونەکاندا. به‌ڵام دیسان ئێمه ده‌کرێ ئاشته‌واییه‌ک بکه‌ین لەنێوان حیزبه‌کان و کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستاندا. کە دەڵێم ئاشته‌وایی بەو مانایە نییە کە بڵێم کێشه له گۆڕێ‌دا هه‌یه، به‌ڵام حه‌ق وایه ئێمه‌ش ئاوڕێکی دی بده‌ینه‌وه لەوەی کە له کوردستانی ئێران و له ڕوژهه‌ڵاتی کوردستاندا ده‌گوزه‌رێ. خه‌ڵک دێنه مه‌یدان بەڵام به‌شێک له ئێمه به جیدیمان نه‌گرتووە، به‌شێک له حیزبه‌کان گیریان کردووە له هێندێک حەماسهت و نۆستالژی و ڕابردووی حیزبی و خه‌بات و فیداکاریی خۆیان کە دەبێ لەوانە تێپەڕین و بە کار لەسەر ئەم کهمایسییانە بکەین کە لە پروسه‌ی میلله‌تسازیی خۆماندا هەستیان پێ دەکەین.
لایەنە سیاسییەکان نەیانتوانیوە ئەو پێناسە نوێیە بکەن کە ئێوە مەبەستتانە؟ یا نایانهەوێ؟
به بڕوای من هه‌ردووکیان. سیاسه‌ت هه‌موی هه‌وڵه بۆ ده‌سه‌ڵات و هه‌ر حیزبێک که دروست ده‌بێ هه‌وڵ ده‌دا بۆخۆی ده‌سه‌ڵاتی هه‌بێ له کۆمه‌لگەدا و، ته‌نانه‌ت له حیزبیشدا ئه‌وانه‌ی دێن بۆ حیزباته‌تی به‌شی زۆری هه‌وڵ ده‌ده‌ن ده‌سه‌ڵاتیان هه‌بێ. ئه‌وه یاسا و قانوونی گەمەی سیاسه‌ته و حاشای لێ ناکرێ. به بڕوای من بۆچوونێک هه‌یه له نێو حیزبه‌کاندا به‌تایبه‌ت له نێو هێندێک لە خەڵکانی دانیشتووی ئورووپا و دنیای دەرەوە، هه‌ست ده‌که‌م نیگه‌رانن له‌وه‌ی که ئهگهرچالاکی و جمۆجوڵی مه‌ده‌نی، خه‌باتی مه‌ده‌نی و تێکۆشان له نێو خۆی وڵات خۆ ڕێک بخا و خۆی وەگەڕ بخا، کەسایەتیی جۆراوجۆر له کوردستانی ئێران دژی کۆماری ئیسلامی له‌وێ دروست ببن. هێندێک له‌وانه نیگه‌رانن که جێگای بگرنەوە و ئه‌وه‌ش تایبه‌ت به ئێمه‌ی کوردی کوردستانی ئێران نه‌بووه، له زۆربه‌ی ئەو جووڵانه‌وانه‌ی که شه‌ڕی چه‌کدارییان تێدا بووه ئه‌و کێشەیە هه‌بووە. بۆ نموونه له قه‌زییه‌ی فه‌له‌ستیندا. ئەوان هه‌شت، نۆ، ده حیزبی به‌ربڵاویان هه‌بوو و کاتێک لە نێو خۆیاندا کێشە و ململانێ‌یان هەبوو، لەو کاتەدا له ئیسڕاییل، له ناوچە فەلەستینییهکاندا «ئینتیفازه» وەڕێ خرا و، ئەوە منداڵه‌کان و خه‌ڵک بوون له شه‌قامه‌کاندا به‌ردیان به تانکه‌کانی ئیسڕاییل داده‌دا.
ئینتفازه وای کرد و بوو به مه‌سئه‌له‌یه‌ک کە ته‌نانه‌ت له بواری نێوده‌وڵه‌تیشدا ورده ورده هاتە نێو هاوکێشەکە بۆ ئه‌وه‌ی ببێ به پارتنه‌رێک له چاره‌سه‌ری کێشه‌ی فه‌له‌ستین و ئیسڕاییلدا. ئەوە له جووڵانه‌وه‌کانی چه‌کداری ئه‌مریکای لاتینشدا بووه، له نێو ئێمه‌ی کوردیش‌دا بووه له نێو تامیلهکانیشدا و له ئه‌فریقاشدا بووه. بۆیه زور جار کاتێک جموجوڵ و جووڵانهوهیەک و خه‌بات و تێکۆشانێک له نێوخۆی وڵات به‌شێوه‌یەکی دیکه ده‌یهه‌وێ سه‌رهه‌ڵ بدا و که‌سایه‌تی و شه‌خسیه‌ت بۆ خۆی په‌یدا بکا، هیچ سه‌یر نییه لایه‌نێک یا حیزبێک هەست بکا ئیدی ورده‌ورده ئه‌و له بیر ده‌چێته‌وە و وڵامده‌ر نه‌بووه و ئه‌وه جیگای ده‌گیرێته‌وه. ئەمن پێم وایه ئه‌و ئێحساسه هه‌یه و من بو خۆم هه‌ستم پێ کردوه. به تایبه‌ت له دنیای مه‌جازیدا خه‌ڵکم بینیوه له ئورووپا و ئه‌مریکا دانیشتوهوە و قسه‌ی زۆر خه‌راپ به چالاکانی مه‌ده‌نی له‌نێو خۆی وڵات ده‌ڵێ که من ده‌زانم ئه‌و خەڵکە لە نێوخۆ چ ده‌کێشن بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگی کورد به‌رز بکه‌نه‌وه، کۆماری ئیسلامی به چالش بکێشن و له لانیکەمی دەرفەتەکان که‌ڵک وه‌ر بگرن.
کاک خالید کورد کەمی خەبات نەکردووە لە ئێران‌دا. سەرۆککۆماری ئێعدام کراوە، لە شێوەی ئێستادا پتر لە حەوت دەیەیە خەبات دەکا. بەشداریی شۆڕشی 57ی کردووە، دوایە بە هەزاران شەهیدی داوە، لە سەنگەری خەباتدا هەر ماوە. ئەدی بۆ لە ڕوانگەی نێونەتەوەییەوە نەخراوەتە نێو معادلاتەوە؟
یه‌که‌م؛ ئێمه ده‌بێ لە معادلاتی نێوده‌وڵه‌تیدا پێش هەموو شتێک باش لە ئەساسی پێوەندییە نێوده‌وڵه‌تییەکان تێ بگه‌یین. پێوەندیی نێوان دەوڵەتان و لایەنە نێودەوڵەتییەکان له‌سه‌ر عاتیفە و خه‌یاڵ دانه‌مه‌زراوه، بەڵکوو له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییە پێناسە دەکرێ. هه‌م واشینگتۆن و هه‌م چین و هه‌م ڕووسیه و هه‌م ئورووپا کێشه‌یان له‌گه‌ڵ ئێران هەیە و هەرکامەشیان به‌دوای به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیاندا ده‌گه‌ڕێن. ئەوان به‌دوای به‌رژه‌وه‌ندیی ئێمه‌دا ناگه‌ڕێن، به‌ڵام ئێمه به خوێندنه‌وه‌یه‌کی ده‌قیق له‌وه‌دا ده‌توانینن ببین به پارتنێر. ده‌توانین پێیان بڵێین معادلەیەک هه‌یه له ئێران‌دا و ئه‌گه‌ر ئێوە دەتانهوێ پرسێک ببەنە پێشێ، نابێ کورد نادیده بگرن. بەڵام بۆ ئه‌وه‌ی ببین بەو فاکتورە کورد و حیزبه‌کانی کورد دەبێ یه‌کگرتوو بین.
دوویەم، ئه‌وه‌ی لە نێوخۆی وڵات ئه‌و جموجوڵه مه‌ده‌نییه هه‌یه دەبێ کەلک لەویش وەربگرین و بڵێین ئێمه‌ی کورد هه‌م له نێوخۆی وڵات هه‌ین و حزوورمان هه‌یه و هه‌میش له ده‌ره‌وه هه‌ین. جا ته‌بیعه‌ته‌ن ئه‌گه‌ر ئاوا بۆ مه‌سئه‌له‌که بچین ئێمه دێینە نێو گه‌مه‌که. بەڵام جیاواز له‌وه لە ئێستاشدا که ئێران بەرەوڕووی قەیرانێکی قووڵی ئابووری و ناوچه‌یی و ئه‌منیه‌تی بووەتەوە له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا و له‌گه‌ڵ دنیای ده‌ره‌وه، پرسی کورد له ئێران وه‌ک شتێکی جیاواز له تەواوەتیی ئێران‌دا نابیندرێ. ئەوان ئێران وه‌ک یەکەیەکی سیاسی چاو لێ ده‌که‌ن که هه‌موو ئەو جۆراوجۆرییانەی تێدایە و مادام وه‌ک واحیدێکی سیاسیی چاو لێ ده‌که‌ن، هه‌وڵی ئێمه‌ش ده‌بێ ئه‌وه بێ لەگەڵ ئوپوزسیۆنی ئێرانی په‌یوه‌ندیمان خۆش بێ و قه‌ناعه‌تیان پێ بێنین تا له‌سه‌ر ئه‌ساسی ته‌وافوق بیر لە ئێرانی داهاتوو بکەینەوە. بۆخوشمان وه‌ک کورد دەبێ له شوێنه‌کان دیار بین و بڵێین که ئه‌گه‌ر ئێوه هه‌ر به‌رنامه‌یه‌کتان بۆ داهاتووی ئێمە و ئێران هه‌بێ، ناتوانن ئێمەی کورد نادیده بگرن. ڕاستە ئێران ئێستا لە ڕۆژەڤ دایە، به‌ڵام دیسان ده‌ڵێم ئوپۆزیسیون بوون هونه‌ر نییە، بەڵکوو بوون به ئاڵتێرناتیڤ هونه‌ره. ڕه‌نگه کێشه‌ی ئێران و دنیای ده‌ره‌وه و، خه‌بات و تێکۆشانی خه‌ڵک له نێۆخوی وڵات ماوەیەکی زۆری دیکەش بخایەنێ، به‌ڵام مادام ئه‌دره‌سێک نه‌بێ و که‌سێک نه‌بێ جێگه‌ی بگرێته‌وه، ئه‌و بشێوی و به‌ربڵاوییه هەر درێژەی دەبێ.
به‌هه‌ر حاڵ لە ئێستادا زه‌مینه‌ی زۆر هه‌یه بۆ ئێمه‌ی کورد لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات که هه‌مومان بتوانین پرسی خۆمان بێنینه گوڕێ و ببین به فاکتەرێک بۆ ئه‌وه‌ی لە ئەگەری سێناریۆ ناڕونوهکانی داهاتوی ئێران کە ده‌ڕوخێ یا ناڕوخێ، ده‌گوڕێ یا ناگوڕێ، ده‌شێوێ یا ناشێوێ، ئێمه‌ی کوردی ئێران براوه بین و زه‌ره‌ر نەکەین.
کاک خالید سپاس بۆ کات تەرخان کردنت بۆ ئەم وتووێژە
سپاس بۆ جەنابیشت
***
لە ژمارەی ٧٣٣ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)