بە پێی هەواڵێک کە لە شاری مەهابادەوە بە دەستمان گەیشتووە، رۆژی ١٢ی خەرمانانی ٩٧ی هەتاوی حەمەدەمین ئەفشین ، ناسراو بە وەستا حەمەدەمین برای هاوڕێ عوسمان ئەفشین یەکێک لە فەرماندەو پێشمەرگە بەوەجەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بە هۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
وەستا حەمەدەمین بە گوتەی ناسیاوانی کەسێکی نیشتمانپەروەر و دێموکراتدۆست بووەو لە ماوەی ژیانیدا، هەم بە هۆی هەڵسوکەوتی کوردانەی خۆی و هەم بەخاتری ئەوە براکەی پێشمەرگەی دێموکرات بووە ، زۆرجار لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر و ئەشکەنجە دراوە.
شیاوی باسە بنەماڵەی ئەفشین، لە مەهاباد، بنەماڵەیکی ناسراو و کوردپەروەرن و، لە پێناوی گەلەکەیان چەرمەسەریی و ئازاری زووریان چێشتووە.
شیاوی باسە باوکی عوسمان ئەفشین کاک عەبدوڵڵا ئەفشین بەهۆی ئەوەی کە کوڕەکەی چەک هەڵگری خاکی داگیرکراو بوو، هەر بەو تاوانە ماوەی ساڵ و نیوێک لە زیندان خراو، دوای ئازاد بوونیشی بە هۆی دەرزییەک کە لە ئیتلاعات، لێدرابوو ، بەداخەوە بۆ ماوەی ١٥ساڵ کەنفت وپەکەوتووی ناو جێگا بوو، هەتا کۆچیدوایی کرد.
ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، وێڕای ڕیزگرتن لەسەرجەم تێکۆشانی بنەماڵەی ئەفشین ، پرسەو سەرەخۆشی خۆی پێشکەش بەو بنەماڵەو بەتایبەتی هاوڕێ عوسمان ئەفشین دەکا و، خۆی لە خەم و پەژارەیان بە بەشدار دەزانێ.