کۆمەڵێک لە لێقەوماوانی کارەساتی بوومەلەرزەکەی ساڵی ڕابردووی پارێزگای کرماشان بە هۆی پێڕانەگەیشتنی بەرپرسان بەو ناوچانە لە بەردەم پارێزگاریی کرماشان، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بە ڕێوە برد.
لێقەوماوانی ئاوای “بی بیانی” سەر بە شاری سەرپێڵزەهاو بە کۆبوونەوە لە بەردەم پارێزگای کرماشان، لە بەر کەمتەرخەمییەکانی بەرپرسانی ڕژیم بۆ نۆژەنکردنەوەی ماڵەکانیان و بەتایبەت نەبوونی ئاوی خواردنەوە ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕی و، داوایان لە بەرپرسانی پارێزگای کرماشان کردووە، کە کێشە و گرفتەکانیان بە زووترین کات چارەسەر بکەن.
هەروەها داوایان لە پارێزگای کرماشان کردووە، کە لە بەرامبەر خەڵکی کرماشان کەمتەرخەم نەبێت.
زیاتر لە ١٠ مانگ لە کارەساتی بوومەلەرزەی کرماشان تێپەڕ بووە وتا ئێستا بەڵێنەکانی بەرپرسانی ڕژیم لە هیچ ناوچەیەکی بۆمەلەرزە لێدراو، جێبەجێ نەبووە و خەڵکی لێقەوماوی ئەو کارەساتە لە ئەستەمترین بارودۆخی ژیاندا ژیان بە سەر دەبەن و نەبوونی سەرەکیترین پێداویستی ژیان، نەخۆشی، کەم ئاوی، سەرما و گەرما و… دەیان کێشەی دیکە بەردەوام ئازاریان دەدات.
هەروەها لە گەڵ نزیکبوونەوە بە یەکەم مانگی پاییز و کرانەوەی قوتابخانەکان، تا ئێستا بەشێکی زۆر لە قوتابخانەکانی ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان ئاوەدان نەکراونەتەوە و بە وتەی بەرپرسانی ڕژیم، قوتابخانەکان لەم ناوچەیە لە ساڵی داهاتوودا بۆ خوێندن ئامادە نین.