باوکی یەکێکی دیکە لە شەهیدانی سەرفەرازی گەلەکەمان دوای تەمەنێک ژیان بەرووسووری و ورەبەرزییەوە لە گوندی شۆڕشگێڕی ئاڵیکەندی بۆکان ، ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵێک کە لە ناوچەی بۆکانەوە بەدەستمان گەیشتووە، کاک فەتاح حاجیڕەسووڵی ، باوکی شەهید سوڵتان حاجیڕەسووڵی بە هۆی نەخۆشیەوە رۆژی دووشەممە12ی خەرمانانی ٩٧ی هەتاوی کۆچیدوایی کردووە.
شیاوی باسە کاک فەتاح جیا لەوەی باوکی شەهیدێکی حیزبی دێموکراتە، خاوەنی بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر و دێموکراتدۆست بوو کە هەتا دوایین چرکەی ژیانی خەمخۆر و دڵسۆزی تێکۆشەرانی دێموکرات بوو.
کاک فەتاح بە خۆی بنەماڵەیەوە خزمەتکاری کەموێنەی کادرو پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات بوون لە ناوچەی بۆکان و،لە ماوەی تەمەنیدا لە هیچ خزمەتێک بە تێکۆشەرانی دێموکرات دەریغی نەکرد.
هەروەها جێی بیرهێنانەوەی کە شەهید سوڵتان حاجیڕەسووڵی، لە ساڵی ٦٥ی هەتاوی لە ناوچەی ئاڵەشین دەسبەسەر و ، دوای چەند ساڵ ڕاگرتنی لە زیندانی میاندواو، ئێعدام کرا.
راگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای بەرزڕاگرتنی یادی شەهید سوڵتان حاجی ڕەسووڵی، پرسەو سەرەخۆشی خۆی پێشکەش بە سەرجەم کەسوکار و، بنەماڵەی خوالێخۆشبوو کاک فەتاح دەکات و، خۆی لە خەم و پەژارەیان بە بەشدار دەزانێ.