بەپێی گرتە ڤیدیۆیەک کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بۆتەوە، منداڵێکی دەستگێڕ ڕایدەگەیەنێت، یەکێک لە کارمەند و بەڵێندەرانی شارەوانیی ناوچەی سێی تاران، بەبێ هۆ گوێیەکی بڕیوە و ئەمەش بۆتە هۆی تووڕەبوونی خەڵک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
ئەو مێرمنداڵە کەلە سەر و سیمایدا لە ئاوارە ئەفغانییەکان دەچێت و چەند سەرچاوەیەکی دیکەش پشتڕاستیان کردۆتەوە، دەڵێ: “ئەو کارمەندە بە تیغێک کە ڕدێنی پێ دەتاشن گوێیەکمی بڕی.
منداڵەکە کە هەتا ئێستا ناو و ناسنامەی ئاشکرا نەبووە لە درێژەدا دەڵێت: “لە کاتێکدا کە سەرقاڵی کۆکردنەوەی کەلوپەل بووە لەناو زبڵ و زاڵ، لەلایەن یەکێک لە کارمەندانی شارەوانییەوە گوێم بڕدراوە”.
بە گوتەی عەداڵەت ئەمیرزادە، جێگری کۆمەڵایەتیی شارەداریی ناوچە سێی تاران، ئەو منداڵە یەکێک لە قوربانیانی کار و توندوتیژییە، هێشتا نەماندۆزیوەتەوە و دەبێ بە وردی بەدواداچوونی بۆ بکەین و ئەو کەسەی کە ئەو کارەی کردووە، دەبێ ڕووبەڕووی یاسا ببێتەوە”.
بە گوتەی ئیلهام فەخاری، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای تاران، ماوەیەکە شەپۆلێک لە گواستنەوەی منداڵانی ئاوارەی ئەفغانی لە شارە سنوورییەکانی ئەو وڵاتەوە بۆ ناو شاری تاران دەستی پێکردووە و، ئەمەش دەستێکی نهێنیی لە پشتە.
ساڵانێکی زۆرە زیاتر لە دوو ملیۆن ئاوارە و پەنابەری ئەفغانی بەهۆی ناسەقامگیریی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی لە شارە جیاجیاکانی ئێران دەژین، کە لە ژیانێکی ئەستەم و دژواردا دەژین و، لە هەموو مافێک بێبەرین و، بە گوتەی چالاکانی کۆمەڵایەتی و ناوەندەکانی مافی مرۆڤ، لەلایەن دامودەزگاکانی حكوومەتی ئێران و، زۆر جاریش لەلایەن خەڵک و، بەتایبەت خاوەنکارەکانەوە ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە.
ماوەی یەک ساڵە کە دۆخی ئابووری و سیاسیی ئێران ناسەقامگیر بووە، نزیکەی یەک ملیۆن لەو ئاوارە ئەفغانیانە بۆ وڵاتەکەیان گەڕاونەتەوە.