میهدی کەڕۆبی کە دوای هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری ئێران لە ساڵی ٨٨ی هەتاوی نیزیک بە ٨ساڵە بەبێ دادگایی لەماڵەکەی خۆی ڕاگیراوە، بە نووسینی نامەیەکی سەرئاوەڵە بۆ ئەندامانی مەجلیسی “خبرگان” کە ئەرکیان چاودێری بەسەر ڕەفتاری ڕێبەری نیزامە، داوای لێکردوون کە لەجیاتی پێهەڵگوتن و تاریف لە خامنەیی ، لە بارەی سێ دەیە دەسەڵاتداریەتی و سیاسەتەکانی کە خەساری زۆری بە ڕێژیم و خەڵک گەیاندوە لێبپرسنەوە.
کەڕۆبی لە نامەکەیدا روو بە ئەندامانی مەجلیسی”خبرگان” دەڵێ؛ دەبێ ڕێبەری باڵای نیزام بەنیسبەت دۆخی سەرجەم ناوەندە ئەمنی و ئابوورییەکان کە رۆڵی بەرچاویان هەبووە، لە تێکچوون و خراپی هەلومەرجی ژیانی خەڵکی ئێران، ڕوونکردنەوە بداوت و پێداچوونە لە سیاسەتەکانی ڕێژیم بکات.
ناوبرا پێداگریی کردووە کە دەبێ مەجلیسی”خبرگان” بە سەرنجدان بە قەیرانەکانی نیوخۆی وڵات، لە سەید عەلی خامنەیی سەبارەت بە بێسەروبەرەیی دەزگای قەزایی و سیاسەتەکانی کە “رووی شای سپی کردووە” لێپرسینەوە هەبێ.
لە بەشێک لە نامەی مێهدی کەڕۆبی کە رۆژی دووشەممە ١٢ی خەرمانان ماڵپەڕی “سحام نیوز” بڵاوی کردووتەوە ، کەڕۆبی وێڕای باس کردن لەوەی کە مەجلیسی”خبرگان” لە ئامانجەکانی خۆی دوور کەوتووتەوەو هیچ کاریگەرییەکی نەماوە، لەو پێوەندییەدا ڕەخنە لە دەزگای قەزایی گرت، کە بەشیوەی نایاسایی و سەرەرۆیانە سزای ڕەخنەگران و چالاکان دەدا.