رۆژی یەکشەممە ١١ی خەرمانانی٩٧ی هەتاوی لە کۆبوونەوەی فەرمیی مەجلیسی شورای ئیسلامی لەسەر ڕێزدانان بۆ ئاڵای کوردستان، لێپرسینەوە لە محەممەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران کرا.
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی، لە وڵامی پرسیاری دوو نوێنەری مەجلیس، عەلیڕەزا مەحجووب و نادرقازیپوور سەبارەت بە شێوەی بەشداریی کردن لە ڕێوڕەسمی پرسەو سەرەخۆشی مام جەلال تاڵەبانی ،هەبوونی ئاڵای کوردستانی لەو ڕێڕەسمە بە نایاسایی زانی و ڕەتیشی کردەوە کە رێزی دانابێ.
جەواد زەریف لەو بارەوە باسی لە جێگەو پێگەی ئێران لە عێراق کردو ڕایگەیاند؛ بەشداریی کردنی هەیئەتی ئێرانی لە ڕێوڕەسمی کۆچیدوایی مام جەلال تاڵەبانیدا لە بەرزترین ئاستی شوڕای ئەمنیەتی میللی بڕیار درابوو، ئەگەر چی ئاڵای کوردستانیان بە تەرمی مام جەلال پێچاندبوو ، ئەوەش نایاسایی بوو، بەڵام ئامادەبوونمان لە پێناوی بەرژوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیدا بوو.
جەواد زەریف لە قسەکانیدا سەرلەنوێ باسی لە پرسی ڕێفڕاندۆم لە باشووری کوردستان کرد و هێرشی کردە سەر ئەو بابەتەو ئاشکرای کرد کە هۆی ئامادەبوونی لە ڕێوڕەسمی سەرەخۆشی مام جەلال، لە گەڵ هەیئەتێکی پلە بەرز، لە فەرماندەکان سپاسی پاسداران ، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لەو ڕێگایەوە ویستمان نیشانی بدەین کە سەرەڕای ناکۆکی ودژایەتییمان لەگەڵ پرسی ڕێفڕاندۆم، بەڵام پێوەندیی مێژووییمان لە گەڵ خەڵکی عێراق هەر درێژەی هەیە و ئێران پێویستی بە پێوەندیی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە.