ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەیان ئەکاونت و ماڵپەڕی بە 11 زمانی جیاواز بۆ دروستکردنی کاریگەری سیاسی لەسەر بەکاربەرانی ئینتەرنێت دروستکردووە، کۆمپانیاکانی بواری ئینتەرنێتیش لێکۆڵینەوەکانییان دەستپێکردووە و هەوڵی سڕینەوەیان دەدەن.
بە گوێرەی بە دواداچوونێکی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، کۆمپانیای فەیسبووک و کۆمپانیاکانی دیکەی پەیوەند بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، دەیان ئەکاونت و وێباسایتیان دەستنیشانکردووە کە کاریان تەنها کارکردنە لەسەر هاووڵاتیانی وڵاتانی دەرەوەی ئێران، بەجۆرێک کاریگەری سیاسی دروستبکەن لەسەریان.
ماڵپەڕەکان کە دیارترینیان (ئای یو ڤی ئێم) ە، لەلایەن تەلەفزیۆنی ئێران، فارس نیوز و تەلەڤزیۆنی “ئەلمەنار” ئاراستە دەکرێن و گروپەکانی حزبوڵڵاش دەستی باڵایان لە بەڕێوەبردنیان هەیە.
“جای نانکارۆ”، وتەبێژی فەیسبووک، بە رۆیتەرزی راگەیاندووە، فەیسبووک بەردەوامە لە لێکۆڵینەوە و تاکو ئێستاش چەندین پەیج و ئەکاونتی سەر بە ئێرانیان داخستووە.
کۆمپانیای تویتەریش لای خۆیەوە 486 ئەکاونتی سڕیوەتەوە و پێداچوونەوەش بۆ 770 ئەکاونت دەکات کە سەر بە ئێران و میلیشیا شیعەکانن.
ئێران لە رێگای بەرنامەکانی مۆبایل، کەناڵی یوتیوب، ئینستاگرام، خزمەتگوزاری هەواڵی خێرا، کارتۆن و وێنەی گاڵتەجاری ئیسرائیل و سعودییە. دەیەوێ ژیۆپۆلیتیکی کاریگەر بکات و هەژموونی بۆ وڵاتانی دیکە بگوازێتەوە.
رۆیتەرز زانیوویەتی، “ئای یو ڤی ێم”، کە سەرچاوە و کۆکەرەوەی زۆرێک لەو ماڵپەڕ و ئەکاونتانەیە، بە زمانەکانی ئینگلیزی، فەرەنسی، عەرەبی، فارسی، ئوردو، پشتو، رووسی، هیندی، ئازەری، تورکی و سپانیولی کارەکانیان دەکەن