خەڵکی ئەمەگناس و تاساوی رۆژهەڵاتی کوردستان بە بەشداریی کردنی بێوێنەیان لە ڕێوڕەسمی ماتەمینی شەهیدانی ڕێگای سەوزهێشتنەوەی کوردستان، سەلماندیان کە کەسانی خەمخۆر و دڵسۆزی خۆیان فەرامۆش ناکەن.
لە پێوەندیی لەگەڵ بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدانی ژینگەی کوردستان دوای شاری مەهاباد ، چالاکانی مەدەنی و فەرهەنگی شاری دێولان لە پارێزگای سنە یادو ڕێبازی ژینگەپارێزانی شەهیدیان بەرز ڕاگرت.
بە پێی هەواڵێك کە لە شاری “دێولان”ەوە بە دەستمان گەیشتووە، رۆژی سێشەممە ٦ی خەرمانان ڕێکخراوی ئەدەبی و فەرهەنگی ڕچە، دانیشتنی حەوتووانەی خۆی تەرخان کرد بە ڕێوڕەسمێک بۆ یادکردنەوە لە شەهیدانی فیداکار و گەلدۆستی ژینگەپارێزی مەریوانی .
رۆژی سێشەممە بە هاوکاری “ڕێکخراوی ئەدەبی ڕچە، جەماوەری شەیای سەوزی لەیلاخ و ڕێکخراوی نۆژین لقی دێولان”، کۆڕێک بۆ یادکردن و بەرزنرخاندنی چالاکیی مەدەنیی ژینگەپارێزانی مەریوانی بەناوەکانی، شەریف باجوەر، ئومید حوسێن زادە، ڕەحمەت حەکیمی نیا و محەممەد پەژووهی، پێکهات.
لەو کۆڕە ئەدەبی وفەرهەنگییەدا، وێڕای هاوخەمی کردن لەگەڵ خەڵکی کوردستان بەتایبەتی خەڵکی شاری مەریوان، بۆ گیان لەدەستدانی چوار رۆڵەی ئەرک وەخۆگری کورد، پەیمانی وەفادارییان لەگەڵ بیرو ئاواتی شەهیدانی ژینگەپارێز نوێ کردەوە.
لەو کۆڕیادەدا شاعێران و قەڵەمبەدەستانی لەیلاخی شێعر و پەخشانی پێوەندیداریان پێشکەش بە فیداکارانی ژینگەپارێزی کورد کرد.