هەواڵی گیان لە دەستدانی چوار ژینگەپارێزی فیداکاری کورد، لە کاتی دامرکاندنی ئاگری بەربوو لە بێشەو دارستانەکانی ناوچەی مەریوان، خەڵکی کوردستانی بە گشتی تاساند.
لە درێژەی کاردانەوەکان بە نیسبەت ئەو کارەساتە ، خەڵکی بە ئەمەگ و خەمخۆری ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕێگای جۆراوجۆرەوە هاوخەمی و هاوپێوەندیی خۆیانیان لە گەڵ هەڵوێستی جێگەی شانازیی چوار ژینگەپارێزی “مەریوانی”یان دربڕیوە.
لەو پێوەندییەدا بە پێی هەواڵدەریی هاژە ڕۆژی دووشەممه ڕێکهوتی 5ی خەرمانانی 97ی ههتاوی ڕێوڕەسمی پرسە و سەرەخۆشی چوار قەقنهسی ژینگهی کوردستان له مزگهوتی دارولئیحسانی شاری مەهاباد بەڕێوە چوو.
ئەو رێوڕەسمە کە بە ئامادەبوونی بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی شاری مەهاباد ، بەتایبەتی کۆمەڵگەی چالاکانی مەدەنی و ژینگەپارێزانی مەهابادی بەڕێوەچوو، وتەبێژان و بەشداربووانی ئەو ڕێوڕەسمە لە بابەتی جیاجیادا پرسی گرینگی ژینگەپارێزی لە کوردستان و گرفتەکانی سەر رێگای ئەو پرسەیان شی کردەوە و، نوێنەران و وتەبێژانی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی شاری مەهاباد، ڕاو بۆچوونی خۆیانیان باس کردو، هەروەها یادو بیرەوەریی شەهیدانی ژینگەی کوردستان، بەتایبەتی “شەریف باجوەر”یان بەرز ڕاگرت.