هونەرمەندی گورانیبێژی کورد مامۆستا شارام نازری بە هاوکاری گرووپی ناسراوی کامکارەکان، بڕیاریان داوە لە داهاتی کۆنسێڕتی هاوبەشدا، قوتابخانەیەکی ٦ پۆلی لە سەلاسیباوەجانی ساز بکەن.
بەپێی هەواڵی سەرچاوە خۆجێیەکان مامۆستا شارام نازری و بنەماڵەی هونەرمەندی کامکارەکان بۆ خزمەت بە هاونیشتمانیانی لێقەوماوی ناوچەی سەلاسی باوەجانی کە بە هۆی بوومەلەرزەوە خەسار و زیانی زۆریان لێکەوتووە، بە بەڕێوەبردنی کۆنسێڕت و، هەڵمەتێکی خێرخوازانە، قوتابخانەیەک بۆ منداڵانی ناوچەی سەلاسی باوەجانی دەکەنەوە.
شیاوی باسە دوای بوومەلەرزەی پارێزگای کرماشان بەشێکی بەرچاو لە خوێندنگە و قوتابخانەکانی شار و گوندەکانی ئەو پارێزگایە رووخاون و ، ئێستاشی لەگەڵ بێ زۆربەی منداڵانی خەڵکی بوومەلەرزەلێدراو، لە نێوکانێکس و خێوەتەکان ، بە گەرماو بەسەرما ، لە دۆخێکی نالەباردا درێژە بە خوێندن دەدەن.
هەروەها بەشێکی دیکە لە قوتابخانەکانی سەرپێڵزەها و سەلاسی باوەجانی زیانی زۆریان لێکەوتووەو پێویستیان بە نۆژنکردنەوەیە.
جێیوەبیرهێنانەوەی بەهۆی بوومەلەرزەکەی شەوی یەکشەممەی ٢١ی خەزەڵوەری ساڵی ٩٦ هەتاوی لە پارێزگای کرماشان، نیزیک بە ٧٠ قوتابخانە و ٤٠٠ پۆلی وانەگوتنەوە خەساریان لێکەوتووەو، بە گوتەی محەممەد تەقی نەزەرپوور، بەرپرسی نۆژنکردنەوەی قوتابخانەکانی ئێران، بۆ چاک کردنەوەی قوتابخانەکان بڕی ١١٠ تا ١٢٠ میلیارد تمەن پێویستە و تائێستاش ئەو بڕە پارەیە تەرخان نەکراوە.