پێشنیوڕۆی رۆژی سێشەممە ٦ی خەرمانان ، لە کاتی پرسیارکردن لە سەرۆککۆماری ئێران، بەشێک لە نوێنەرانی مەجلیس بە ڕاشکاوی باسیان لە بەرفەراوانی گەندەڵیی ماڵی و هەرەس هێنانی ئابووریی ئێران کرد و لە بەرانبەردا سەرۆککۆماری ئێران، نەیتوانی وڵامدەربێ.
لە ٥ پرسیاری ئاراستە کراو، تەنیا روحانی توانی روونکردنەوە بۆ یەکێک لەو پرسیارانە بدات و، بڕیارە ئەو چوار پرسیارەکەی دیکە ڕەوانەی دەزگای قەزایی بکرێ.
نوێنەرانی مەجلیس بە نیگەرانییەوە باسیان لە دۆخی قەیراناویی ئێران کردو ڕایانگەیاند کە ڕەوشی ئابووریی وڵات بەرەو ئاقارێکی مەترسیدار دەروات، “روحانی”ش گوتی؛ کەم باس لە “قەیران بکەین” حکوومەت توانای نەماوە!
لە درێژەی لێپرسینەوە لە سەرۆککۆماری ئێران، بەشێک لە نوێنەرانی مەجلیس دانیان بە گرفتە گەورە وچارەسەر نەکراوەکان کرد لە دەوڵەتی روحانیدا و، چەند نموونەیەکیان وەکوو داخرانی زیاتر لە ٨٥٠کارخانەو، بەرزبوونەوەی ئاستی بێکاری و، دزی ٩٠میلیارد تمەنی لە پاشخانی دراو و، هەڵایسانی ٦٠ دەرسەدی و دابەزینی لە ڕابەدەری دراوی “ئێرانی”یان خستە بەرباس و، دەوڵەتی روحانییان لەو بارەوە بە تاوانبار زانی.
جێیئاماژەیە گەڵاڵە لێپرسینەوە لە حەسەن روحانی دوای بەرزبوونەوەی رێژەی گرفتە ئابوورییەکان ، رۆژی ٦ی خەرمانان کەوتە بواری جێبەجێ کردنەوەو ٨٢ نوێنەری مەجلیس لەسەر پرسی، دراو، بێکاری، قاچاخی کەلوپەل،سیستەمی بانکی پرسیارەکانیان ئاراستە کرد و، دواتر ٥ پرسیار بۆ وڵامدانەوە هەڵبژێردرا، کە لەو ٥ پرسیارەش ، ٤ بێ وڵام مایەوە و روونکردنەوەکانی روحانی ، نوێنەرانی ڕازی نەکرد.