حەسەن روحانی کاتژمێر ٨ی بەیانی رۆژی٦ی خەرمانانی ٩٧، بە ئامادەبوون لە مەجلیسی شوڕای ئیسلامی، لە وڵامی چەند پرسیاری نوێنەرانی مەجلیس، سەبارەت بە دۆخی ئابووری و دابەزینی نرخی دراوی ئێرانی، روون کردنەوەی دا.
بەڵام لە ٥ پرسیاری نوێنەران تەنیا یەک وڵامیان لێ قەبووڵ کردو ئەو چوار پرسیارەکەی دیکە رەوانەی دەزگای قەزایی دەکرێ.
لە پێنج ساڵی رابردوودا، حەسەن روحانی بەمەبەستی وڵامدانەوە بە پرسیاری نوێنەران ئەمە یەکەمجارە کە سەردانی مەجلیس دەکات و ئاستی گوشارەکانی نێوخۆ و دەرەوەی وڵات، ناچاری کرد کە لەو پێوەندییەدا وڵامدەر بێ.
مەجلیس، لە ٥ پرسیاری نوێنەران لە سەرۆککۆماری ئێران، لە ٤دانەی بە قەناعەت نەگەیشتووەو، پرسیارەکان ڕادەستی دەزگای قەزایی دەکا.
حەسەن روحانی سەرۆککۆماری ئێران، لە وڵامی پرسیارەکان بە ناچار دانی بە کۆمەڵێک گرفتی نێوخۆیی وڵات دانا و، هەوڵی دا کەمتەرخەمیی دەوڵەتەکەی لەو پێوەندییەدا بێبەری بکا.
ناوبراو بە ئاماژەدان بە گرانی و بێکاری و داتەپێوی ئابووری، خوازیاری ئەوە بوو بۆ چارەسەری ئەوگرفتانە کەمتر ڕەخنە لە دەوڵەت بگرن و، یارمەتی بدەن.
حەسەن روحانی بە باس کردن لە “پرسی بەرجام” و لە وڵامی پرسیاری نەبوونی بەرنامەی جێگرەوە لە دوای چوونەوە دەری ئامریکا لەو ڕێککەوتنەدا خاڵێکی گرینگی باس کرد.
روحانی بە وەبیرهێنانەوەی ئەوەی کە لە خۆپێشاندانەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ٩٦، سەرەتا خەڵک بۆ نارەزایەتی دەربڕین لە هەمبەر گرانی هاتنەسەر شەقام بەڵام هەر زوو بۆ شارەکانی دیکە پەرەی سەند و، دروشمی “ساختارشکنانە” گوترایەوە و ئەمەش بیانووی بە دەست ئامریکادا بۆ گۆشاری زیاتر خستن بۆ سەر ئێران و ستارت چوونەوەدەری ئامریکا لە “بەرجام”لێدرا.
حەسەن روحانی لە درێژەی قسەکانیدا بە توڕەییەوە هەبوونی هەرچەشنە قەیرانی لە ئێران و، لە بەردەم کۆماری ئیسلامی ڕەت کردەوە، لە کاتێکدا بە گوتەی خۆدی دەمڕاستەکانی رێژیم، چەندین قەیرانی جۆراوجۆر خەڵکی ئێران و دەوڵەتی تارانی گرتووتەوە، بەتایبەتی دوای کشانەوەی ئامریکا لە “بەرجام” و گەڕاندنەوەی گەمارۆکان بۆ سەر ئێران.
حەسەن روحانی پێکەوە نەسازانی بەرپرسان و وەزیران و کاربەدەستانی، لە هەڕەشەی دەرەکی بۆسەر ئێران بە مەترسیدارتر زانی.