لە پارکی شاری دێولان بە بەشداریی چەندین گرووپی مووسیقی کوردی ، چوارەمین فستیڤاڵی مووسیقی لەیلاخ لە ژێرناوی” یادکردنەوە لە مامۆستا ڕەمەزان کولیایی” لە ڕۆژانی یەکەم و دوویەمی خەرمانی ٩٧ی هەتاوی بەڕێوەچوو.
بە گوتەی بەڕێوەبەرانی فستیڤاڵی مووسیقی لەیلاخ بڕیارە لەساڵی داهاتوو ئەو فستیڤاڵە لە ئاستی بەربڵاوتر و بە شێوەی نێونەتەوەیی بەڕێوەبچێت و، ئەمساڵ لە چاو ساڵانی پێشوو، ڕێژەی بەشداریی گرووپە مووسیقاییەکان و هەروەها پێشوازی خەڵک زیاتر بووەو وەکوو فستیڤاڵی ساڵانە لە بوواری مووسیقی فۆلکلۆریکی کوردی جێگای خۆی کردووتەوە.
یەکێک لە بڕگەکانی فستیڤاڵی مووسیقی لەیلاخ رێزڵینان لە هونەرمەندانی فۆلکلۆربێژە کە ساڵانێک لە پێناوی زیندوو هێشتنەوەی ئاواز و میلوودییە فۆلکلۆریکەکان تەمەنیان داناوە.
هەروەها لە تەنیشت ڕێوڕەسمی چوارەمین فستیڤاڵی مووسیقی لەیلاخ، زیاتر لە ٥٠ خێوەت و ژووری تایبەت بە بەرهەمە دەسچنەکان بۆ ناساندنی لێهاتوویی خەڵکی ئەو ناوچەیە، بۆ ماوەی دوو رۆژ کرایەوە و لە لایەن خەڵکەوە پێشوازی باشی لێکرا.
شیاوی باسە بەڕێوەچوونی فستیڤاڵ و ڕێوڕەسمە هونەری و کەلتوورییەکان لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان کە زیاتر بە هیمەت وماندووبوونی چالاکانی ئەو بووارە بەڕیوەدەچێ، لەسەر ناساندن و گرینگیدان بە فەرهەنگ وکەلتووری نەتەوەیی کاریگەریی بەرچاوی داناوە.
جێیوەبیرهێنانەوەی ناوچە لەیلاخ لەباری ئەدەبی زارەکی و، بەتایبەتی ڕەسەنایەتی ئاواز ومیلوودییە کوردییەکان ناوچەیەکی دەوڵەمەندەو، پێویستی بە خزمەت و گرینگیدانی زیاترە و چەند ساڵێکە چالاکانی ئەدەبی و فەرهەنگی ئەو ناوچەیە خۆڕسکانە ئەرکیان وە ئەستۆ گرتووە.