پێشنیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە ٤ی خەرمانان خەڵکی خرۆشاوی شاری مەریوان تەرمی چوار ژینگە پارێزی خۆنەویست وخۆشەویستیان لە ئامیز گرت و بە دروشمی “ئێوە نامرن” و لە ڕێوڕەسمیکی بەشکۆدا، بە خاکی نیشتمانیان سپارد.
رۆژی ڕابردوو لە ئاکامی تۆپبارانی سەر لەنوێ سپای پاسداران ئاگرێکی بەربڵاو لە جەنگەڵ و دارستانەکانی ناوچەی مەریوان بردراو، وەک هەمیشە تەنیا ژینگەپارێزانی نیشتماندۆست فریای سروشتی وڵات کەوتن و، بەداخەوە چوار لەوان بەناوەکانی شەریف باجوەر، ئومید حسێن زادە، ڕەحمەت حەکیمی نیا و محەممەد پەژووهی، گیانیان لەدەستدا و، هەرئەوەش خەڵکی کوردستان، بە تایبەتی خەڵکی شاری مەریوانی تاساند.
دوابەدوای بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە دڵتەزێنە کە تەنانەت دەنگۆی ئەوە هەیە بە شێوەی گوماناویی گیانیان لەدەستداوە، خەڵکی مەریوان بە بەڕێوەبردنی ڕێپێوانێکی بەربەرین ، هاوکات کە یادی ئەو چوار ژینگە پارێزەیان بەرز نرخاند ، لە دروشمەکانی خۆیاندا سپای پاسدارانیان بە هۆی تۆپباران و خەسارگەیاندن بە ژینگە و سروشتی کوردستان، مەحکووم کرد.
کاتژمێر ١١ پێشنیوەڕۆ بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی کوردستان، چالاکانی مەدەنی ، ژینگەپارێزان، رۆژنامەنووسان و سەرجەم چین وتوێژەکانی کۆمەڵگا ، شاری مەریوانیان کردە گۆڕەپانی کوردایەتی و، لە ڕێوڕەسمی بەڕێکرن و بە خاک سپاردنی چوار ئەندامی ئەنجومەنی سەوزی مەریوان بەشدارییان کرد.
بە پێی گرتە ڤیدیوە بڵاوکراوەکان خەڵکی کوردستان بۆ جارێکی دیکە سەلماندیان کە کەسانی خەمخۆر و گەلدۆست فەراموش ناکەن و، لە ماتەمینی گیان لەدەستدانی ئەو چوار ژینگە پارێزە ، بوون بە بنەماڵەیەکی تازیەبار و، بە ئەمەگناسییەوە رۆڵەکانی خۆیانیان بە ئامێزی خەكێک سپارد، وا سەدان و هەزاران رۆڵەی بوێر و خەمخۆر و، چاونەترس لە پێناوی ئاوەدان هێشتنەوە گیانیان پێشکەش کردوە.
خەڵکی ئامادەبوو لە شاری مەریوان، رێوڕەسمی ناشتن و ماڵاوایی کردن لە شەریفترین رۆڵەکانی نیشتمانیان کردە بیانوویەک بۆ بەڕێوەبردنی خۆپێشاندانێک بەدژی دەسەڵاتی کەمتەرخەم و گەلنەویست و، هەروەها ڕێز گرتن لە تێکۆشەرانی خەڵک ویست و نێشتماندۆست .
ئامادەبووانی ڕێوڕەسمی بەخاک سپاردنی تەرمی چوار ژینگەپارێزی کورد، بە دروشمی نەتەوەیی خۆیانیان بە درێژەدەری شەهیدانی ڕێگەی ئاوەدانی نیشتمان زانی.
شیاوی باسە دوو رۆژ داوی کارەساتی گیان لەدەستدانی ئەو چوار ژینگە پارێزە دەنگدانەوەکان بەو بۆنەوە بەردەوامەو بوتە پرسێکی رۆژەڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان.