خەڵکی تازیەبارو ئەمەگناسی شاری مەریوان ، دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی گیان لەدەستدانی چوارکەس لە ژینگەپارێزانی فیداکار، کە لەکاتی ئاگر دامرکاندن، گیانیان بە سروشتی نیشتمان بەخشی، ڕژانە سەرشەقام و لە ڕێپێوانێکی هێمنانەدا، وەفاداریی خۆیانیان بە لاوانی بەئەمەگی گەلەکەیان سەلماند.
ئەمرۆ شەممە ٣ی خەرمانان چوارکەس لە ئەندامانی چیای سەوزی مەریوان، کە وەک هەمیشە بەهانای دارستان و، جەنگەڵە سووتاوەکانی شارەکەیان ڕویشتبوون، گیانیان لەدەستدا، کە یەکێک لەوان شەریف باجوەر ژینگەپارێزی ناسراوی کوردەو سێ ئەندامێکی دیکە ئەنجومەنی چیای سەوزی مەریوان بەناوەکانی “ئومید کۆنەپۆشی، ڕەحمەت حەکیمینیا و محەممەد پەژووهی” ئەوانیش بوونتە قوربانی ئەو کارەساتە.
دەنگ ورەنگی کۆماری ئیسلامی تەقینەوەی مینی بە هۆکاری گیان لەدەستدانی ئەو چوار ژینگە پارێزە زانی و، باسی لە هەبوونی چەند برینداری دیکەش کرد.
دەگوترێ دوای تۆپبارانی سەرلەنوێ سپای پاسداران کە هەر جارەو بەشێک لە دارستانەکانی ناوچە سنوورییەکان دەسووتێنێ، ئەندامانی چیای سەوزی مەریوان خۆڕسکانەو خۆنەویستانە فریای سروشت و ژینگەی وڵاتەکەیان کەوتوون، کە بەداخەوە چوارکەسیان گیانیان لە دەستداوە.
خەڵکی تاساوی مەریوان بە هاتنەسەرشەقام و بە ڕێپێوان و بەرز کردنەوەی تڕاکت ودروشمگەلی “شەهید نامرێت،” هەتا کوردێک بـمێنێ کوردستانیش ئەمێنێ” یاد وناوی ژینگەپارێزانی گیانبەختکردوویان بەرز ڕاگرت.