چوار ژینگەپاریزی نیشتماندۆست، لە کاتی دامرکاندنی ئاگر لە دارستانەکانی مەریوان گیانیان لە دەستدا.
بە هۆی ئاگرکەوتنەوەی سەر لەنوێ لە دارستانەکانی مەریوان، شەریف باجوەر، ناوێکی ئاشنا بۆ کۆمەڵگەی ژینگەپارێزانی کورد و، کەسێکی خۆشناو لە بواری چالاکیی مەدەنی ، لە کاتی دامرکاندنی ئاگردا، گیانی لە دەستداوە.
بە پێی ڕاپۆڕتی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە بەیانیی ئەمرۆ شەممە ٣ی خەرمانان بە هۆی تۆپبارانی سپای پاسداران دیسان ئاگر لە جەستەی شاخەکانی مەریوان بەردراوەو، “دارستانەکانی سڵەسێ و دارستانەکانی پشت پێڵە” هاوسنوور لەگەڵ پێنجوێن کەتوونەتە بەر شاڵاوی ئاگرو، دیسان چالاکانی خۆنەویستی ژینگەپارێزی کورد، فریای سروشت و ژینگەی وڵات کەوتوون، کە بەداخەوە، دەگوتڕی چوار کەس لە ژینگەدۆستانی مەریوانی گیانیان لە دەست داوەو یەکێک لەوان “شەریف باجوەر”ە، کە هەواڵی گیان لە دەستدانی پشتڕاست کراوەتەوە.
ئەو لاوە نیشتماندۆستە کە چەند ساڵە لە ئەوپەڕی خەمخۆرییەوە خزمەت بە چالاکیی مەدەنی و، ژینگە پارێزی دەکا و لە ئەندامانی هەر تێکۆشەری ئەنجومەنی چیای سەوزی مەریوان بوو.
شەریف باجوەر ساڵی ڕابردووش بە هۆی چەندین چالاکیی ژینگە پارێزی کەوتە ژێر ئازا وئەزیەتی ناوەندە ئەمنییەکان و، تەنانەت ئاگریان لە دۆکانەکەی بەردا.
جێیئاماژەیە لە هەواڵەکانی دیکە شووناسی ئەو سێ ژینگەپارێزی دیکەش بڵاو دەکەینەوە.
ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای هاوخەمی کردن لە گەڵ سەرجەم کۆمەڵگەی ژینگەپارێزان کە بەدەستی بەتاڵەوە سروشتی کوردستانەکەمان دەپارێزن، گیان لەدەستدانی چوار ژینگەپارێزی مەریوانی لە کاتی فیداکاریی کردن بۆ سروشت وژینگەی نیشتمان ، بە خەسارێک دەزانی لە بزاڤی مەدەنیی کورد، لە رۆژهەڵاتی کوردستان و، خۆی لەگەڵ بنەماڵەو سەرجەم کەسوکاریان بە هاوخەم دەزانێ.