شیرکەتی گوگل ڕایگەیاند کە لە تۆڕەکانی یوتووب و گوگل پڵاس بە دەیان پێگەی بەکارهێنانی سەر بە “دەنگو ڕەنگی” کۆماری ئیسلامیی ئێرانی داخستووە.
هەروەها ئەو شیرکەتە ڕایگەیاند کە ئەو پێگانەی کە داخراون بە ناوی ساختەو خوازراوەوە کاری پڕوپاگەندەییان بۆ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کردووەو هەروەها بە دژی وڵاتانی ئیسراییل و ئامریکاو عەڕەبستان بابەتیان بڵاو کردۆتەوە.
پێشتریش هەردووک تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک و تویتێر ڕایانگەیاند پێگەگەلێکی ئێرانیی زۆریان داخستووە .
دوای بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتی شیرکەتی ئەمنییەتیی “فایر ئای” لەسەر پڕۆپاگاندەی لایەنگرانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ، فەیسبووک و تویتێر ڕایانگەیاند، سەدان پەیجی ئێرانی و ڕووسیە، کە کاریگەریان لەسەر هەڵبژاردنی ئامریکادا هەبووە، ڕەش کراونەتەوە.