پەسندکرانی پێدانی ١٨ میلیۆن یۆرۆ لە ٥٠ میلیۆنی یۆرۆی یەکیەتیی ئورووپا، کە بڕیار بوو بە ئێران بدرێ، کاردانەوەی لێکەوتەوە.
حشمەتوڵڵا فەلاحەتپیشە، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوەی مەجلیس، لەو بارەوە رایگەیاند؛ “ئەو یارمەتیدانە، کارێکی ئەرێنییە، ئەگەرچی کەم و لاوازە”
هەروەها وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەهرام قاسمی وێڕای پێشوازی کردن لە یارمەتیی ماڵی ئورووپا بە بڕی ١٨میلیۆن یۆرۆ، لەو پێوەندییەدا گوتی: ئەو یارمەتییە هیچ پێوەندی بە گەمارۆکانی ئامریکاوە نیە”
جێیئاماژەیە رۆژی پێنجشەممە ١ی خەرمانان کۆمیسیۆنی ئورووپا، بڕیاری دا، کە بۆ گەشەی ئابووری ئێران، ١٨میلیۆن یۆرۆ یارمەتی ئەو وڵاتە بدا.
بەڵام بەرپرسانی ئێرانی لەو بارەوە ناڕازین و دەڵێین؛ ئەو بڕە پارەیە قەربووی تێچووی خەساری چوونەوەدەری شیرکەتە ئورووپاییەکان بە هۆی گەمارۆکانی ئامریکا، ناکەتەوەو، ئاستی چاوەڕاونییان لە کۆمیسیۆنی ئورووپا زیاترە و خوازیاری پابەندبوونی وڵاتانی ئورووپایی بە ڕێککەوتنی “بەرجام”ن.
لە لایەک دیکەش برایان هووک، بەپرسی تایبەت بە بەدواداچوونەوە بۆ کاروباری ئێران لە وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا، بە نیگەرانییەوە باسی لەو بڕیارەی ئورووپا کردو، لەو بارەوە ڕەخنەی لە کۆمیسیۆنی ئورووپا گرت.
برایان هووک ڕایگەیاند؛ “یارمەتی ١٨میلیۆن یۆرۆیی بە ئێران، پەیامێکی هەڵەیە ، لە کاتێکی نەگونجاودا”.
بەرپرسی تایبەت بە دۆخی ئێران، لە وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا گوتی: خەڵکی ئێران بە هۆی گەندەڵیی دەوڵەتی،
شپڕیوی لە ئیدارەکردنی وڵات و، تەرخان کردنی سروەت وسامان بۆ کردەوە تیرۆریستتیەکانی دەوڵەتی ئێران، لە دۆخێکی نەشیاودا بەسەر دەبەن و، هەرچەشنە یارمەتیی ئورووپاش دەچیتە گیرفانی بەرپرسانەوە.
شیاوی باسە رۆژێک دوای بڕیاری یەکیەتیی ئورووپا، ١٦ سەناتۆری کۆماریخوازی ئامریکایی لە تۆی نامەیەکدا داوایان لە وەزارەتی خەزێنەداری ئەو وڵاتە کردووە، کە هەموو ڕێگاکان بگرێتە بەر، بۆ گوشاری زیاتر بۆ سەر ئێران و، دەرکردنی لە سیستەمی ماڵیی”سوئیفت”.