رۆژی پێنج‌شه‌ممه 1ی خه‌رمانانی 97ی هه‌تاوی له درێژه‌ی گوشاره‌کان بۆ سه‌ر کۆماری ئیسلامی له لایه‌ن “ده‌وڵه‌تی تڕا‌مپ”وه، 16 سه‌ناتۆر به نووسینی نامه‌یه‌ک بۆ ستیۆن منووچین وه‌زیری خه‌زێنه‌داری ئامریکا، داوایان کردووه، که کۆماری ئیسلامی له سیسته‌می نێونه‌ته‌وه‌یی بانکیی “سوئیفت” ده‌ربکرێ.
ئه‌ونامه که به ده‌ستپێشخه‌ری سه‌ناتۆر”تدکروز” گه‌ڵاڵه کراوه‌و، تێدا هاتووه: بردنه سه‌ری گوشاره‌کان و جێبه‌جێ کردنی پلانه‌کانی دژ به کۆماری ئیسلامی به وردی، بۆ بن‌بڕ کردنی سه‌رچاوه داراییه‌کانی ئه‌و وڵاته و به‌مه‌به‌ستی پێش‌گرتن له ره‌فتاری کاوڵکارانه‌ی ئێران ، له بواری پابه‌ند بوونی ئامریکا به گه‌مارۆکان ، گرینگایه‌تی‌یه‌کی حاشا هه‌ڵنه‌گری هه‌یه.
له ئه‌گه‌ری ده‌رکردنی ئێران له سیسته‌می بانکیی “سوئیفت”، جیا له سه‌پاندنی کوشنده‌ترین گه‌مارۆکان، کۆی پێوندییه بانکی‌یه‌کانی ئه‌و وڵاته له ئاستی جیهاندا داده‌خرێ.
له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ گرینگی ئه‌و داواکارییه، ده‌گوترێ ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هیچ گه‌مارۆیه‌کی دیکه بۆ سه‌ر ئێران نه‌بێ، ده‌رکردنی رێژیمی ئێران له سیسته‌می بانکیی “سوئیفت”، سیسته‌می ماڵیی ئێران ده‌خنکێندرێت.
به پێی ڕاپۆڕتی پێگه‌ی ئاکسیۆن که رۆژی 23ی گه‌لاوێژ بڵاوی کردوته‌وه له زاری به‌رپرسێکی باڵای ئامریکایی ئاشکرای کرد، که بڕیاره ده‌وڵه‌تی تڕا‌مپ تا کۆتایی ئه‌مساڵ ده‌ستی ئێران له سیسته‌می گرینگی “سوئیفت” کۆرت بکاته‌وه.
جێی وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه، ساڵی 2012ش به هۆی گوشاره‌کانی ئامریکا بۆ سه‌ر ئورووپا، له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئێران، سیسته‌می بانکیی “سوئیفت” پێوه‌ندییه‌کانی خۆی له گه‌ڵ ئێران هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌و ئه‌و گوشاره تا ڕێککه‌وتنی” به‌رجام” درێژه‌ی هه‌بوو.
شیاوی باسه “سوئیفت” سیسته‌مێکی بانکی نێونه‌ته‌وه‌ییه و، که بۆ پێوه‌ندییه بانکییه‌کان له نێوان وڵاتانی جیهان دامه‌زراوه‌و، ئه‌گه‌ر ئامریکا ئه‌و گه‌ڵاڵه‌یه په‌سند بکا که ئێران ده‌ربکڕی ، وڵاتانی ئورووپا له‌سه‌ر دووڕیانێک ده‌مێنه‌وه، یان پشت کردن له ئێران! یان ڕاگرتنی سات وسه‌ودا بازرگانییه‌کانیان، له‌گه‌ڵ ئامریکا، که بێگۆمان ئامریکا له‌و باره‌وه بۆ وڵاتانی ئورووپایی گرینگتره.
به گوته‌ی چاودێرانی سیاسی؛ ئه‌گه‌ر گه‌مارۆی پێوه‌ندی‌دار به “سوئیفت” سه‌ر له‌نوێ وه‌گه‌ڕ بخرێته‌وه، ده‌بیته هۆی ئه‌وه که وڵاتانی ئورووپایش گه‌مارۆ بخنه سه‌ر ئێران و، ئه‌مه‌ش یانێ ئیفلیج کردنی ئابووریی کۆماری ئیسلامیی ئێران
جێی‌ئاماژه‌یه، “سوئیفت” به کۆمه‌ڵگه‌ی جیهانیی پێوه‌ندییه بانکییه‌کان ده‌گوترێ که له‌ساڵی 1973زایینی له لایه‌ن 239 بانک له پانزده وڵاتی ئورووپایی و ئامریکای باکوور ، به مه‌به‌ستی هێنانه گۆڕی شێوه‌ی نوێ له پێوه‌ندییه بانکی و ماڵییه‌کان دامه‌زراوه.
له ئێستا‌دا زیاتر له 9700 بانک و ڕێکخراوی مالێ، پێکهاتوو له 209 وڵات له‌وێدا ئه‌ندامن.
ناونده‌ی سه‌ره‌کیی “سوئیفت” له وڵاتی بێلژیک دایه‌و، پێڕه‌وی له سیسته‌می بانکداری ئه‌و وڵاته ده‌کات و، وڵاتانی ئامریکا، بریتانیا و هۆنگ‌کۆنگ وه‌ک ناوه‌ندی پاڵپشتی کردن له ئه‌ندامانی ئه‌و دامه‌زراوه‌یه چالاکن و، له هه‌ر وڵاتێک شوینێکی هه‌یه له ژێر ناوی”SAP”
که به مانای خاڵی ده‌ستڕاگه‌یشتنه به “سوئیفت” و، له لایه‌ن خۆدی ڕێکخراوی”سوئیفت” کۆنتڕۆڵ ده‌کرێ و له ئێرانیش بانکی ناوه‌ندی بۆ ئه‌و کاره ده‌سنیشان کراوه.












