ژن له به‌شێک له ده‌قه فۆلکلۆرییه‌کانی کوردی‌دا
کاتیک بمانهه‌وێ وه‌دوای گێڕانه‌وه‌یه‌ک به‌ر له ده‌قه‌که‌ی مهم و زین بکه‌وین، ئه‌وه جگه له فۆلکلۆر واته به‌یت و چیرۆک و چیرۆکی منداڵان چیی ترمان له ده‌ستدا نییه هه‌تا بۆ پشکنینی جێگه و پێگه‌ی ژن لێکۆڵینه‌وه‌یان له‌سه‌ر بکه‌ین. به‌ڵام هه‌ر ئه‌و ده‌قانه‌ش ده‌توانن له‌مه‌ڕ دۆخی ژنه‌وه زۆر شتمان بۆ روون که‌نه‌وه:
کاتێک چاو له به‌یتی «سه‌یده‌وان» ده‌که‌ین ناوی هیچ کاراکته‌رێکی ژن ناهێندرێ. له‌و به‌یته‌دا جگه له بووکه بێ ناو و نیشانه‌که‌ی «عه‌بدولعه‌زیزی داسنی» که ته‌نیا له خزمه‌ت به ئاکام گه‌یشتنی تڕاژێدیاکه دایه و ده‌سته‌وه‌ستانه و بێ هیچ ده‌نگ و کرده‌وه‌یه‌ک پاش ئه‌نجامی ڕیوایه‌ته‌که، له سه‌ر سێ کوڕان به جلی سووره‌وه ده‌چێته‌وه ماڵی باوانی و ئیتر باسی ده‌بڕێته‌وه. هه‌ر به‌و شێوه‌یه کاتێک چاو له یه‌کێک له جوانترین به‌یته‌کانی کوردی واته «خه‌ج و سیامه‌ند» ده‌که‌ین ڕاست به وێنه‌ی تڕاژێدیی مهم و زین، خه‌ج مافی ئه‌وه‌ی نییه له گه‌ڵ ئه‌وینداره‌که‌یدا ژیانی هاوبه‌ش پێک بێنێ به‌ڵام خه‌ج، خهجێکی ده‌سته‌وه‌ستان و نه‌به‌گه نییه و هه‌وڵ ده‌دا فه‌رمانی کۆمه‌ڵگه‌ی ده‌سته‌ڵاتدار قه‌بووڵ نه‌کا و سه‌ری بۆ دانه‌نوێنێ و به کرده‌وه، دژی خواستی ئه‌وان ده‌بێته‌وه. که‌چی دیسانیش کۆمه‌ڵگای شاراوه‌ی نێو ڕیوایه‌ته‌که ئیزنی ژیانی پێ نادا و به تایبه‌ت پاش کوژرانی «سیامه‌ند» ئیتر نابێ بمێنێ، چون ژیانی ئه‌و بایه‌خێکی نییه و ته‌نیا ئابڕووچوونه‌که‌ی پێ ماوه.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وانه‌ش کاتیک له فۆلکلۆردا چاو له به‌شی ئه‌ده‌بی منداڵان ده‌که‌ین که له‌و وتاره‌دا ناگونجێ، بۆ وێنه هه‌ر له چیرۆکی «میرخوناوهکه»دا که له «گره‌وه‌ی به‌ختی هه‌ڵاله» دا باسی ده‌کرێ، کاراکته‌ری ژن هیچ کرده‌یه‌کی لێ نابیندرێ و ته‌نیا وه‌ک خه‌ڵات پێشکه‌شی میرخوناوکه ده‌کرێ. له باقی چیرۆکه‌کانی منداڵانیشدا کرده‌وه‌ی ژن جگه له ئاستی ئاشقانه و به‌خته‌وه‌ریی بنه‌ماڵه‌یی ناترازێ که ئه‌ویش ته‌نیا به شازاده‌یه‌ک یان پاڵه‌وانێک جێبه‌جێ ده‌بێ و کچه هیچ به‌شێکی له چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانی خۆی نییه و جگه له‌وه‌ش، مێیینه‌کانی دیکه یان له قالبی بوونهوەری ناحه‌ز و جادووگه‌ر و پڕ و پیرێژندا خۆ‌یا ده‌بن یان یه‌خسیری ته‌لیسمی دێ‌و و درنج و جادووگهرانن و چاوه‌ڕوانی شۆڕه‌سوار و عاشقێکی دلێرن. ئیتر ده‌کرێ بگوترێ به ته‌واو مانا ڕەگەزی مێیینه لاواز و به‌رکار و بێ ده‌سه‌ڵاته، ته‌نیا کاتێک ده‌توانێ بژی که پیاوێک کێشه‌که‌ی بۆ چاره‌سه‌ر بکا و جگه له‌وه هه‌ر کاتێک به‌رهه‌ڵستی کۆمه‌ڵگه بێته‌وه ناپارێزرێ و ده‌بێته قوربانی.
ژن له گره‌وی به‌ختی هه‌ڵاڵه‌دا
ئێستا بزانین له گره‌وی به‌ختی هه‌ڵاڵه‌دا قاره‌مانی ژن به شوێن چییه‌وه‌یه و به کوێ ده‌گا؟ ئایا نووسه‌ری ئه‌و ڕۆمانه توانیوێتی ئه‌وه‌نده یارمه‌تیی قاره‌مانه‌که‌ی بکا که له چاو ئه‌و قاره‌مانه ژنانه‌ی باسمان کرد هه‌ندێک پێشکه‌وتووتر بێ و ئاره‌زوویه‌کی دیکه‌ی به‌ده‌ر له به‌خته‌وه‌ریی بنه‌ماڵه‌یی هه‌بێ؟
به ڕسته‌یه‌ک له رۆمانه‌که‌وه ده‌چینه نێو بابه‌ته‌که‌وه:
«باوکی گوتی: ئه‌من کچم ناوێ، کچێک که شه‌و و ڕۆژ له‌به‌ر ئاوێنه خۆی بڕازێنێته‌وه و له نێو په‌نجه‌ره‌دا چاوه‌ڕوان بێت هه‌تیوێک به کۆڵانه‌که‌دا تێپه‌ڕ بێت و چاوی لێ بقرتێنێ…من کوڕم ده‌وێ…هه‌ڵاڵه ده‌یگوت خۆ من کچ نیم، من کوڕم.»
قاره‌مانی ڕۆمانه‌که لێره‌دا به پێی چاوه‌ڕوانییه‌ک که باوکی وه‌ک سێمبولی کۆمه‌ڵگه‌ی پیاوسالار له‌وی هه‌یه، ته‌نانه‌ت حاشا له ڕه‌گه‌زی خۆی ده‌کا و هه‌وڵ ده‌دا به دڵی ڕوانگه‌ی پیاوسالارانه بجووڵێ، وه‌ک ئه‌وان بپۆشێ و کرداریشی له گوێن کرداری ئه‌وان بێ. به‌ڵام هه‌ڵاڵه گه‌وره ده‌بێ و خۆی ده‌بینێته‌وه و باسکێکی یاریده‌ده‌ریش هه‌یه که زیندووی ده‌کاته‌وه. هه‌ڵاڵه تا ساتێک که له‌گه‌ڵ باسکی یاریده‌ده‌ری نێرینه و ئه‌وینداری خۆی واته «برایمۆک» ڕووبه‌ڕوو نه‌بێته‌وه هه‌رگیز بڕوا به کچێنیی خۆی ناکا، به‌ڵام ئه‌وه برایمۆکه، که وه‌بیری دێنێته‌وه و بۆ سه‌رکه‌وتن ڕێی پێ ده‌نوێنێ. هه‌ر ئه‌و جۆره‌ی که به گوته‌ی « ئێریگارای» ژن وه‌ک سووژه، شوێن و پێگه‌یه‌کی چه‌وساوه و زوڵملێکراوه‌ی هه‌یه و ته‌نانه‌ت بۆ ده‌سته‌به‌رکردنی ناسین له هه‌مبه‌ر که‌سایه‌تی خۆشییه‌وه ده‌بێ له‌لایه‌ن پیاوان و زمانی پیاوانه‌وه یاریده‌ی بدرێ.
ژنان له ده‌لاقه‌ی ئه‌ده‌به‌وه زۆربه‌ی جاران به‌و دوو جۆره ده‌رده‌که‌ون:
یه‌کیان: ئه‌و جۆره ڕوخسارانهیه که هه‌ڵگری شکۆن و کاری گه‌وره و به بایخ ڕاده‌په‌ڕێنن، که هه‌ڵبه‌ت ئه‌و کاره گه‌وره‌یه بایی ژیانی ئه‌وانه و خۆیان به هۆی گه‌یشتن به‌و پله‌یه ده‌بنه قوربانی.
جۆری دووهه‌م: خۆیابوونی ڕوخساری ئه‌و ژانانه‌ی وا فیداکارانه وه‌ک قوربانی درێژه به ژیانیان ده‌ده‌ن، که‌چی زیندوون. هه‌ڵبه‌ت ئه‌و جۆره ڕوخسارانه ده‌بێ یه‌کجار به تابشت و داوێن‌پاک و چاکه‌کار بن، ئه‌وجار ده‌توانن له ڕۆمانه‌که‌دا به زیندوویی بمێننه‌وه.
ئه‌و ڕوخساره ژنانانه‌ی وا ته‌مه‌نێکی زیاتریان هه‌یه له ڕۆمانه‌کاندا و به به‌راورد له گه‌ڵ ژنه غه‌درلێکراوه‌کان زیاتر ده‌مێننه‌وه. ته‌نیا ئه‌و ژنانه وا به هیوای به‌خته‌وه‌ری بنه‌ماڵه‌یین و هیچ ڕۆڵێکی کۆمه‌ڵایه‌تییان نییه هیوا و ئاواتیان له ئاستی بنه‌ماڵه ناترازێ. ته‌نانه‌ت ئه‌و ژنانه‌ش وا ناتوانن ئه‌و ئاقاره ئه‌زموون بکه‌ن و به‌ڵام بواری ژیانیان له ڕۆمانه‌که‌دا هه‌یه زۆربه‌ی جاران به ته‌واوی چاره‌ڕه‌ش و به‌دبه‌خت دیار ده‌که‌ون. ئایا ژنان ته‌نیا له پانتایی به‌خته‌وه‌ریی بنه‌ماڵه‌ییدا به ئارامش و شکۆ ده‌گه‌ن؟
له پاش سه‌ده‌ی هه‌ژده‌هه‌مه‌وه ئه‌و چیرۆک و ڕۆمانانه‌ی وا ژنان تێیاندا ڕۆڵی سه‌ره‌کی ده‌گێڕن له زۆربوون دان. له‌و نووسراوانه‌دا دوو خاڵ زۆر به‌رچاوه، یه‌کیان ئه‌وه‌ی که ژنان سه‌ره‌ڕای ده‌ستکورتیی کۆمه‌ڵایه‌تی، له ژیانی راسته‌قینه‌دا، ڕۆڵێکی گرینگ له ئه‌ده‌بیاتدا ده‌گێرن و له‌لایه‌کی دیکه‌شه‌وه له دونیای خه‌یاڵیدا به هه‌ڵکه‌وت تا کۆتایی ده‌قه‌که زیندوو ده‌مێننه‌وه و زۆربه‌ی جاران به مردنێکی ناواده و چاوه‌ڕواننه‌کراو تێدا ده‌چن. هه‌ڵاڵه به‌رهه‌می کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی هه‌ژاره، چ له باری سیاسی و چ له باری هێمنایه‌تی و ئاوهدانیشهوه. سه‌ره‌ڕای ئه‌وانه‌ش که‌ڵکه‌ڵه‌ی سه‌ره‌کیی هه‌ڵاڵه به‌خته‌وه‌ریی بنه‌ماڵه‌یی یان گه‌یشتن به دڵداره‌که‌ی نییه. ئه‌و ژنێکه که له وڵاتێکی پێشکه‌وتوودا ڕۆڵێکی کۆمه‌ڵایه‌تیی هه‌یه و له ڕادیۆ کار ده‌کا و هیوای ئه‌وه‌یه درێژه به خوێندن بدا. جگه له کوردی سوئێدی و ئینگلیسیش به باشی ده‌زانێ و بۆ پێشکه‌وتن هه‌وڵ ده‌دا و زۆر جار «شێرزاد»ی مێردی به‌وه سه‌رکۆنه ده‌کا که ناتوانێ پێشکه‌وتن قه‌بووڵ بکا و ناشتوانێ بگه‌ڕێته‌وه بۆ ڕابردوو. وه‌ک له ڕۆمانه‌که‌دا هاتووه ئه‌و توانیوێتی مافه‌کانی خۆی له کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی ئازاد‌دا بناسێ و ئاماده نییه ئازادی و پێشکه‌وتنی خۆی بگۆڕێته‌وه به به‌خته‌وره‌یی بنه‌ماڵه‌یی. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش ئه‌و له‌گه‌ڵ که‌سێکدا ده‌ژی که بنه‌ماڵه به‌سه‌ریاندا سه‌پاندووه و ئه‌و ته‌نیا بۆ پاراستنی شه‌ڕه‌فی باوکی و خواستی ئه‌و پێمل بووه شووی پێ بکا. شێرزادی مێردی، که‌سێکه که به ته‌واوی به‌رهه‌ڵستی خواست و ئاره‌زووه‌کانی هه‌ڵاڵه ده‌بێته‌وه و هه‌رگیز ئه‌وه‌ی پی قه‌بووڵ ناکرێ و به وته‌ی هه‌ڵاڵه: «ئه‌و ده‌ترسێ له من دوا بکه‌وێ.»
به‌ر له سه‌ده‌کانی 16 و 17 له ئورووپادا، له ئینجیل به‌ده‌ر هیچ کتێبێک شایسته‌ی خوێندنه‌وه نه‌بوو. به‌ڵام پاشان خوێندنه‌وه‌ی کتێب واته فێربوون له ڕێگه‌ی ده‌ورکردنه‌وه‌ی کتێبه‌وه (که ئاره‌زووی هه‌ڵاڵه بوو) له ئورووپاشدا له سنووری مه‌زهه‌ب دوور که‌وته‌وه و پاشان چێژوه‌رگرتن له فێربوون ئیزنی به مرۆڤ دا هه‌ست و خواستی خۆی بنوێنی. به‌ڵام خوێندن و خوێندنه‌وه تا ئه‌و کاته‌ش هه‌ر بۆ ژنان کارێکی ناشیاو بوو و زیاتر وه‌ک ئیشێکی پیاوانه ده‌هاته ئه‌ژمار. چونکه به ڕای پیاوانی ئه‌و سه‌رده‌مه، ژنان به خوێندنه‌وه‌ی کتێب تووشی خه‌یاڵپه‌روه‌ری و خواست و ئاره‌زووی نه‌شیاو ده‌بوون و ئه‌رکی دایکایه‌تییان له بیر دهچۆهوه. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش کتێب خوێندنه‌وه، زه‌ینییه‌تی ژنانه‌ی له یاسا ناجۆره‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی پیاوسالار ئاگادار ده‌کرده‌وه، که‌وابوو له ڕوانگه‌ی پیاوانه‌وه ژنانی خوێنده‌وار، مه‌ترسیدار بوون. به‌ڵام ژنان له سه‌ده‌ی هه‌ژده‌هه‌م به‌ولاوه، به خوێندنه‌وه‌ی به‌رده‌وام گه‌یشتنه ناسینی ناخی خۆیان. خوێندنه‌وه‌ی کتێب ئیده‌ی نوێی به‌وان به‌خشی و کۆبوونه‌وه ئه‌ده‌بییه‌کان، بواری وتووێژی پێ دان بۆ گۆڕینی جیهان و ئه‌وه‌ش نیگه‌رانی و ترسی پیاوانی به دواوه بوو. پیاوان هه‌ستیان به‌وه ده‌کرد که خه‌ریکه هه‌ڕه‌شه له پێگه‌یان ده‌کرێ و هه‌وڵیان ده‌دا ژنانی خوێنده‌وار په‌راوێز خه‌ن. ته‌نانه‌ت له ئورووپا سێینه‌ی (ژن_کتێب_هیستری) واته نه‌خۆشی ده‌روونی ببووه ده‌نگۆ. هه‌روه‌ها له تابڵۆکانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌شدا بۆ وێنه تابڵۆیه‌ک له «فڕانس ئی بێل» له 1850، وێنه‌یه‌ک خوڵقاوه که داکۆکی له سه‌ره‌ڕۆیی ژنانی هۆگر به خوێندنه‌وه ده‌کا. وێنه‌که وێنه‌ی کچێکی لاوه که کتێبه‌که‌ی به‌ره‌وڕووی خۆی گرتووه، به‌ڵام شانێکی ڕووته. جگه له‌وه‌ش زۆرن ئه‌و تابڵۆیانه‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه که تێیاندا خوێندنه‌وه‌ی ژنان وێڕای ڕه‌نگ و بۆیه‌کی سێکس هاتووه. واته خوێندنه‌وه ده‌بێته هۆی بێ ڕه‌وشتی و بێ چاو و ڕوویی ژنان. ئه‌و نیگه‌رانییه‌ی باسمان کرد له قسه‌که‌ی هه‌ڵاڵه‌دا که ده‌ڵێ: «ئه‌و ده‌ترسێ له من دوا بکه‌وێ» به ته‌واوی ده‌بیندرێ.
شێرزاد هه‌ر له چه‌شنی ئه‌و پیاوانه ناتوانێ قه‌بووڵ بکا هه‌ڵاڵه بچێته زانکۆ و له گه‌ڵ دکتۆر سه‌عید باسی چیرۆک و ئه‌ده‌بیات بکا. ئه‌ویش پێی وایه ئه‌وه ڕاست ده‌بێته هۆی بێ چاو و ڕوویی و بێ ئه‌خلاقی هه‌ڵاڵه و بۆی ناسه‌لمێندرێ که ژنێکی ئاوه‌های هه‌بێ. ده‌کرێ بڵێین ئه‌و په‌تایه‌ی زه‌ینی پیاوانی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌هه‌می ئورووپای داگرتبوو، ئێستا که‌وتۆته گیانی شێرزادی نوێنه‌ری کۆمه‌ڵگه‌ی کورده‌واری.
لە ژمارەی ٧٣٢ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)