حوسێن سەفامەنش هونەرمەندی بوێر و گەل خۆشەویستی کورد ساڵی ١٣٥٥ی هەتاوی لە پارێزگای کرماشان، مەڵبەندی مێژوو و ئەوین لەدایک بووە و به ئهوینی نیشتمان فرچکی گرتووه.
حوسێنی تازهپێگهیشتوو ههر لە دەورانی خوێندنی سەرەتاییدا سۆز و هەستی خۆشەویستیی گۆرانیی لهلا دروست دەبێ و، هومێدی تەمەن و خۆلیاکانی تێدا دەبینێتەوە. ئەم ئارەزووە ڕەنگینە حوسێن قووڵتر پەلکێشی گۆرەپانی ئاواز و مۆسیقا دەکا و پاشان دەنگی هونەرمەندی ئوستوورەی کورد ناسر ڕەزازی دەبێتە سەرچاوە و، هەڵ دەڕژێتە پێدەشتی هونەری سەفامەنشەوە و ڤەژەنی ئاواز لەو سیمایەوە دەگەشێتەوە و ڕووحی پتر بە ناخی مێلۆدی و زمانی گەلەکەیدا ڕۆدەچی و، لە شنەی ئەم خەیاڵەوە تەیری هومێدی باڵ دەگرێ و لە شاری مەهاباد دەگیرسێتەوە…
سهفامهنش دواتر لەگەڵ هونەرمەندان موحسێن گوڵپەرست، نهوزاد خهتات و لاوک لەتیف، ئاشنا دەبێ و یەکەم بەرهەمی هونەریی خۆی بەناوی «خوێشگە خاسەکەم» تۆمار دەکا کە دەبێتە مایەی دڵخۆشیی ئۆگرانی هونەر. دەنگدانەوەی دەنگخۆشییهکهی زیاتر دنەی حوسێنی لاو دەدا و بە شوێن بەستە و مهقامات و هۆنراوەدا دەخولێتەوە و، وەک ئاشقێکی بێقەرار ئارامیی لێ هەڵ دەگیرێ و له ڕاوێچکەی ئێوارانی خەو و خەیاڵی بە دەوری ئەو سۆزەدا دەسووڕێتەوە…
حوسێن سهفامهنش لە ساڵی ١٣٧٩دا دەگەڕێتەوە کرماشان و کونسێرتێک بە شێوازی پاپ پێشکەش دەکا، ئەم جارەشیان سەرنجی جەماوەر بۆ لای خۆی ڕادەکێشێ و چریکەی دەبێتە سەمفۆنیایەک و ئارامی بە کۆمەڵگهی وڵاتەکەی دەبەخشێ و بە ئەزموونێکی کامڵترەوە شۆڕ دەبێتەوە نێو زەریای هونەر و سەر بە گێژاو و شەپۆلەکاندا دەکا و لە ڕاز و لرفە و هاوار و هەڕەشیان تێ دەگا و هیوایەتێکی گەورەی تێدا بەدی دەکرێ و ساڵی ١٣٨٥ی هەتاوی به ئاڵبۆمی «ئێوارە» لە کازیوەدا دەگەشێتەوه.
سهفامهنش لە درێژەی ئەم چالاکییە هونەرییانەدا لە زۆربەی شارەکانی کوردستان و دهرهوهی کوردستاندا کۆڕ و کۆنسێرت دەگێڕێ و لە فستیڤاڵی مووسیقیی سۆنەتی شاری تاراندا خەلاتی یەکەم وهدەست دێنێ، پاشان سروشتی وڵاتەکەی بێشکەی ئارامی ڕادەژێنێ و باگکڕاوەندی تێروتەسەل لە ژێی ساز و پەردەی مووسیقا و ئاوازی گەلەکەی دەبنە تریفەی ئەستێرە و هەیبەتی نیشتمانەکەی، زینەتی گۆرانی و تەحریری سۆزی دەگەشێنێتەوە. ئیتر شەوارەی ترس و تۆقان شەفەقی گلێنەی پێدا نایە و، ڕۆچنەی ئاسۆی داناپۆشێ و وەک سروەی بەیانی زاگڕۆس لە زمانی شیرینی لەکی،کەڵهوری، سۆرانی، هەورامی و، کرمانجییەوە دەشنێتەوە…
ئاخر هونەری حوسێن ناسنامەی نیشتمانێکە، کە میراتگری مێژووی گاتاکانی زەردەشت و سیمای شارستانیەتی کەونارای یارسان لە ژێیەکانی تەلموورەوە دەنوێنێ، ئەو گەلەی ماد لە ئاوێنەی ڕواڵەتیدا دەدرەوشێتەوە، دەستی پێ لە شکۆی خۆی هەڵناگیرێ و ناهێڵی گەردەلولی پیلان و دەهۆی داگیرکەران دیمەنی سروشتی بشێوێنێ و ڕۆڵەی وڵاتپارێز و تۆرەمەی لە خوێنی خۆی دەخاتەوە.
حوسێن لە گرکانی لاوژەی ئەم ئههوورایەوە سەری ههڵ داوە و، هەستی لە فۆڕم و نەوای مێژووی سەرسەخت و لە ئاونەچووی سیاچەمانەوە هەڵ قوڵاوە و لە سەنگەری چیا و هەیبەتی کوردایەتیدا باڵای کردووە و، دژ بە هەژموونیی دەسەڵاتی چەوتی ئاخووندەکان و بنەبڕکردنی قەڵافەتی ئازادی ڕاساوە و حاشا لە پاوانخوازه نەریتییەکان دەکا و لە ڕوانگەی یاسایەوە بۆ مافی ڕەوای دەڕوانێ و هانا دەباتە بەر ویژدانی مرۆڤایەتی و داوای تەبایی جیهان دەکا و، بانگەوازی ئاشتیخوازانەی گەلەکەی دەسەلمێنێ…
ماوەی چل ساڵە کۆماری ئیسلامی بە هەموو جورێک دژی زمان و هونەری گەلی کورد وەستاوەتەوە و بە هەر چەشنێک بۆی کرابی لە هەوڵی سڕینەوەی مێژووی وڵاتی کورداندا بووە، بەڵام هونەرمەندان و ئەدیبانی ئەم زێدەزێڕینە مۆڵەتی پاستاوکردنی خاکەکەیان بەو دەسەڵاتە هونهرڕهتێنه نەداوە و زمان و هونەریان لە قەوارەی شکۆی خۆیدا هێشتووهتەوە و، بهختهوهرانه یهم بوارانه له شوناسی نهتهوهییامان لە باشووری ڕۆژهەڵاتی خۆشەویستدا هەروا لە گەشەکردن دایە…
ئەوینی ئەم ڕێبازە پیڕۆزیی خۆی پاراستووە و، بۆ وەدیهێنانی ئامانجەکانی گەوە و تەرت و هەڵەمووتەکانی بڕیوە و بەرەو لووتکەی هیواکانی هەڵ کشاوە، بۆیە ئاسۆی لێ نیزیکە و تیشکی خۆری تێ ڕژاوە. ئەم هۆنەرە تەنیا لە خەیاڵ و وشەدا ڕیسالەتی کۆ ناکرێتەوە و ڕستەی کورتی ئەم بابەتەش دەستی بە باڵی هەڵناگا و قامووسی زمان و هەستی پێ نانووسرێ و ڕازی دڵی ناکاتەوە، هەر ئەوەندی لێ دەزانێ بەرامەی ئەو تۆپە گوڵە چوار سنووری داگرتووە و ڕەنگی هەڵگورد و، کوچکەڕەش و، بێستوونی لێ نیشتوە…
لە ژمارەی ٧٣٢ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)