تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک و تویتێر سەدان پێگەی بەکارهێنەرانی ئێرانی و ڕووسیەیان بە هۆی کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنی ئامریکا سڕیوەتەوە.
دوای بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتی شیرکەتی ئەمنییەتیی “فایر ئای” لەسەر پڕۆپاگاندەی لایەنگرانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، فەیسبووک و تویتێر ڕایانگەیاندووە، سەدان پەیجی ئێرانی و ڕووسیە، کە کاریگەریان لەسەر هەڵبژاردنی ئامریکادا هەبووە، ڕەش کراونەتەوە.
فەیس بووک ٦٥٢ پەیج و گرووپی بانگەشەیی و پڕوپاگەندەیی کە بە دژی ئیسراییل، عەرەبستان و پاڵپشتی لە ڕێککەوتننامەی ناوکی ڕێژیمی ئێران چالاکیان کردووە، داخستووە.
هەروەها تویتێریش ڕایگەیاندووە، ٢٨٤ پێگەی بەکارهێنەرانی کە کردەوەی ئاژاوەگیڕانەیان هەبووە و سەرچاوەی زۆرینەیان لە ئێران بووه، داخستووە.
“ماڕک زاکربێرگ” بەڕێوەبەری گشتیی فەیسبووک لەو پەیوەندییەدا، باسی لەوە کردووە، کۆمپانیای فەیسبووک هاوکات لەگەڵ هاوکاری و گواستنەوەی زانیاری لەگەڵ دەوڵەتەکان، کەرەستەی تایبەتی دەبێ بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ پەیجە گوماناوییەکان.
سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە ئاستی جیهاندا بە گرووپی جیاواز لە سەر تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان چالاکیی سایبری لە ڕاستای ئاژاوەنانەوە، پڕۆپاگاندە بۆ تیرۆر دەکەن.
ڕێژیمی ئیران لە ڕێگەی سپای پاسداران چەندین گرووپی تیرۆریستیی سایبێریان پێک هێناوە بۆ دزینی زانیارییەکان بە تایبەت بۆ بەرنامەی مووشەکی و ناوکی لە ئاستی جیهاندا.