شارەزایان و بازرگانانی فەڕشیی ئێران، هۆشداریان داوە کە بەهۆی گرانبوونی کەرەستەی خاوی چنینی فەڕش، ئەو سەنعەتە بەرەو مایەپووچبوون دەچێ.
بەرهەمهێنەرانی فەڕشی ئێرانی ناچارن هەتا کەرەستەی خاوی چنینی فەڕش بە دۆلاری ١٠ هەزار تمەنی بکڕن و، لە بەرانبەردا فەڕشەکانی خۆیان بە دۆلاری ٨ هەزار تمەنی بفرۆشن.
“عەبدۆڵڵا بەهرامی” بەرپرسی یەکیەتییە سەرتاسەرییەکانی تەعاونیی فەڕشچنانی ئێران، لەوبارەوە ڕایگەیاندووە: “فەڕشی دەستچن تەنیا بەرهەمێکی نێوخۆییە کە بەرهەمهێنەران ناچارن هەتا کەرەستەی پێویستی چنین، بە گران بکڕن و، لە بەرانبەردا بەرهەمەکانیان بە پارەی هەرزان بفرۆشن، بە دڵنیاییەوە بەردەوامبوونی ئەو دۆخە دەبێتە هۆی مایەپووچبوونی ئەو پیشەیە”.
ناوبراو هەروەها باسی لەوە کردووە، بە سەرنجدان بە گەمارۆ ئابوورییە قۆرسەکان، نەبوونی کۆنتڕۆڵ لەسەر نرخی کەرەستەی خاوی فەڕش، هەڵاوسانی بەردەوامی بازاڕ و، جێگیرنەبوونی نرخی دراو، بەبێ گەمارۆی نوێی ئەمریکاش هەر بەرەو مایەپووچ بوون و، لەنێوچوونی یەکجاری دەچێ و ئێران پیشەیەکی دەستیی هەرە گرنگی لەدەست داوە.
هەنووکە بەرهەمهێنەرانی فەڕشی دەستچن و ماشینی لە ئێران بە هۆی گرانی و زیادبوونی قیمەتی دۆلار، لەگەڵ کۆمەڵێک کێشە بەرەوڕوو بوونەتەوە کە بەردەوامبوونیان لە کاری بەرهەمهێنانی فەڕش ئەستەم دەکا.