ژنێکی دیکەی کورد خەڵکی شاماتی مەهاباد پەنای بۆ خۆکوژی برد.
بە پێی سەرچاوە خۆجێیەکان شەوی سێشەممە ٣٠ی گەلاوێژ لە گوندی “حاجی حەسەن”سەر بە ناوچەی شاماتی مەهاباد ژنێکی تەمەن ٢٠ ساڵ لە ڕێگای خۆکوژییەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
کاناڵە تیلیگرامییەکان شووناسی ئەو ژنە لاوەیان بە” ژیلا ئەندیش” تەمەن ٢٠ساڵ خەڵکی گوندی “حاجی حەسەن” بڵاو کردوتەوە.
دەگوترێ ئەو ژنەش بە هۆی کێشەی بنەماڵەیی لە ڕێگای خۆهەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
بە پێی ئاماری “هەنگاو” بە پشتبەستەن بە ناوەندە پێوەندیدارەکان لە “یەکساڵی ڕابردوودا ١٤٠٠ هاووڵاتیی کورد هەوڵی خۆکوژییان داوە. تەنیا لە پێنج پارێزگای کوردستان؛ واتە ئیلام، کرماشان، لووڕستان، سنە و ئورمیە ١٣٩٥ حاڵەتی هەوڵدان بۆ خۆکوشتن تۆمار کراوە کە دەکاتە ٢٨٪ هەموو ئەو حاڵەتانەی کە لەئێران تۆمار کراون”.
دەروونناسان پەرەسەندنی دیاردەی خۆ کوژی بەتایبەتی لە نێوژنان بە دیاردەیەکی مەترسیدار دەزانن کە رۆژ بەرۆژ بەهۆی هەلومەرجی کۆمەڵایەتی و ئابووریی وڵات، لە پەرەسەندن دایە.











