گەمارۆکانی ئامریکا بۆسەر ئێران هەتا دێ، کاریگەریی زیاتر لەسەر ڕەوشی ئابووری ئێران دادەنێ و ئەمڕۆ بیژەن زەنگەنە وەزیری نەوتی ئێران ئاشکرای کرد کە شیرکەتی فەرانسەیی توتاڵ بە فەرمی لە گرێبەستی “گەشەی فازی ١١ی پارسی جنوبی” کشاوەتەوە و، ئێرانی بەجێهشتووە.
وەزیری نەوتی ئێران بە باس کردن لە چوونەوەدەری شیرکەتی فەرانسەویی توتاڵ لە کەرتی نەوتی ئەو وڵاتە گوتی: نیزیک بە دوومانگە شیرکەتی توتاڵ ڕایگەیاندوە کە لە گرێبەستە نەوتییەکانی ئێران دەکشێتەوە.
هەروەها زەنگەنە وەزیری نەوتی ئێران ئاشکرای کرد کە بە دوای دۆزینەوەی جێگرەوەیەک دەگەڕن بۆ شیرکەتی توتاڵ.
شیاوی باسە دوای کشانەوەی تڕامپ لە ڕێککەوتنی بەرجام و، وەگەڕخستنەوەی گەمارۆەنوێیەکان بۆسەر ئێران ، بە توندی هەڕەشەی لە شیرکەت و کۆمپانیاکانی وڵاتانی ئورووپایی کرد کە هەرچەشنە مامەڵە و هاوکاری بازرگانی لە گەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران ،ڕاگرن.
شیاوی باسە بریاڕە لە خولی دوویەمی گەمارۆەکان بۆسەر ئێران کە ١٣ی خەزەڵوەری ٩٧ی هەتاوی دەخرێتە بواری جێبەجێ کردنەوە، کەرتی نەوت وگاز و زێڕی ئێران بە تەواوی گەمارۆی لەسەر بخڕێ و، هەربۆیە لە ئێستاوە شیرکەتە نەوتییەکانی ئورووپایی پێوەندی خۆیانیان لەگەڵ ئێران ڕاگرتووەو ئەو وڵاتە بەجێدەهێڵن.