لە حاڵێكدا كە تەنانەت مەجلیسیش هیچ زانیارییه‌کی له‌سه‌ر شوێنی ڕاگیرانی بابەك زەنجانی نییە، باس لە هەڵوەشانەوەی كۆمیتەی بەدواداچوونی پەروەندەی ناوبراویش دەكرێ.
حوسێن دێهدەشتی، ئەندامی كۆمیسیۆنی وزەی مەجلیسی ئێران، وێڕای ئاماژە بە داوای كۆمەڵێك لە نوێنەرانی مەجلیس بۆ چاوپێكەوتن له‌گه‌ڵ بابەك زەنجانی که ده‌ڵێن لە زیندانی ئێڤین‌دا به‌ند کراوه؛ گوتی تەنانەت نوێنەرانی مەجلیسیش هەر وەك خەڵكی ئاسایی نازانن زەنجانی لە كوێیه.
ناوبراو لە لێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامەی قانوون، باسی لەوە كردووە كە ماوه‌یه‌که كۆمیتەی بەدواداچوونی پەروەندەی بابەك زەنجانی لە مەجلیس هەڵوەشاوەتەوە و وەزارەتی ئیتلاعات و دەزگای قەزایی هیچ مەیلو ئاره‌زوویه‌کیان بۆ ئامادە بوون لە كۆمیسیۆنەكانی مەجلیس و شیكردنەوەی ئەم پەروەندەیە نییە.
بابەك زەنجانی كە خۆی به بەسیجییەكی ئابووری ده‌زانێ،و پاش سهپاندنو چڕبوونەوەی گەمارۆ نێودەوڵەتییەكان بەدژی ئێران لە سەردەمی ئەحمەدینژاددا، وه‌ک ده‌ڵێن له‌بواری فرۆشتنی نەوت‌و گواستنەوەی پارەكەی بۆ نێوخۆی وڵات هاوكاری وەزارەتی نەوتی ئەم وڵاتەی دەكرد، به‌ڵام لە مانگی بەفرانباری ساڵی ٩٢ دا بە تاوانی نەدانەوەی قەرزەكەی بە وەزارەتی نەوت، دەستبەسەر كرا.
شایانی باسه ناوبراو زیاتر لە 3 میلیارد دۆلاری لە ڕێگەی فرۆشتنی نەوتەوە خستۆتە گیرفانی‌و له ئێستادا به ڕواڵه‌ت به تاوانی گه‌نده‌ڵی ده‌سبه‌سه‌ره، به‌ڵام که‌س نازانێ له کوێ به‌ند کراوه