تەنیا لە رۆژی ٢٧ی گەلاوێژ لە ناوچە جیاجیاکانی ئێران چوار گردبوونەوەی ناڕەزایەتی دەربڕین و خۆپێشاندان بە دژی دۆخی نالەباری ئابووری، لە شوێنە جیاجیاکانی ئێران بەڕێوەچوو.
گردبوونەوەی کرێکارانی کارخانەی “تولی پرس” لە شارەکی سەنعەتی ئەڵبوورز لە پارێزگای قەزوێن، خۆپێشاندانی کرێکارانی گرووپی میللی فۆلادی ئەهواز، نارەزایەتی دەربڕینی شوفێری ئوتووبۆسەکانی گەیاندن و گواستنەوەی پارێزگای ئیلام و ، گردبوونەوەی بەربڵاوی کرێکارانی “نیشکر هفت تپە” ی پارێزگای خۆزستان ، چوار خۆپێشاندانی رۆژی شەممە ٢٧ ی گەلاوێژ بوو کە بە دژی گەندەڵیی ماڵی وگرانی و کەمتەرخەمیی بەرپرسانی ڕێژیم، بەڕێوەچوو.
لەو ٤ خۆپێشاندانەدا کرێکاران خوازیاری پێدانی هەقدەست و مافەکانی خۆیان بوون.
بە پێی هەواڵدەرییە حکوومییەکان بەهۆی دۆخی خراپی ئابووری ، کارخانەی “تولی پرس” بەشێوەی کاتی داخراوەو نیزیک بە ١٥٠ کرێکار ، سەرگەردان وبێکار کراون و هەربۆیە رۆژی شەممە ٢٧ی گەلاوێژ لە بەردەم بینای ئەو کارخانە گردبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.
شیاوی باسە کرێکارانی دەرکراو و، سەرگەردان چەندین جار بۆ چارەسەری گرفتەکانیان سەردانی ناوەندە پێوەندیدارەکانیان کردوە، دەڵێن کە بەرپرسان هەمووجارێک تەنیا وادەوبەڵینی دەدەن و بە کردەوە هیچ هەنگاوێکیان هەڵنەهێناوە.
جێیوەبیرهێنانەوەیە لە مانگی بەفرانباری ساڵی ٩٦ی هەتاوییەوە بەهۆی پەرەسەندنی گەندەڵیی ماڵی وگرانی لە ڕابەدەر، خەڵکی وەزاڵەهاتوو، بەتایبەتی چینی کەمداهات ڕژاوەنەتە سەر شەقام و، ئەو مانگرتن و نارەزایەتی دەربڕینە ئێستاش هەر بەردەوامە و گرفتێکی گەورەی لەبەردەم رێژیم دروست کردوە.