لێبوردنی نێونەتەوەیی بە دەرکردنی ڕاپۆڕتێک سەبارەت بە گواستنەوەی کەماڵ حەسەن ڕەمەزان لە بەندیخانەی ورمێ بۆ شوێنێکی نادیار و، ئەگەری جێبەجێ کردنی حوکمی ئێعدامی ئەو بەندییە سیاسییە، نیگەرانی دەربڕێوە.
بەپێی ڕاپۆڕتی دێموکراسی و مافی مرۆڤی کوردستان، بە گێڕانەوە لە وبسایتی لێبوردنی نێونەتەوەیی ، ئەو رێکخراوە بە نیسبەت گواستنەوەی “کەماڵ حەسەن ڕەمەزان” شارۆمەندی کوردی ڕۆژئاوا، کە لە رۆژی ٢٢ی گەلاوێژی ٩٧ی هەتاوی بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە، نیگەرانی دەربڕیوەو شیمانەی ئەوە دەکرێ ئەوە بەندییە سیاسییە لە زووترین کات حوکمی ئێعدامی جێبەجێ بکرێ.
کەماڵ حەسەن ڕەمەزان ٣٣ساڵە و خەڵکی شاری سریکانی لە رۆژئاوای کوردستان(سووریە) ، لە پووشپەڕی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی لە نیزیک شاری ورمێ لە لایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر و، دوای ٤ مانگ مانەوە لە گرتووخانەکانی سپا و ئیتلاعات، بە تاوانی “محاربە” و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە بەرهەڵستکارەکانی ڕێژیم بۆ بەندیخانەی شاری ورمێ گواسترایەوە.
کەماڵ حەسەن ڕەمەزان رۆژی ٢٣ی گەلاوێژی ٩٤ی هەتاوی لە لایەن دادگای ئینقلابی شاری ورمێ، بە سەرپەڕەشتی دادوەر “شێخلوو”، بە ١٠ساڵ و رۆژێک زیندان سزا درا.
شیاوی باسە جیا لە سەپاندنی ئەو سزایە، سەرلەنوێ ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوی لە پێوەندی لەگەڵ کوژرانی بەکرێگیراو و ئەندامێکی سپای پاسداران، کە دەساڵ لەمەوپێش رووی دابوو، لێپرسینەوەی لێکراو، لە کۆتاییدا رۆژی شەممە ٣٠ی بانەمەڕی ١٣٩٦، بە شێوەی غیابی لە لایەن لقی سێی دادگای ئینقلابی ورمێیەوە حوکمی ئێعدامی بۆ بڕایەوە.
دەگوترێ کەماڵ حەسەن ڕەمەزان و ڕامین حسێنپەناهی دوو زیندانی سیاسیی کورد کە لەژێر سزای ئێعدام دان، لە بەندیخانەکانی ورمێ وسنە بۆ زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج بە مەبەستی جێبەجێ کردنی حوکمەکەیان گواستراونەتەوە، هەرئەمەش کۆڕوکۆمەڵی ماف مرۆڤی زیاتر نیگەران کردووە.