هێزەكانی بەرەی هاوپهیمان به دژی داعش بە ڕێبەرایەتیی ئامریكا هێرشیان كردۆتە سەر ١٦ خاڵی ستراتژیكی داعش لە شاری ڕەقە.
لە دوایین پەلامارە ئاسمانییهکانی هێزەكانی بەرەی هاوپهیمان به دژی داعش ڕێبەرایەتیی ئامریكا هێرش كراوەتە سەر ١٦ بنکه له بنکه سهرهکییهکانی داعش لە ناوچەی ڕەقە لە سووریەو دهگوترێ كە شادەمارە سەرەكییەكانو ڕێگەی پێوەندی و پشتیوانیی دەوڵەتی ئیسلامی لەم ناوچەیە تەفروتونا كراوە.
ناوچەی ڕەقە ناوەندی دەسەڵاتی داعش لە وڵاتی سووریەیەو باس لهوه دهکرێ که ئەم عەمەلیاتەی هێزەكانی بەرە یەكێك لە گەورەترین پەلامارەكان بووە كە تا ئێستا بەدژی پێكهاتەكانی داعش ڕووی داوە.
لە لایەكی دیكەوە سەرچاوە نیزامییەكانی عێراق ڕۆژی یەكشەممە ڕایانگەیاند كە گرووپی داعش بە چەند ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو هێرشی كردۆتە سەر ئەرتەشو هێزەكانی حەشدی شەعبی لە ناوچەیەكی نزیك بێجیو ئەم هێزانەیان ناچار بە پاشهكشە كردووە.
بە قسهی محەممەد ئەلجبووری، جێگری فەرمانداری شاری بێجی پاش تەقینەوەی ئەم دوو ئۆتۆمبێلە بۆمبڕێژكراوە، هێزەكانی داعش هێرشێكی بەربڵاویان كردۆتە سەر هێزەكانی عێراقو ئەم هێرشە بۆتە هۆی ئەوەی كە هێزەكانی عێراق لە ناوەندی شاری بێجی پاشەكشە بكەن.
بەقسەی سەرچاوە نیزامییەكانی عێراق، تێرۆریستانی خۆكووژی داعش بە ئۆتۆمبێلە پڕ لە تەقینەوەكانیانەوە، پەلاماری دوو وێستگەی پشكنینی ئەمنیەتیو مەقەڕێكی نیزامییان لە ناوچەی “ئەلحەجاج” داوە. هێزەكانی عێراق كە چەند ڕۆژ پێشتر كۆنتڕۆڵی ناوەندی شارەكەیان بە دەستەوە گرتبوو، بەهۆی ئەم پەلامارەی داعش ناوەندی شاریان بەجێ هێشتوه و داعش بۆ جارێكی دیكە دەستی بەسەر ئەم شارەدا گرتەوە.