گۆڤاری ئاڵمانی شپیگل لە وتارێکدا باسی لە چۆنیەتی گەڵاڵەی ئامریکا بۆ رروخانی کۆماری ئیسلامی کردووەو، لەو بارەوە دەڵێ: ئامریکا بە تەمایە لە سەرەتای مانگی نوامبر خولی دیکەی گەمارۆکانی بۆ سەر ئێران جێبەجێ بکاو، گەمارۆەنوێیەکانی ئامریکا بە دژی ئێران زۆر توندترە لە جاران و، کاریگەیی خراپتری لەسەر دۆخی ئابووریی ئێران دەبێ.
هەروەها لە وتارەکەی شپیگلدا هاتووە؛ کە گەمارۆکان پێش لە هەناردە کردنی نەوتی ئێران دەگرێ و کۆشکی سپی دەیهەوێ لەو ڕێگایەوە چۆک بە کۆماری ئیسلامیدا بهێنێ.
گۆڤاری ئاڵمانی شپیگل باسی لە ئەوەش کردوە کە دەوڵەتی تڕامپ بۆ پچڕاندن و، وشک کردنی سەرچاوە داراییەکانی ئێران، بەتایبەتی لە کەرتی نەوت، بڕیاری داوە هەموو هەوڵی خۆی وەگەڕ بخات.
لە لایەک دیکەش میدیاییەکی رووسی گوتویەتی ؛ بە پێی تازەترین هەڵوێستی ئامریکا بە دژی ئێران و پێکهێنانی کارگرووپێک بە دژی ئێران، دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە دەوڵەتی تڕامپ بەرنامەی رووخانی ڕێژیمی ئێرانی بە دەستەوەیە و هەوڵی بۆ دەدا.
“ئیگۆر پانکراتنکۆ” لێکوڵەری پرسەکانی رۆژهەڵاتی ناڤین و لە بەرپرسانی خوێندنەوە ستراتێژییەکان، بە ڕاشاتودەی ڕایگەیاند: شاراوە نیە کە کارگرووپی “هەنگاونان بەدژی ئێران” درێژەدەری ستراتێژی لە ناوبردنی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، کە دەوڵەتی تڕامپ هێناویەتە ئاراوە.
پێویستە بگوترێ؛ دەنگوڕەنگی کۆماری ئیسلامیش لە بەرەبەری ساڵیادی کودیتای ٢٨ی گەلاوێژ هەواڵی پێکهاتنی کارگرووپی دژی ئێرانی لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی ئامریکاوە بڵاوکردەوە.
شیاوی باسە وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا؛ رۆژی ٢٥ی گەلاوێژ برایان هووک، بەرپرسی بەرنامەڕێژیی سیاسیی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی بە سەرۆکی بەرێوەبەری کارگرووپی هەنگاونان بە دژی ئێران، هەڵبژارد.