لە درێژەی میلیتاریزەکردنی ناوچەکانی کوردستان، سپای پاسداران چەند رۆژە لە رێگەی دەستوپێوەندییەکانی خۆیەوە، خەریکی چەکدار کردنی خەڵکی ناوچەی قەڵخانی سەر بە سەرپێڵی زەهاوە.
سەرچاوەیەک ئاگادار بە “کوردستان وکورد”ی ڕاگەیاند؛ سپای پاسداران لە ژێر ناوی شەڕ لەگەڵ داعش و ترساندنی خەڵکی ئەو ناوچەیە کە داعش هێرشیان دەکاتە سەر داوای لە خەڵک کردووە کە چەکی رێژیم هەڵبگرن و، ئەمەش زیاتر لە پیلانێک دەچێت چونکە داعش ئەو کاتە، کە لە لووتکەی هێز ی خۆیدا بوو، بەرنامەی هێرشی بۆ سەر ئێران نەبوو.
بە پێی هەمان سەرچاوە بەشێک لە خەڵک باوەڕیان کردوەو چەکی رێژیمیان هەڵگرتووە بەڵام کەسانێکیش هەن کە ئاگاداری پیلانی سپای پاسدارانن و، خەریکی لقاو دانی بەرنامەکانی رێژیمن و رایانگەیاندووە کە ئەو کارەی سپا تەنیا بە مەبەستی پێش گرتن لە چالاکی هێزە کوردییەکان بە تایبەت حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ناوچەی داڵاهووە.
شیاوی باسە لە رۆژانی رابردوودشدا هێزەکانی سپای پاسداران گوشاریان بۆ هەوراچییەکانی ناوچە شاخاوییەکانی پیرانشار هێناوە کە دەبێ بە زووترین کات، ڕەشماڵ و شوێنی نیشتەجێی بوونیان بە جێ بێڵین و بگەڕێنەوە بۆ گوندەکان و دەگوترێ جموجۆڵی پێشمەرگەکانی کوردستانیان بە بیانوویەک زانیوە بۆ گوشارخستنە سەر خەڵکی هەوارنشینی ناوچە سنوورییەکان.