هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی یادی ٢٥ی گەلاوێژ، لە بنکەی سەرەکیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە حەوشەی قەڵا، کۆمیتەی سنووری حدک لە بناری هەڵگوورد، ڕێوڕەسـیکی شۆڕشگێرانەی بەو بۆنەوە بەڕێوە برد.
پێشمەرگەو کادر و مامۆستایانی نیشتەجێی بناری هەڵگوورد بۆ یادکردنەوە لە بۆنەی نەتەوەیی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، رۆژی ٢٥ی گەلاوێژ لە کۆڕێکی شۆڕشگێڕانەدا ئەو یادەیان بەرز نرخاند.
دوای سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزلێنان لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری کوردو کوردستان، هاوڕێ سامان فەقی نەبی، کادری سیاسیی حدک چەند وتەیەکی لەسەر مێژووی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و تایبەتمەندییە سیاسییەکانی ئەو حیزبەی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.
سامان فەقی نەبی، بە ئاماژەدان بە ئامانج و پڕنسیپەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە دەسپێکەوە تا ئێستا، کۆمەڵێک خاڵی گرینگی لەو بارەوە خستەڕوو.
ناوبراو لە کۆتایی قسەکانیدا بە ئاماژەدان بە بارودۆخی سیاسی ئێستای ئێران و ، کوردستان، جێگەوپێگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی لە هاوکێشەسیاسییەکان ، بۆ پێشمەرگەکانی بناری هەڵگوورد شی کردەوە.
پاش قسەکانی هاوڕێ سامان فەقی نەبی، پێشمەرگەخۆنەویستەکانی شاخ، بە بڵاو کردنەوەی شیرینی و هەڵپەڕکێی گشتی، سەلماندیان، کە بە ورەبەرزییەوە وەفادارن بە حێزبی دێموکراتی کوردستان و، یادی دامەزرانی ئەو حیزبەیان بەرز ڕاگرت.