لە درێژە میلیتاریزەکردنی ناوچەو سنوورەکانی کوردستان وەکوو شوێنێکی هەستیار بۆ دەوڵەتی ناوەندی، سپای پاسدارانی رێژیم بە بیانووی جۆراجۆر ئازاری خەڵکی ناوچەسنوورییەکانی کوردستان دەدا.
بەپێی هەواڵێک کە لە پیرانشارەوە بە دەستمان گەیشتووە، ماوەیەکە هێزەکانی سەر بە سپای پاسداران کە لە ناوچە سنوورییەکان بڵاوەیان پێکراوە، هەرجارەو بە بیانوویەک گوشار دەخەنەسەر خەڵکی هەژار و زەحمەتکێشی سەرسنوور.
بە پێی ئەوسەرچاوەیە لە رۆژانی رابردوو هێزەکانی سپای پاسداران گوشاریان بۆ هەوراچییەکانی ناوچە شاخاوییەکانی پیرانشار هێناوە کە دەبێ بە زووترین کات ڕەشماڵ و شوێنی نیشتەجێی بوونیان بە جێ بێڵین و بگەڕێنەوە بۆ گوندەکان و دەگوترێ جموجۆڵی پێشمەرگەکانی کوردستانیان بە بیانوویەک زانیوە بۆ گوشارخستن بۆ سەر خەڵکی هەوارنشین.
ئەم ئەزیەت وئازارەی ناوەندە ئەمنی و سەربازییەکانی ڕێژیم بۆسەر خەڵکی بێدەرەتانی هەوارچی، لە کاتێکدایە کە بەشێک لە خەڵکی گوند و ئاواییەکانی کوردستان بەشێوەی هەوراچییەتی ومەڕداری و مانەوە لە کوێستانەکان، ژیانیان بەڕێوەدەچێ و، کۆماری ئیسلامی دەیهەوێ ئەوەشیان لێببڕێ.