قەیرانەکانی نێوخۆی ئێران و گوشارە دەرەکییەکان بۆ سەر ئەو وڵاتە، دەوڵەتی روحانی زیاتر تووشی کێشە کردوەو، بەرپرسانی ئەو رێژیمە لە هەوڵدان لەو قەیران و گوشارانە دەربازیان بێ.
دوای ئەوە خامنەیی لە دوایین قسەکانیدا وتووێژ لەگەڵ ئامریکای قەدەغە کرد، لە کاردانەوەی قسەکانی خامنەیی، رۆژی چوارشەممە ٢٤ی گەلاوێژ، سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند کە ئامریکاییەکان بۆ خۆیان هەلومەرج و بەستێنی وتووێژیان لە ناوبردووە .
قسەکانی روحانی لە کاتێکدایە کە رێبەری باڵای ڕێژیم، وتووێژە کردن لە ئامریکای بە زیانی خەڵکی ئێران لە قەڵەم داو، بە قەدەغەی زانی.
حەسەن روحانی رۆژی ٢٤ی گەلاوێژ لە کۆبوونەوەی هەیئەتی دەوڵەتدا گوتی: رەوتی وتووێژی ئێران و، ئامریکا پێشکەوتنی بەخۆی دەبینی، بەڵام ئامریکا پردی گفتگۆی خراپ کرد و ، ئێستاش لەو بەر پردی روخاو، دەڵی چۆن تێپەڕم..”
سەرۆک كۆماری ئێران، باسی لەوەش کرد کە دەولەتی تاران ئامادەیە بۆ وتووێژ کردن لە گەڵ هەموو وڵاتەتێک.
جێیوەبیرهێنانەوە چواری گەلاوێژ سەرۆککۆماری ئامریکا دوناڵد تڕامپ باسی لەوە کرد کە ئامادەیە بەبێ پێشمەرج لەگەڵ ئێران وتووێژ بکات، کە ئەو قسەیە بۆ بە هۆی ورووژاندنی پرسی گفتگۆ لە نێوان بەرپرسانی سیاسی و نیزامی کۆماری ئیسلامی.
لە یەکەم کاردانەوە فەرماندە پلە بەرزەکان بە توندی وتووێژ لە گەڵ ئامریکایان ڕەت کردەوە.
چەند رۆژ دوای پیشنیارەکەی دوناڵد تڕامپ بۆ وتووێژ بە بێ پێشمەرج، لەو بارەوە رایگەیاند؛ دۆخی ئابووریی ئیڕان بە خێرایی بەرەو خراپبوون دەڕوات، پێش بینی دەکەین، دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لە زووترین کات لە گەڵ ئامریکا دابنیشن و مل بە وتووێژ بدەن.
لە جۆزەردانی ئەمساڵ نیزیک بە سەد چالاکی سیاسی و مەدەنی لە نێوخۆی وڵات و دەرەوەی وڵات، لە بەیاننامەیەکدا ویڕای ئاماژە دان بە پێشوازی کردنی ڕای جیهان لە وتووێژی ئامریکا لەگەڵ کورەی باکوور، خوازیاری ئەوە بوون کە بۆ پێش گرتن لە قەیرانەکانی ناوچە دەوڵەتی تڕامپ هەمان سیاسەت بۆ کۆماری ئیسلامی ڕەچاو بکات.
لە لایەک دیکەش هێندێک لە سناتۆرە کۆماریخوازەکانی ئامریکا، کۆماری ئیسلامی بە سەرچاوەی قەیرانەکانی رۆژهەڵاتی ناڤین دەزانن و خوازیاری لە ناوچوونی ئەو ڕێژیمەن.
جێی ئاماژەیە وەزیرانی دەرەوەی ئێران و ئامریکا، بۆ یەکەمجار لە دوای پچڕانی پێوەندییەکانی ئەو دوو وڵاتە لە ساڵی ٥٨ی هەتاوی، لە دەوڵەتی روحانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ یەکتر وتووێژیان کرد، کە خامنەیی لە دوایین قسەکانی ڕێگە پێدان بۆ ئەو دیدارەی بە هەڵە کردنی خۆی لە قەڵەم دا.
هەروەها لە ساڵی ٨٦ لە دەوڵەتی ئەحمەدی نژاد، حسین کازمیی قومی و، ڕایان کراکر، باڵوێزی ئامریکا لە عێراق، وتووێژیان کردو، تەنانەت دەنگۆی ئەوەش هەیە ئێستاش بە نهێنی لە وڵاتی عەمان ئێران بۆ دەربازبوون لە قەیرانەکانی دەس بەداوێنی ئامریکا بووەو بۆ وتووێژ.
ڕێبەری باڵای ڕێژیم تەنیا پرسی ناوکی بە ڕێگە پێدراو بۆ وتووێژ دەزانێ، بەڵام واشنگتۆن چەندین بابەبەتی دیکەی بەلاوە گرینگە، بەتایبەتی واز هێنانی ئێران لە پشتیوانی کردن لە تیرۆریزم و ئاژاوەنانەوە لە ناوچە و جیهان.