هدر نائۆرت وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا لە وڵامی دوایین قسەکانی خامنەیی کە گوتبووی: هیچ وتووێژێکمان لە گەڵ ئامریکا نابێ، ڕایگەیاند؛ بڕیار نیە بە نیسبەت قسەی هەرکەس وڵامدەر بین، هەڵوێستی ئێمە لە بەرانبەر رێژیمی ئێران ناگۆڕدرێ، ئێمە ڕووبەرووی ڕەفتای خراپی ئێران دەبینەوە.
بە پێی ڕاپۆڕتی ماڵپەڕی وەزارەتی دەروەی ئامریکا کە رۆژی ٢٣ی گەلاوێژ بڵاوی کردوتەوە، بە ئاماژەدان بە قسەکانی رۆژی دووشەممە کە خامنەیی چەند کەڕەت باسی لەوە کردبوو کە هیچ وتووێژێک لە گەڵ ئامریکا ناکات و تەنانەت گوتبووی: کە لە ڕێککەوتنی بەرجام”یش هەڵەی کردووە کە ڕێگەی داوە تیمی ناوکی لەگەڵ ئامریکا ڕێککەوتن بکەن، لەو پێوەندییەدا هدر نائۆرت رایگەیاندوە؛ ئێمە سیاسەتمان بە نیسبەت ئێران ناگۆڕدرێت و هەرکە هەرشتێک بڵێ وڵامی نادەینەوەو، ئاشکرایە ئامریکا بەرانبەر بە زێدەخوازی و هەڵسوکەوتی سەرەرۆییانەی ئێران ڕادەوەستێ.
وتەبێژی وەزارەتی دەروەی ئامریکا، سەرلەنوێ ڕایگەیاند کە دەوڵەتەکەی بە وردی سەرنجی پێوندی هەموو وڵاتان لەگەڵ دەوڵەتی تاران دەداو ، هەر وڵاتێک کە گەمارۆکان پێشل بکا، پێداچوونەوە بە پێوەندییەکانمان دەکەین.
جێیوەبیرهێنانەوەی خامنەیی ڕێبەری باڵاڕێژیم رۆژی دووشەممە ٢٢ی گەلاوێژ ، گەڕەلاوژەیی وڵات و قەیرانەکانی بەردەم ئێران دیسان هێنایە دەنگ و هێندیک بابەتی سیاسی ورووژاند کە یەکێک لەوان پرسی گەمارۆکانی ئامریکا و هەروەها وتووێژ کردن لە گەڵ ئەوڵاتەی بە ڕاشکاوی ڕەت کردەوە.
شیاوی باسە ئەو بەشەی لە قسەکانی خامنەیی کە گوتبووی “هەڵەم کرد ڕێگەم داو لە پرسی بەرجام لەگەڵ ئامریکا وتووێژ بکرێ”، هێندەی نەخایاند لە میدیاکانی ڕێژیم سانسۆر کرا.
شیاوی پرسی وتووێژی ئێران و ئامریکا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە دەوڵەتی تڕامپ بە کشانەوە لە ڕێککەوتنی بەرجام و وەگەڕخستنەوەی گەمارۆکان بۆ سەر ئێران، دەیهەوێ لە رێگای پلانی لاوازکردنی ئابوورییەوە ، کۆماری ئیسلامی ناچار بە وتووێژبکات بۆ گۆڕینی ڕەفتار و ڕەچاوکردنی پڕنسیپە نێودەوڵەتییەکان.
لەو پێوەندییەش دۆناڵد تڕامپ رایگەیاندبوو: ئامادەیە لەگەڵ حەسەن روحانی دیداری هەبێ بەڵام هیچکات ڕێککەونێک دیکە وەکوو بەرجام قەبووڵ ناکات.
ئامریکا خوازیاری ئەوەیە، کۆماری ئیسلامی واز لە ڕەمبازێن و ئاژاوەنانەوە لە ناوچەکە بهێنێ و بەدوای چەکی ناوکییەوە نەبێ و، هەروەها کۆمەلێک داوکاریی دیکە کە تائێستا کۆماری ئیسلامی ملی بەو داوکارییانە نەداوە.