هێزەکانی پاراستنی بینای شۆرای شاری زاهدان، بە هۆی لەبەرکردنی جلی بەلووچی هۆشداریان داوە بە نوێنەرێکی شۆرای شار.
هێزەکانی بەشی پاراستنی بینای شۆرای شاری زاهدان، لە کاتی چوونە ژووری “شەبەخش گورگیج”، نوێنەری پارێزگای سیستان و بەلووچستان لە شۆرای باڵای پارێزگاکان کە جلی بەلووچی لەبەر بووە، بە شێوەی توند هەڵسوکەوتیان کردووە و هۆشداریان داوە کە جلی بەلوچی لەبەر نەکات.
پێشتریش، ئەو نوێنەرەی سیستان و بەلووچستان لە کاتی چوونە ژوورە بۆ نێو بینای مەجلیسی ڕێژیم، هێزەکانی پاراستنی مەجلیس ئەو نوێنەرەیان بە هۆی ئەوەی کە جلی بەلووچی لەبەر بووە پشکنیوە جا ئیزنی چوونە ژووریان پێداوە.
شەبەخش گورگیج، لەسەر هەڵسوکەوتی هێزەکانی پاراستنی مەجلیسی ڕێژیم و دەزگاکانی دیکە بە نیسبەت لەبەرکردنی جلی بەلووچی، ناڕەزایەتی خۆی دەربڕیوە و وتوویەتی: ئەگەر بەڕاستی ئێمە ناناسن، یاسایەک دابنێن کە کەس جیا لە جلی فارسی کە هەر ڕۆژەو مۆدی خۆی لە شوێنێک وەردەگرێ، جلێکی دیکە لەبەر نەکات و، پێیان بڵێن کە نەتەوەکانی ئێران کولتوری جیاوازییان هەیە.
هەروەها ناوبراو ڕخنەی لە بەرنامەکانی دەنگ و ڕەنگی ڕێژیم گرتووە و باسی لەوە کردووە کە جلی بەلووچی وەکوو جلی شەڕەنگێزی نیشان دەدەن و، هەڵاواردن لە دەزگاکانی ڕیژیم یەکجارە زۆرە.