جێگری وەزیری زانست لە کاروباری نێونەتەوەیی ڕێژیم، باسی لەوە کردووە کە ژمارەیەکی بەرچاو لە خوێندکاران لە ئەمساڵدا بە ئامانجی کۆچکردن لە ئێران، وازیان لە خوێندن هێناوە.
حوسێن سالار ئامۆلی، جێگری وەزیری زانست لە کاروباری نێونەتەوەیی ڕێژیم ڕایگەیاند: ئەمساڵ ڕێژەیەکی بەرچاو لە خوێندکارانی ئێرانی وازیان لە خوێندن هێناوە، بە مەبەستی کۆچکردن لە ئێران و، نیازیانە لە دەرەوەی وڵات درێژە بە خوێندن بدەن؛ بەڵام ناوبراو هیچ ئاماژەیەکی بە ڕێژە ئەو خوێندکارانە نەکرد کە پاکانە حیساب لە زانکۆکان دەکەن.
هەروەک دیارە خوێندکارانی زانکۆکانی ئێران بە هۆکارگەلێکی وەکوو: فەزای داخراوی زانکۆکان، نەبوونی پێداویستی پێویست بۆ خوێندن، لە خوارەوە بوونی ئاستی زانستیی زانکۆکان، ئیدئۆلۆژیکبوونی سیستمی پەروەردەیی زانکۆکان، نەبوونی داهاتوویەکی ڕوون دوای تەواوکردنی خوێندن و …هتد، واز لە خوێندن دێنن.