وەزارەتی نەوتی ئێران ھەڵسەنگاندنی بۆ زیادبوونی خواستی نەوت لە بازاڕەکان و دابەزاندنی نرخی نەوت لەلایەن چەند وڵاتێکی دیکەی ھەناردەکاری نەوت کرد، نرخی نەوتی خاویشی دابەزاند.
بە پێی هەواڵی ئیرنا بەرپرسێکی وەزارەتی نەوتی ئێران کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێ راگەیاندووە کە وڵاتەکەی بڕیاری دابەزاندنی نرخی نەوتی خاوی داوە.
ئەو بەرپرسەی ئێران دەڵێ: کە زیادبوونی خواستی نەوتی خاو و دابەزاندنی نرخی نەوت لە لایەن چەند وڵاتێکی دیکەی ھەناردەکارەوە لەبەرچاو گیراوە، بۆیە ئەوانیش بڕیاری دابەزاندنی نرخی نەوتیان دەرکردووە.
ئەو بەرپرسەی ئێران ھیچ زانیارییەکی لەبارەی رێژەی دابەزاندنی نرخەکە ئاشکرا نەکردووە، بەڵام بەشێکی راگەیاندنەکانی ئەو وڵاتە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ، ئێران ٦٠ تا ٨٠ سەنتی لە فرۆشتنی نرخی نەوت بۆ هەر بۆشکەیەک دابەزاندووە.
ئێران رۆژانە دوو میلیۆن و ٢٠٠ ھەزار بۆشکە نەوتی خاو ھەناردە دەکا و، نیوەی ئەم بڕەش بۆ وڵاتانی چین و ھیند دەنێرێ، ھاوکات سەدی ٢٥یشی بۆ وڵاتانی ئورووپا و هەروەها بەشێکیشی بۆ کۆرەی باشوور و ژاپۆن دەنێرێ.
شیاوی باسە هاوکات لەگەڵ دابەزینی ڕادەی هەناردەکردنی نەوتی ئێران بۆ دەرەوە، روحانی وێڕای بەرپرسە سەربازییەکان هەڕەشەی داخستنی “تەنگەی هورموز” وەکوو ئاوڕێگایەکی نێودەوڵەتی بۆ گواستنەوە جیهانییەکان دەکات.
لە بەرانبەریش ئامریکا داخستنی ئەو ئاوڕێگایە بە هێڵی سوور دەزانێ و بە توندی هەڕەشەی لە کاربەدەستانی ئیران کردووە.
شیاوی باسە ١٣ خەزەڵوەری ٩٧ خولی دیکە لە گەمارۆەنوێیەکانی ئامریکا بۆ سەر ئێران دەسپێدەکا کە کەرتی نەوت وگاز و زێڕ دەگڕێتەوە، ئەگەر تا ئەوکات دەوڵەتی تاران، مل بە داواکارییەکانی واشنگتۆن نەدات، ئێران تووشی خەسار و زیانی زیاتری ئابووری دەبێ. بەتایبەتی کە ئامریکا هەموو هەوڵی خۆی وەگەڕ خستووە کە تاپێش ١٣ی خەزەڵوەر، قەناعەت بە وڵاتانی ئورووپایی بهێنی کە واز لە سات وسەوادی بازرگانی لە ئێران بهێنن.