جێگری ڕێكخراوی مودیرییهتو پلاندانانی ئێران ده‌ڵێ، له ساڵی كۆتایی ده‌وڵه‌تی ئه‌حمه‌دی نژاددا بڕی پڕۆژه‌و به‌ڵێنییه له ناكاوه‌كان زیاتر له دوو به‌رابه‌ر گه‌شه‌ی كردوه، كه به له‌به‌ر چاوگرتنی بارودۆخی بوودجه‌ی ساڵ ١٣٩١، جێبهجێو ته‌واوكردنیان پێویستیی به ١٩ ساڵ کات هه‌یه.
به‌پێی قسه‌كانی عه‌لیڕه‌زا ساڵح له ساڵی ٩١ دا ژمارەی پڕۆژه‌كانی ئاوه‌دانكردنه‌وه لە ده‌وڵه‌تی ئه‌حمه‌دی نژاددا، ١٣٠٠ گه‌ڵاڵه بووه كه پێویستیی به بوودجهیەکی ٦٠٠میلیارد تمه‌نی بووه. ناوبراو ده‌ڵێ ئەو پڕۆژانە له ساڵی ٩٢ دا ژمارەیان بۆ ٢٩٠٠ پڕۆژه زیادی کردوە كه بوودجه‌ی پێویستیش بۆ تەواوکردنیان هەر نەبێ ٤٠٠ هه‌زار میلیارد تمه‌نە.
ساڵحی له درێژه‌دا ده‌ڵێ پڕۆژه‌كانی ساڵی ٩١ ماوه‌ی ٥ ساڵیان پێویست بوو كه جێبه‌جێ بكرێن. به‌ڵام به له‌به‌ر چاوگرتنی بوودجه‌ی ساڵی ٩١ و به‌رزبوونه‌وه‌ی ژمارەی ئه‌م پڕۆژانه، كاتێك حه‌سه‌ن ڕۆحانی دێتە سەرکار دەبینێ پڕۆژه‌ی ئاماده‌ی بۆ ماوه‌ی ١٩ ساڵی دیكه‌ی هه‌یه.
كاربه‌ده‌ستانی ده‌وڵه‌تی ڕۆحانی، پێشتریش ئاماژه‌یان به مانه‌وه‌ی ٢٩٠٠ پرۆژەی نیوەچڵ لە سەردەمی دەوڵەتی ئەحمەدی نژاددا كردبوو. بۆ نموونه محه‌ممه‌دباقر نۆبه‌خت، وته‌بێژی ده‌وڵه‌تی ئێران كه له خه‌رمانانی ساڵی ڕابردوودا ئه‌م ئامارەی پشتڕاست كردبۆوه. له‌هه‌مان كاتدا كاربه‌ده‌ستانی ده‌وڵه‌ت به بڵاوکردنەوەی ئاماری ناڕوون، قسه‌یان له‌سه‌ر ته‌وابوونی هه‌موو پڕۆژه نیوه‌چڵه‌كان ده‌كرد كه پێویستیان به ماوه‌ی ٢٤ تا ٤٠ ساڵ کات هه‌یه.
شایانی باسه كه له ماوه‌ی 2 ساڵی ڕابردوودا كاربه‌ده‌ستانی ده‌وڵه‌تی ڕۆحانی ئاماژه‌یان به یه‌كێك له پڕۆژه نیوه‌چڵه‌كانی ده‌وڵه‌تی پێشوو به ناوی “مه‌سكه‌نی مێهر” كردوه. كاربه‌ده‌ستانی ده‌وڵه‌ت لهپیوەندی لەگەڵ ئاوسانی، ته‌رخانكردنی بوودجه یان كهموكۆڕیی خزمه‌تگوزاریی ژێرخان‌و بنەمایی رەخنەی زۆریان لەم گه‌ڵاڵه‌یه هەیە.