قەیرانەکانی بەردەم کۆماری ئیسلامیی ئێران هەتا دێ زیاتر دەبێ و، هەرئەمەش بۆتە هۆکارێک کە تەنانەت دەمڕاستەکانی رێژیم دان بە کەمتەرخەمیی بەرپرسان و دەسەڵاتدارانی وڵات دابنن.
لە گرتە ڤیدیۆیەک کە لە قسەکانی نوێنەری شاری ئیزە لە پارێزگای خووزستان بڵاو کراوەتەوە، ئەو نوێنەر بە ڕاشکاوی سەرجەم بەرێوەبەران و، بەرپرسانی ڕێژیم لەهەمبەر دۆخی خراپی ئابووری و کۆمەڵایەتیی ئێران بە تاوانبار دەزانێ.
هەدایەتوڵڵا خادمی نوێنەری خەڵکی ئیزەو باغمەلەک لە قسەکانیدا وێڕای ئاماژەدان بە کێشە و گرفتەکانی خەڵکی جیاجیای ئێران لە کۆڵبەران کورد تا هەژار هێشتنەوەی پارێزگاکانی لۆڕستان و بەلووچستان ، دەڵێ: ئاکامی چواردەیە دەسەڵاتداریەتیی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی تێکدانی دۆخی ئابووری و شکاندنی کەرامەتی مرۆڤایەتی و نەهێشتنەوەی بنەما ئیخلاقی و ئینسانییەکان بووە.
هەدایەتوڵڵا خادمی لە دڕیژەی قسەکانی کە لەمانگی گەلاوێژی ئەمساڵ لە مەجلیسی شوڕای ئیسلامی دەڵێ: مێژوو دەریدەخات کە زۆربەی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە ئاست لە ناوبردنی باوەڕبەخۆ کردن و هەروەها خیانەت کردن بە خەڵکی خۆیان تاوانبارن، ئەگەر ئێمە دروشمی مەرگبەر ئامریکا و ئنگلیز دەڵێنەوە ئەی بۆی منداڵانی زۆربەی بەرپرسانی ئێمە پەنابەری ئەو دوو وڵاتەن و، بۆ ئەو دوو وڵاتە وەدەریان نانێ ئەگەر سات وسەودای سیاسی نەکراوە؟
ئەو نوێنەرە مەجلیسە بەڕاشکاوی باس لە بەرفراوانی گەندەڵیی ماڵی و کەمتەرخەمیی بەرپرسانی ڕێژیم دەکاو لەو پێوەندییەشدا دەڵێ: نیزیک بە چل ساڵە لانیکەم ٢٠٠ بنەماڵە چارەنووسی خەڵکی ئێرانیان بە بارمتە گرتووە.
دەگوترێ ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانە و هاتنە سەرشەقامی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران، ترس ودڵەڕاوکێی خستووتە گیانی بەرپرسانی رێژیم و هەست بە رووداوێکی مەترسیدار دەکەن .