پێشنیوەڕۆی رۆی دووشەممە ٢٢ی گەلاوێژ رێبەری باڵای ڕێژیم سەید عەلی خامنەیی لە دیدار لەگەڵ دەیان کەس لە خەڵکی شارە جیاجیاکانی ئێران سەبارەت بە دۆخی سیاسیی ئێران و، کۆمەڵێک پرسی نێوخۆیی وڵات قسەی کرد.
خامنەیی بە باس کردن لە هەلومەرجی ئێستای ئێران دیسانەکە هەوڵیدا بە چەواشەکردنی ڕاستییەکان، وا نیشان بدات کە قەیرانەکان چارەسەر دەبن و، بەجورێک باسی لە یەکڕیزیی خەڵکی ئێرانی کرد و بە توندی هێرشی کردە سەر ئامریکا.
رێبەری ڕێژیم لە سەرەتای قسەکانیدا بە باس کردن لە چوونەوەدەری ئامریکا لە ڕێککەوتنی بەرجام، هەرچەشنە دانوستان کردنی لەگەڵ ئەو وڵاتەی ڕەت کردەوە.
لە بەشێک لە قسەکانیدا وتی: نە ئێمە دەسپێشخەری شەڕ لەگەڵ ئامریکاین ، نە ئامریکاش هێرش دەکا و، نە وتووێژیش دەکەین.
خامنەیی بە ئاوردانەوە لە ڕەوشی خراپی ئابووریی ئێران و ناڕەزایەتییەکان، هۆکاری گرفتەکانی گەڕاندەوە بۆ لاوازی دەوڵەت و هەوڵی دا ، باس لە کاریگەریی گەمارۆکانی ئامریکا بۆ سەر وڵاتەکەی نەکات.
جێیئاماژەیە ڕێبەری باڵای ڕێژیم لەسەر ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ تێکدەرانی بازاڕی ئێران پێداگری کردەوە، ئەمەش بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ دەمکوت کردنی خەڵکی ناڕازی.
سەید عەلی خامنەیی لە قسەکانی ئەمرۆ دووشەممە، هەوڵی دا، دەوڵەتی روحانی لە ئاست کەمۆڕییەکان و بەتایبەتی لە سەر پرسی ناوکی بە تاوانبار بزانێ و خۆی بێبەری بکات.
لەو پێوەندییەدا ڕاشکاوانە هەرچەشنە دانیشتن و وتووێژە لە گەڵ ئامریکای ڕەت کردەوەو گوتی: ئێمە وتووێژ لەگەڵ ئامریکامان تاقی کردووتەوە، لەسەر بەرجام هەڵەم کرد کە ڕێگەم دا بۆ گفتوگۆ کردن لەگەڵ ئەو وڵاتە، هەرچەند هێڵەسوورەکان پارێزران بەڵام بە وتەی سەرۆک کۆمار ئەگەر ئامووژگارییەکانی من نە دەبوو، ئیمتیازی زیاتر بە ئامریکا دەدرا.
نوێترین هەڵوێستی ڕێبەری ڕیژیم بەدژی ئامریکا و تاڕادەیەک ڕەخنەگرتن لە دەوڵەتی روحانی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە دوای کشانەوەی ئامریکا لە ڕێککەوتنی بەرجام دۆخی ئابووریی ئێران شڵەژاوەو ئەو وڵاتەی لەگەڵ گرفت رووبەڕوو کردووتەوەو خەڵکی ناڕزای ئێران ، چەندین مانگە دروشمی بمرێ دیکتاتۆریان بەزرکردووتەوە و هەربۆیە رێبەرانی کۆماری ئیسلامی هەرکامەو بە جۆرێک لە هەوڵی هێور کردنەوەی دۆخەکە دان.