بە وتەی بەرپرسێکی حکوومی گریمانەی داخرانی کۆی شیرکەتە فڕۆکەوانییەکانی ئێران دەکرێ.
بە دوای هەواڵی بڵاوبوونەوەی دوو بەرابەر بوونی نرخی بڵیتی فڕۆکە لە ئێران، جێگری وەزیری ڕیگا، ڕایگەیاند؛ کە شیرکەتە فڕۆکەوانییەکان ، بە هۆی پێنەدانی دراوی دەوڵەتی لەلایەن بانکی ناوەندییەوە ئەگەری داخرانیان زۆرە.
مێهردادتەقیزادە رۆژی یەکشەممە ٢١ی گەلاوێژ لە وتووێژێکی ڕادیۆییدا ئاشکرای کرد کە بانکی ناوەندی دراوی دەوڵەتی نادات بە شیرکەتە فڕۆکەوانییەکان و ئەوانیش ناچارن بە دراوی ئازاد خۆیان بەڕێوە ببەن و هەر ئەمەش وای لێکردووە کە ئەو شیرکەتانە درێژە بە کارەکانی خۆیان بدەن.
دەگوترێ بانکی ناوەندی پێدانی دراوی دەوڵەتی بە شیرکەتە فڕۆکەوانییەکان نیزیک بە مانگێکە ڕاگرتووەو هەرئەمەش ئەوانی تووشی کێشەو گرفت کردووە.
لە هەمان کات بە پێی هەواڵدەریی ئیسنا، نرخی دراوی دەوڵەتی ئایرلاینەکان، لە ٤٢٠٠ تمەن بۆ ٨٠٠٠تمەن هەڵکشاوە.
هەروەها حورمەتوڵڵا ڕەفیعی سەرۆکی ئەنجومەنی سینفی موسافیرەتی ئێران، رۆژی ١٩ی گەلاوێژ باسی لەوە کرد کە نرخی بڵیتی فڕۆکە، بۆ سەفەرە بیانییەکان، دوای سیاسەتی دراوی نوێی حەسەن روحانی، دوو تا سێ بەرابەر بەرز بووتەوە.
دۆخی ئابووری ئێران لە مانگەکانی ڕابردوو دوای بڕیاری ترامپ لە کشانەوە لە ڕێککەوتنی بەرجام تووشی شڵەژاوی زۆر بووەو لەم ماوەیەدا نرخی ریاڵ بە شێوەی بەرچاو دابەزیوەو لە بەرابەر نرخی دۆلار هەڵکشاوەو نرخی کەلوپەل و پێداویستییەکانیش زیادی کردووەو هەرئەمەش شەپۆلێک لە ناڕەزایەتی خەڵکی لێکەوتووتەوە.
ئەمە لە کاتێكدایە کەسانی نیزیک بە ڕێبەری بۆ ئەوەی دان بە کاریگەرییەکانی گەمارۆەکانی ئامریکا دانەنن، لەو بارەوە لاوازی دەوڵەت و کەسانی کەڵکئاژۆ بە تاوانبار دەزانن.
چوونەوەدەرەوەی ئامریکا لە ڕێککەوتنی بەرجام بۆتە هۆی هەڵوەشانەوەی گرێبەستی کڕین و فرۆشی فڕۆکە بە ئێران، هەر ئەمەش کەرتی فڕۆکەوانیی ئێرانی تووشی کێشە کردوە.