بەداخەوە ڕۆژی 11´8,2018 ە لە شاری دارمشتادی وڵاتی ئاڵمان بەهۆی ڕووداوی هاتووچۆ بەهارەی تەمەن 8 ساڵان چاوە پڕ لە هیواو ئارەزووەکانی لێکدەنێت و ماڵاوایی لە ژیان و ئارەزووەکانی دەکات.
بەهارە کچی جەهانگیر قوربانی،کوڕی ڕەحمان قوربانیە.
ڕەحمان قوربانی ناوێکی ناسراو و دیاری ناوچەی کامیاران،هاوشار،سنە هەورامان،مەریوانەو تێکۆسەرێکی خۆشناوی نێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکڕات و خەڵکەی کوردستانە.
کاک ڕەحمان و بنەماڵەکەی هەمیشە خەم خۆرو مشووخۆری گەلە زوڵم لێکراوەکەی و بێبەش لە خۆشی ئاسوودەییەکانی ژیان بووە،
لە هەندەران و تاراوگە نشینیش هەر هەڵگری ئەو خەم و مەینەت و بارە قوورسەی بووە.
هەربۆیە منداڵەکانی و نەوەکانیشی بە بیرو هزری کوردایەتی و نەتەوە خۆشەویستیەوە گۆش کردوون و پەروەردەی کردوون کە،بەهارەی پەپولە ئاسا و دڵ پڕ لە خۆزگەو ئاوات یەکێک بوو لە نەوەکانی.
بەهارەی ژیر و وریا و کەم تەمەن،بەڵام زیرەک و وریا و پیتۆڵ،هەمیشە بۆنەو بەرنامەو جێژنەکانی حیزبی دێموکڕاتی بە هەست و سۆزی ژیرانە و کوردانەی دەڕازاندەوە و دڵی بەشداربووانی بە داهاتووی خۆیی و گەلەکەی پڕ هیوا و خۆش دەکرد.
هەرکەس بۆجارێک گوێ بیسی لێدوان و وتەکانی بەهارەی تەمن هەشت ساڵان ببوایە،واق دەماو بۆماوەیەکی بەس دەیڕوانیە چاوە وریا و دووربینەکانی و گەشبین بە داهاتوویەکی ڕوون و درەوشاوە.
شێعر و هۆنراوەکانی بەهارە بوونە وێردی سەر زارانی هاوسن و ساڵەکانی خۆی.
کۆمیتەی حیزبی دێموکڕات لە ئاڵمان،
بە بۆنەی کۆچی نابەوەختی بەهارەی دڵ پڕ لەخۆزگە،سەرخۆشی لە دایک و باوکی و بنەماڵە شۆڕشگێڕ سەربەرزەکەیان،بەتایبەتی کاک ڕەحمان و دادە ڕەعنا دەکات و خۆی بە هاوخەمیان دەزانێ.
سبووری و سەر ساغیان بۆ بەئاوات دەخوازین و ئاخرین خەمیان بێت.