لە درێژەی ناڕەزایەتی و مانگرتنی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران بە نیسبەت کەمتەرخەمیی بەرپرسان و گرانی لەڕابەدەر، ئەمرۆ یەکشەممە ٢١ گەلاوێژ بەشێکی دیکە لە کاسبکاران و دوکاندارانی بازاڕی پێڵاوفرۆشی تاران مانانیان گرت و، بە دژی رێژیم دروشمیان دا.
مانگرتنی چین و توێژەکان و سینفە جیاجیاکانی ئێران لە کاتێکدایە کە رۆژبەدوایرۆژ نرخی کەلوپەلەکان دەچێتە سەرو دابەزینی نرخی دراوی ئێرانی خەساری زیاتری بەخەڵکی بێدەرەتان گەیاندوە.
لە لایەک دیکەش دەمڕاستەکانی نیزام یەکدی بە تاوانبار دەزانن و، لە ئاستی ڕاگرتنی ئابووری وڵات و دۆخی گرانی دەستەوەستان ماون.
سەرۆک کۆماری ئێران حەسەن روحانی لە چاوپێکەوتنێکی تلەفیزیۆنیدا چەند شەو لەمەوپێش کۆمەلیک وادەو بەڵینی دووپات کردەوە.
هەروەها ڕێبەری نیزام لە وڵامی نامەی سەرۆکی دەزگایی قەزایی ئێران ، مانگرتووانی بە تێکدەری نیزام ناوبردوەو بە توندی هەڕەشەی لێیان کردوە.
شیاوی باسە لە دوای کشانەوەی ئامریکا لە ڕێککەوتنی بەرجام و وەگەڕ خستنەوەی گەمارۆە نوێیەکان بۆ سەر ئێران، ئابووری ئەوڵاتە هەرەسی هێناوەو هەر ئەمەش بۆتە هۆکارێک بۆ هاتنە سەرشەقامی خەڵک.
بە پێی قسەی کارناسانی سیاسی و ئابووریناسان ، دەوڵەتی تڕامپ دەیهەوێ لە شەڕێکی ئابووریدا، چوک بە کۆماری ئیسلامی دابهێنێ و، ناچاری بکا مل بە پرنسیبەکان و چوارچێوە نێودەولەتییەکان بدات.