دوای ئاگرتێبەردانەکانی دارستان و ژینگە و کێوەکانی کوردستان کە ئەوساڵیش وەک ساڵان لە ئیلامەوە دەستی پێکردبوو، درەنگانی ئێوارەی دوێنێ پاش مەریوان و جوانڕۆ بانە و بۆکان و مهاباد و سەردەشت دەستە دیار و نادیارەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان ئاویەری سنەیان ئاگرتێبەردا.
ئەگەرچی هەواڵنێرانی کوردستان و کورد و سەرچاوەکانی هەواڵی دیکەو شایەتحاڵانی سنەیی لە دوێنێ شەوەوە زۆر بە وردی هەواڵەکانی تایبەت بە هەڵقرچانی ئاویەریان بڵاوکردووتەوە بەڵام لەم راپورتەدا تەنیا ئاماژە بە یەک سەرچاوە دەکەم ئەویش ماڵپەڕی حکوومەتی مێهرە کە دەڵێ،” لەو سووتمانەدا هەموو ناوچەی ئاویەر سووتاوەو نەک هەر بناری ئاویەر بەڵکوو دارەکانی پارکی جەنگەڵیی ئاویەریش سووتان”. بۆیە تەنیا ئاماژە بە راپورتی ماڵپەڕێکی خودی حکوومەت دەکەم کە پێش لە هەموو شتێک ئەو پرسیارە لە خودی دەوڵەتمەدارانی کۆماری ئیسلامی بکەم کە ئەو راپورتە نە هی سەهیونیزمی جیهانی و نە هی ئستکباری جیهانیە، ئەی مادام بۆ خۆتان ئاگاداری رادەی کارەساتەکەن بۆچی پێش بەو ژنوسایدە سەوزە ناگرن کە چەندین ساڵە لە کوردستان لە لایەن دەستە دیار و نادیارەکانی خۆتانەوە دەست پێکردوە . خۆ ئەوە یەکەم جار نیە کە ئاویەر ئاگری تێبەردەدرێ، خۆ هەر ئەو ساڵ و چەند حەوتوو لەوەپێش بوو کە ئاگرتێبەردانەکان لە ئیلامەوە بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە و نامرۆڤانە دەستی پێکرد و پاشان جوانڕۆ و مەریوان و بانە و بۆکان و مهاباد و سەردەشت و ئێستاش دیسان ئاویەری گرتووتەوە.
خۆ جوابی پرسیارەکە زۆر روون و ئاشکرایە دەبا هەموو خەڵک و هەموو لایەنەکان و رێکخراوەکانی ژینگە پارێزی لە هەموو دنیا ئاگادار بن کە سووتاندنی ژینگە و دارستان و شاخ و کێوەکانی کوردستان کاری خودی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران و دست و پێوەندیەکان و گوێ لە مستەکانی ئەو رژیمە لە کوردستان دایە.
رەنگە ئەو پرسیارە بکرێ کە ئاگر کەوتنەوە لە هەموو وڵاتان لە وەرزی هاویندا روودەدا و خۆ ئەوە تەنیا کوردستان نیە دارستانەکانی ئاوری تێبەردەبێ، بەڵێ وایە بەڵام پرسیار ئەوەیە کە راستە وەرزی گەرما ئەو رووداوانەی بە دواوە دەبێ بەڵام ئەرێ لە کامە وڵاتی دنیایە ئاور کەوتنەوە شار بە شار و گوند بە گوند و بست بە بستی ئەو وڵاتە دەگرێتەوە و کەسیش خۆی لە بەرانبەریدا بە بەرپرسیار نازانێت و نە تەنیا یارمەتی خەڵک نادەرێ بۆ گوژاندنەوەی ئاگرەکە تەنانەت پێش بە خەڵکیش دەگرن کە ئاگرەکە نەکوژێننەوە.
بە وتەی چالاکانی ژینگە پارێزی لە شارەکانی کوردستان کە لەوەها حاڵەتگەلێکدا وەپێش خەڵکی خۆیان دەکەون و بە دەستی بەتاڵ دەچنە شەڕی ئاگری داسەپاوی دەستی سپای پاسداران، بەرپرسانی ئەمنیەتی زۆر جار بانگیان دەکەن و لەوپێوەندیەدا هەڕەشەیان لێدەکەن. یەکێک لە شایەتحاڵانانی دوێنێ شەوی ئاویەریش هەر ئەوەی بە هەواڵنێری کوردستان و کورد وت کە له سهرهتای ئاگرکهوتنه که دهکرا پێشێ پێ بگیرێ خهڵکێکی زۆر ویستوویانه به هانای ئاویهرهوه بچن، بهڵام لهلایهن ناوهنده ئهمنیهتییهکانهوه ڕێیان پێگیراوه، ئهوهش وایکردوه بواری ئاگرهکه خۆشترو زیاتر بێ؛ بهڵام که دوایه ئاگهره له ڕووبهرێکی زۆردا پهرهی سهندوه، خهڵکهکه بێ گوێدانه رێگرییهکان به گژی ئاگرهکهدا چوونهتهوه.
دیسان لەو پێوەندیەدا جیا لە وتەی چالانی مەدەنی و ژینگەپارێزی و شایەتحالانی رووداوەکە قسەی یەکێک لە نوێنەرانی خەڵکی سنە لە مەجلیسی شۆرای ئیسلامی سەید ئەحسەن عەلەوی بۆ وێنە دێنمەوە کە دەڵێ ئاویەر بووە قوربانیی بێ مشووریو بێخەمیی کاربەدەستانی ئەو شارە.
ئەو دەڵێ لە سێ ساڵی ڕابردوودا ئاویەر چەند جار سووتاوە، بەڵام دەرکەوت کە ئەوە کاربەدەستانی ئەم شارەی نەهێناوەتە سەر ئەو بڕوایەی دەبێ خەمێک لەو کارە بخۆنو لە سەعاتەکانی یەکەمی ئەو سووتمانەشدا دەرکەوت کە ئەوان لە بەرامبەر سووتانی نمادی شاری سنەدا بێ تواناو دەستەوستانن.
لە کۆتاییدا هەر ئەوەندە دەڵێم کە مادام هەموو لایەک هۆکاری ئاگرکەتنەوەکانی کوردستان دەزانن و یان وەکوو هەندێ لە بەرپرسانی خودی حکوومەت ناوێرن بە ئاشکرا بڵێن کە کار کاری ناوەندە ئەمنیەتیەکان و بە تایبەت سپای پاسدارانە و بە هەر ناوێک کە ناوی دێنن ئەرکی سەرشانی هەموو لایەکمانە کە چیمان لە دەست دێ بۆ رزگار کردنی ژینگەی کوردستان دریغی نەکەین. لێرەدا ئەرکی سەرشانی چالاکانی مەدەنی و شۆرای شار و نوێنەرانی مەجلیسە کە وەپێش خەڵکەکە بکەون و کارێک بکەن ناویان لە مێژوودا بە رووسووری بمێنێتەوە.