ئەمڕۆ ١٩ی گەلاوێژ لە دەسپێکی یاری تۆپی پێ لە نێوان تیمی تڕاکتۆرسازی تەورێز و ئیستقلالی تاران لە یاریگای ئازادی، بەشداربووان بە هۆی میلیتاریز کردنی کەشی یاریگا، دروشمی مەرگبەر دیکتاتۆریان گوتەوە.
بە پێی ئەو وێنە وگرتە ڤیدیۆییانەی کە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاو کراوەتەوە خەڵکی بەشدار لە نێو یاریگا بە دژی دەسەڵات دروشمیان داوەو، هێزە ئەمنیەکانیش پەلاماری خەڵکی سەیرکەریان داوە.
هێنانی ماشینی دژە شۆڕش بۆ یاریگای ئازادی و مۆڵدانی هێزێکی زۆری ئەمنی و ئینتیزامی کە بە پێچەوانەی گرێبەست و پڕنسیبە نێونەتەوەییەکانە لە بوواری وەرزشی، تووڕەی خەڵکی لێکەوتەوەو هەروەهاش دەگوترێ پێش گرتن لە هاتنە ژووری هاووڵاتیانی ئازەری و لایەنگرانی تیمی تڕاکتۆرسازی تەورێز بۆ نێو یاریگای ئازادی تاران، زیاتر خەڵکی تووڕە کردوەو بۆتە هۆی هاتنە ئارای گرژی و تێکهەڵچوون لە نێوان خەڵک و هێزە ئینتزامییەکان.
وێنە بڵاو کراوەکان باس لە برینداربوون و دەسبەسەرکرانی بەشداربووان لە یاریگای ئازادی تاران دەکا.
شیاوی باسە ماوەیەکە خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران لە هەر دەرفەتێک بۆ بیزاری نواندن لە کۆماری ئیسلامی کەڵک وەردەگرن و، بە دژی دەسەڵات دروشم دووپات دەکەنەوە.